پەرلەمانی عێراق
سبەی
پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ كۆدەبێتەوە، دانیشتنێكی نائاسایی لەبارەی هێرشە درۆنیەكانی سەر هەرێمی كوردستان و ئاگرەكەی پارێزگای كوت ئەنجام دەدات.
بەپێی خشتەی دانیشتنەكانی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق كە ماڵپەڕەكەی بڵاویكردووەتەوە، بڕیارە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە پەرلەمانی عێراق دانیشتنێكی نائاسایی بۆ تاوتوێكردنی هێرشەكان بە درۆنی بۆمبڕێژكراو بۆ سەر ژێرخانی وزەی هەرێمی كوردستان و ئاگركەوتنەوەكەی پارێزگای كوت بكات.
ئەم دانیشتنە نائاساییە لەكاتێكدایە كە هەردوو ڕووداوەكە كاردانەوەی بەرفراوانیان لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان لێكەوتووەتەوە.
دانیشتنەكە كاتژمێر یەكی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت و بڕگەی یەكەم تایبەتە بە ئاگركەوتنەوەكەی پارێزگای كوت و بڕگەی دووەمیش تایبەتە بە هێرشە درۆنیەكانی سەر هەرێمی كوردستان.
لەماوەی زیاتر لە سێ هەفتەی رابردوەوە، كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان بوونە ئامانجی درۆنە بۆمبڕێژكراوەكان، بەهۆی هێرشەكانیشەوە بەوتەی بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرهەمهێنان لە بەشێكی كێڵگەكان بەشێوەیەكی كاتی وەستاوە و ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ نیوە دابەزیوە.
شەوی 2025-07-16، لە شاری كوت لە پارێزگای واستی ناوەڕاستی عێراق، ئاگرێكی گەورە لە مۆڵێكدا كەوتەوە، دواتر دەركەوت بەهۆی نەبوونی مەرجی تەندروستیی و سەلامەتییەوە بووە، نزیكەی 70 كەس گیانیان لەدەست دا و دەیان كەسی دیكەش برینداربوون.