لایەنە شیعییەکان دەستیان کردووە بە ناردنی پەیامی چڕ بۆ سەدر
سبەى
لایەنە شیعییەکان دەستیان کردووە بە ناردنى پەیام بۆ حەنانە شوێنى نیشەجێ بوونى موقتەدا سەدر و چاویان لەدەنگەکانى رەوتەکەیەتى، دواى ئەوەى پرسی بەشدارینەکردنى لە هەڵبژاردن یەکلایکردەوە.
پەیامى چڕ بۆ حەنانە
بەپێی سەرچاوەیەکی نزیک لە سەدر، گفتوگۆکان لەگەڵ سەدر، سەبارەت بە ئەگەری لایەنێک کە رەنگە پشتیوانی بازنەی سەدرییەکان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بەدەستبهێنێت بەردەوامە، ئەوەش بەپێی رۆژنامەى مەداى عێراقى.
تا ئێستا هیچ وەڵامێکی یەکلاکەرەوە لەلایەن سەدرەوە نەدراوەتەوە، کە بەردەوامە لە "بێهیوایی"، بە وتەی پەرلەمانتارێکی پێشووی سەدر، لە ئەنجامی پاشەکشەکردنی هاوبەشە سیاسییەکانی لە بەڵێنەکانى پێشوویان.
بەپێى رۆژنامەکە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لایەنە شیعییەکان دەستیان کردووە بە ناردنی پەیامی چڕ بۆ سەدر، لە ڕێگەی نێوەندگرەکانەوە، هەوڵدەدەن رازى بکەن کە ئەوان ئەو مەرجانە جێبەجێ دەکەن کە دیاریکردووە بۆ پشتیوانیکردنى هەر لیستێک لە هەڵبژاردندا.
زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زۆربەی هێزە شیعییەکان لە ئێستادا بەدوای "ڕازیکردنی سەدر"دا دەگەڕێن، بەو هیوایەی کە سەرمایەگوزاری لە نزیکەی یەک ملیۆن دەنگدەری سەدریدا بکەن کە بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢١دا کردووە.
سەرچاوەکان دووپاتی دەکەنەوە کە پەیامەکانی شیعە بۆ سەدر نەوەستاون لەو کاتەوەی کە لە هاوینی ٢٠٢٢ وازهێنانی لە سیاسەت ڕاگەیاند، بەڵام لەم دواییانەدا چڕتر بووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە "گفتوگۆکانی حەنانە"ی ئەم دواییەدا ئاشکرا بوو.
دوو ڕۆژ لەمەوبەر ڕێبەری ڕەوتی سەدری بە دەستنووسی خۆی لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس نووسیبووی: ئێمە دەنگ بە چرای ڕێنمایی دەدەین، سواری کەشتیی ڕزگاری دەبین.
پەرلەمانتارێکی پێشووی سەدرییەکان دەڵێت، سەدر ناتوانێت پشتیوانى سەرکەوتنى لایەنێکى گەندەڵ بکات لە هەڵبژاردندا.
هەفتەیەک لەمەوبەر "وەزیری قائید" کە یەکێکە لە نزیکەکانی موقتەدا سەدر، کۆبوونەوەیەکی لە شاری حەنانە ئاشکرا کرد بۆ تاوتوێکردنى بوونی لیستێکى هەڵبژاردن کە "مەرجەکانی سەدر" جێبەجێ دەکات.
ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو پێیوایە "هێشتا لیستى گونجاو بوونی نییە و سەدر ئەزموونی ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنێکی سیاسی و دواتر بێهیواکردن دووبارە ناکاتەوە، وەک ئەوەی پێشتر ڕوویدا".
کلیلى حەنانە
بەوتەى سەرچاوەیەکی ئاگادار لە چوارچێوەی هەماهەنگی، موقتەدا سەدر پابەندە بە بڕیارەکەیەوە بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، سەرەڕای هەوڵی نێوەندگیری بە سەرۆکایەتی بەشێک لە سەرکردەکانی چوارچێوە، کە دیارترینیان عەممار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمەیە.
وتیشى "تا ئێستا هەوڵەکان سەرکەوتوو نەبوون، ئەمەش چوارچێوەی ناچارکردووە پەنا بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ کەسایەتییەکی ئایینی ببات کە متمانەی هەردوولایان هەیە، ئەویش مستەفا ئەلیەعقووبییە، کە بە پەیوەندییە هاوسەنگەکانی لەگەڵ ڕەوتی سەدری و چوارچێوەی هەماهەنگی ناسراوە".
لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی نزیک لە حەنانە رایگەیاند، هەر هەوڵێکی نێوەندگیری شکستدەهێنێت، جەختیشی لەوە کردەوە کە سەدر لەسەر هەڵوێستەکەی خۆی سورە و هیچ نیازێکی نییە بڕیارەکەی بۆ بایکۆتکردن پێچەوانە بکاتەوە.
مەرجەکانى سەدر
هەرچەندە سەدر بە هێڵى سور لە نوسراوێکدا جەختیکردووەتەوە کە بایکۆتى هەڵبژاردن دەکات، بەڵام جەختى لەچەند خاڵێک کردووەتەوە وەک، سەربەخۆیی بەبێ ملکەچبوون، بوونى چەک لەدەستى دەوڵەت، بەهێزکردنی سوپا و پۆلیس، هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان، یەکخستنی هێزەکانی حەشد لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، نیشتمانپەروەری و ئاشکراکردنی گەندەڵکاران و هەوڵدان بۆ چاکسازی، ئەوەش وەک مەرجى ئەو پشتیوانى لیستەکان لێکدەدرێتەوە.
توێژەر و ئەکادیمی ئیحسان شەمەری پێی وایە ئەوەی لە "کۆبوونەوەی حەنانە"ی ئەم دواییەدا ئاشکرا بوو، پێدەچێت "بەرکەوتنێکی سیاسی" بێت، و دووپاتی دەکاتەوە کە سەدر "ناگەڕێتەوە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا".
موقتەدا سەدر بێبەریبوونى خۆى لە 31 ئەندامی رەوتەکەى ڕاگەیاند، چەند کاتژمێرێک پێش ئاشکرابوونی کۆبوونەوەکانی حەنانە، بەهۆی کاندیدبوونیان لە لیستى تایبەت بە گروپە چەکدارەکان.
"موقتەدا سەدر هەوڵدەدات بۆ ئامادەبووانی ڕوون بکاتەوە کە هیچ لیستێک نییە شایستەی پشتیوانی بێت، سەدر نایەوێت بەرپرسیارێتی پاڵپشتیکردنی لایەنێکى سیاسی لە ئەستۆ بگرێت کە بانگەشەی ئەوە دەکات کە بەرنامەیەکی نزیک لە ئەوى هەیە"، ئەوەش بەوتەى شەمەرى.