دەمیرتاش
سبەی
دادگای توركیا داوایەكی پارتی دیموكراسی و یەكسانی گەلانی بۆ ئازادكردنی سیاسییە كوردەكان رەتكردەوە، كە بەپێی بڕیاری دادگای ئەوروپا بۆ مافی مرۆڤ ئەو حوكمانەی لەدژیان دەرچووە لە دۆسیەی "پشتیوانی كۆبانێ" پاڵنەری سیاسیی لە پشتە و مافەكانیان پێشێلكراوە.
بەشی 22 ی دادگای باڵای تاوانەكانی ئەنقەرە رایگەیاند، هۆكاری رەتكردنەوەی داوای "دەم پارتی" بۆ ئازادكردنی هەریەك لە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ هاوسەرۆكانی پارتی دیموكراتی گەلانی هەڵوەشاوە و چەند سیاسییەكی دیكە، "ئەوەیە كە بڕیاری دادگای ئەوروپا بۆ مافەكانی مرۆڤ كۆتایی نییە".
بەپێی بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا كە بارەگاكەی لە ستراسبۆرگە، زیندانیكردنی دەمیرتاش هۆكاری سیاسییە و پێشێلكردنی رێككەوتنی ئەوروپایە بۆ مافەكانی مرۆڤ.
وەك ئاماژەیەك بۆ "دۆسیەی كۆبانێ" دادگای ئەوروپا دەڵێت "دەمیرتاش بێبەشكراوە لەوەی بەرگریی لە دۆسیەكەی بكات، هەروەها رێگری لێكراوە كە پاساوی یاسایی بهێنێتەوە، ئەمەش ترسی جددی نیشان دەدات سەبارەت بە سەربەخۆبوونی یاسا لەو دادگاییەدا".
دادگای ئەوروپا ئاماژەی بەوەشداوە "بڕیاری بەردەوامیی زیندانیكردنی دەمیرتاش لە تشرینی دووەمی 2016 پەیوەستە بەو وتارانەی كە چوارچێوەیەكی سیاسییان هەبووە، هیچ پەیوەندییەكیش نییە لەنێوان ئەو وتارانە و ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی كراون و نەسەلمێندراون".
مەبەستی سەرەكیی زیندانیكردنی دەمیرتاش
بەوتەی دادگای ئەوروپا، مەبەستی سەرەكیی زیندانیكردنی دەمیرتاش "ئاستەنگكردنی چالاكییە سیاسیەكانیەتی"، رێوشوێنەكانیش دژ بەو سیاسییە كوردە بۆ ئەوەیە "گفتوگۆی سیاسی بخنكێندرێت". هەروەها پێویستە لەسەر توركیا "پێبژاردنی دەمیرتاش بكات كە بڕەكەی سێ هەزار و 245 یۆرۆیە لەگەڵ 32 هەزار و 500 یۆرۆ وەك قەرەبووی مەعنەوی و تێچووی دادگاش 20 هەزار یۆرۆ قەرەبوو لەسەر توركیایە".
بڕیارەكەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا سەبارەت بە دەمیرتاش ئەگەر لەماوەی سێ مانگدا تانەی لێنەدرێت دەبێتە بڕیاری كۆتایی، لەلایەن لیژنەیەكی وزاری ئەنجومەنی ئەوروپاشەوە سەرپەرشتی دەكرێت و پێویستیشە هەر ئەو لیژنەیە جێبەجێی بكات.
داواکەی دەم پارتی
پارتی دیموكراتی و یەكسانی گەلان "دەم پارتی" لە 12 ی تەموزی ئەمساڵ، داوایەكی پێشكەش بە دادگای تاوانەكانی ئەنقەرە كرد، بەمەبەستی ئازادكردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ و چەند سیاسییەكی دیكەی دیاری باكوری كوردستان، پێشی وایە "ئەو سیاسیانە وەك بارمتەیەك بەشێوەی نایاسایی لەسەر دۆسیەی كۆبانێ دەستگیركراون". ئەمەش وەك "پلانگێڕییەك" وێنا دەكات.
پارتی دیموكراتی و یەكسانی گەلان "دەم پارتی، سەرپەرشتی ئەو پرۆسەیە دەكات كە لە توركیا دەستیپێكردووەو بووەتە پردی پەیوەندی نێوان حكومەت و حزبەكانی توركیا و عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە، كە لە 15 ی شوباتی 1999 ەوە لە زیندانی ئیمراڵی دەستبەسەرە.
رووداوەكانی كۆبانێ
لەو دادگاییەدا كە 26 ی نیسانی 2021 بەڕێوەچوو، لە 15 ی ئایاری 2024 كۆتایی هات، دادگای باڵای تاوانەكانی ئەنقەرە حوكمی قورسی بۆ 108 كەس لە دۆسیەی رووداوەكانی پشتیوانی كۆبانێ دەركرد، كە تائێستاش 18 یان لە زیندانن، لەوانەش دەمیرتاش و یوكسەكداغ و چەند سیاسییەكی دیكەی باكوری كوردستان، ئەو تۆمەتەش كە ئاڕاستەیان كراوە ئەوەیە "هوڵی دابەشكردنی وڵات و تێكدانی ئاسایشەكەیان داوە، هانی خەڵكیشیان داوە بچنە سەرشەقام و دژی حكومەت بوەستن".
ئەو دۆسیەیە پەیوەستە بە چەند خۆپیشاندانێك كە لە شارەكانی باكوری كوردستان بەڕێوەچوو، لەگەڵ چەند شارێكی توركیا، بۆ پشتیوانی شاری كۆبانێ لە رۆژئاوای كوردستان كە رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە ساڵی 2014 هێرشیكردەسەر و گەمارۆیدا، پاش ئەوەی چەند بەشێكی شارەكەی داگیركرد بەڵام شەڕڤانانی كورد توانییان داعش لەو شارە دەرپەڕێنن.
بەپێی دەسەڵاتدارانی توركیا، لەو خۆپیشاندانانەی لە 35 ویلایەت بۆ پشتیوانی كۆبانێ بەڕێوەچوو، لەنێوان شەش بۆ هەشتی تشرینی یەكەمی 2014، 37 كەس كوژراون و 761 كەسیش برینداربوون، كە 326 یان لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەكانن.
پارتی دیموكراتی و یەكسانی گەلان، رەتكردنەوەی بڕیاری دادگای ئەوروپا لەلایەن دادگای باڵای تاوانەكانی ئەنقەرەوە بۆ ئازادكردنی سیاسیە كوردەكان، بە پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتییەكان و دەستوری توركیا لە قەڵەم دەدات.
دەشڵێت "ئازادكردنی هاوڕێكانمان كە بەهۆكاری سیاسی زیندانیكراون، تەنها داوایەكی یاسایی و دادوەری نین، بەڵكو یەكێكە لە داواكاریی و پێویستیەكانی پرۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتی".
ئازادكردنی سیاسیەكانی باكوری كوردسان، یەكێكە لە مەرجەكانی پەكەكە
ئازادكردنی سیاسیەكانی باكوری كوردسان، یەكێكە لە مەرجەكانی پەكەكە و پارتی دیموكراسی و یەكسانیی گەلان "دەم پارتی" لە چوارچێوەی ئەو پرۆسەیەی دەستیپێكردووە و بەهۆیەوە عەبدوڵڵا ئۆجەلان داوای هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە و چەكدانانی كرد، سەرئەنجام پەكەكە داوای هەڵوەشاندنەوەی جێبەجێكرد و لە 11 ی تەمموزی ئەمساڵیش یەكەم گروپی گەریلاكانی ئەو حزبە چەكەكانیان لە ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان سوتاند.
دەمیرتاش رۆڵێكی گەورەی هەبوو لە ئاسانكاری بۆ جێبەجێكردنی بانگەوازەكەی ئۆجەلان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە، كە 27 ی شوباتی ئەمساڵ بڵاویكردەوە.
رەتكردنەوەی ئازادكردنی دەمیرتاش و یوكسەكداغ و ئەو سیاسییانەی دیكەی باكوری كوردستان لەكاتێكدایە، رۆژی هەینی پەرلەمانی توركیا دەستیكرد بە جموجوڵەكانی بۆ پێكهێنانی لیژنە لە ئەندامانی حزبەكان بۆ ئەوەی چوارچێوەیەكی یاسایی بدات بەو پرۆسەیەی لەنێوان پەكەكە و توركیا دەستیپێكردووە، هەروەها بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی یاسایی پرۆسەی چەكدانان و داواكارییەكانی دیكە جێبەجێ بكرێن، لەوانەش ئازادكردنی زیندانییە سیاسییەكان و زیندانیانی نەخۆش.