چەند کارمەندێکی کۆمسیۆن
سبەی
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاشكرایكردووە، 46 كاندیدی هەڵبژاردنی پەرلەیمانی عێراق دوورخراونەتەوە، ئەمەش دوای وردبینی لە لیستی كاندیدان و بەشێكیان بڕوانامەیان نەبووە، بەشێكیشیان بەهۆی پڕكردنەوەی رێژەی ژنانەوە بووە.
عیماد جەمیل، سەرۆكی تیمی ڕاگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:"تا ئێستا ٤٦ كاندید لە هەڵبژاردن بێبەش كراون".
لەبارەی هۆكاری دوورخستنەوەیان سەرۆكی تیمی راگەیاندنی كۆمسیۆن وتی:" چونكە حزبەكانیان نەیانتوانیوە مەرجەكانی كاندیدكردنیان لە لیستەكانی هەڵبژاردنەكاندا جێبەجێ بكەن و مەرجەكانی كاندیدبوونیان تێدا نەبووە".
عیماد جەمیل، ئاماژەی بەوەش كرد، بەگوێرەی یاساكانی كۆمسیۆن ئەو كاندیدانەی كە بڕوانامەیان نییە یان بڕوانامەكانیان لە خوار بەكالۆریۆسەوەیە، نابێت ڕێژەیان لە ٢٠٪ زیاتر بێت.
" بە پشتبەستن بەو یاساییە، ١١ كاندید كە بڕوانامەی ئامادەییان هەیە دوورخراونەتەوە و لە شوێنی ئەوان، ئەو كاندیدانە دانراون كە خاوەن بڕوانامەی بەكالۆریۆسن". عیماد جەمیل وای وت.
بەوتەی سەرۆكی تیمی راگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق: "نابێت نوێنەرایەتی ژنان ڕێژەكەیان لە ٢٥٪ـی ژمارەی كاندیدەكان كەمتر بێت، هەر بۆیەش سێ كاندیدی پیاو گۆڕدراون بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی ئەم ڕێژەیە لە لیستەكەدا بەدەستبهێنرێت".
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رۆژی (11ـی تشرینی دووەمی 2025) بەرێوەدەچێت.
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نۆ هەزار و 726 كاندید خۆیان تۆماركردووە و كێبڕكێ لەسەر 329 كورسی پەرلەمان دەكەن، زیاتر لە 21 ملیۆن كەسیش مافی دەنگدانیان هەیە.
هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق، دەبێتە شەشەمین هەڵبژاردن لە دوای ساڵی 2004ـەوە، سیستمی یەك بازنەیی و دواتر فرەبازنەیی لەسەر ئاستی پارێزگاكان لە چوار هەڵبژاردندا پەیڕەوكرا، لە كاتێكدا دوایین هەڵبژاردنی ساڵی 2021 بەپێی سیستمی فرە بازنەیی ئەنجامدرا و عێراق بەسەر 83 بازنەی هەڵبژاردن دابەشكرا.
چاوەڕواندەكرێت رۆژی 10ـی تشرینی یەكەم بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستپێبكات، بەپێی پەیڕەوی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن، هیچ كاندید و لیستێك ناتوانێت پێش وادەی دیاریكراو لەلایەن كۆمسیۆنەوە بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێبكات..