سبەی
ئایا دەزانی لە پشت هەندێک لە داهێنانە رۆژانەییەکانمانەوە ژنانی لێهاتوو هەیە کە بە دەگمەن ناومان بیستووە؟ لە سۆفتوێری کۆمپیوتەرەوە تا یاری مۆنۆپۆلی، ئەم ژنانە نەک هەر جیهانیان گۆڕیوە، بەڵکو رۆڵی بنەڕەتییان لە تەکنەلۆجیا و زانست و ژیانی رۆژانەماندا گێڕاوە.
ئەگەر لە ئێوە بپرسن گەورەترین داهێنەرانی دیار کێن، ئەگەری هەیە باسی توماس ئەدیسۆن(داهێنەری گڵۆپ)، ئەلەکساندەر گراهامبێل (داهێنەری تەلەفۆن) و لێۆناردۆ داڤینجى ئیتاڵى بکەن.
بەڵام ئایا هیچ زانیارییەک لەبارەى ژنانی داهێنەر وەک ماری ئەندەرسۆن یا ئان تسوکامۆتو دەزانن؟
ئەگەر هەیە کە ئەم دوو ناوە بۆتان نامۆ بێت، بەڵام ئەم دوو خاتوونە تەنیا دوو کەس لەو ژنە داهێنەرانەن کە ئامێر و دەستکەوتی زانستیان داهێنا و ئەمڕۆ لە ژیانی رۆژانەماندا بەکاری دەهێنین، ئەوەش بەپێی پێگەى بی بی سی.
بۆ زانیاری زیاتر تەنها سەیری ئەم 9 داهێنانە بکەن کە رەنگە هەرگیز بەبێ داهێنەری ژن دروست نەکرابن.
1-سۆفتوێری کۆمپیوتەر - گرەیس هۆپەر
لە دوای ئەوەی گریس هۆپەر لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا پەیوەندی بە هێزی دەریایی ئەمەریکاوە کرد، ئەو دەستی بە دروستکردنی کۆمپیوتەرێکی نوێ بە ناوی مارک1 کرد.
زۆری نەخایاند هۆپەر لە ساڵانی ١٩٥٠دا بوو بە پێشەنگ لە بواری بەرنامەسازی کۆمپیوتەردا.ئەو پێشەنگ بوو لە سیستەمێک بۆ وەرگێڕانی رێنماییەکان بۆ زمانیک کە کۆمپیوتەرەکان بتوانن لێی تێبگەن و بیخوێننەوە، ئەمەش پرۆسەی بەرنامە سازی خێراتر کرد و شۆڕشێکی گەورەی لە شێوازی کارکردنی کامیتەرەکاندا کرد.
ئەو بەردەوام بوو لە کارکردن لەسەر کۆمپیوتەرەکەی خۆی، تا لە تەمەنی 79 ساڵیدا لە هێزی دەریایی خانەنشین بوو.
2-ناسنامەی پەیوەندیکەر و چاوەڕوانی لەسەر هێڵ-شیرلی ئان جاکسۆن
شیرلی ئان جاکسۆن، فیزیازانێکی تیۆری ئەمەریکییە، کە لێکۆڵینەوەکانی لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی سەدەی رابردوودا بووە هۆی داهێنانی سیستەمێک بۆ ناسینەوەی پەیوەندیکەران لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان و ناسینەوەی ئەو کەسانەی چاوەڕوانی پەیوەندیکردنن.
هەروەها ئەم داهێنانە بوونە هۆی دروستکردنی ئامێری فاکس و فایبەر ئۆپتیک. جاکسۆن یەکەم ژنە ئەفریقایی ئەمەریکی بوو کە بڕوانامەی دکتۆرای لە پەیمانگای تەکنۆلۆژیای ماساچوستی وەرگرتووە و هەروەها یەکەم ژنی ئەفریقی ئەمەریکایی بوو کە سەرۆکایەتی زانکۆیەکی باڵای توێژینەوەی کرد.
3- جامی ئۆتۆمبێلەکان - ماری ئەندەرسۆن
لە رۆژێکی ساردی زستاندا لە ساڵی 1903، ماری ئەندەرسۆن سەردانی نیویۆرکی کرد. تێبینیکرد شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلە کە سواری بووە، ناچار بووە پەنجەرەکەی بکاتەوە بۆ ئەوەی بەفرەکە لە جامی سەیارەکە پاک بکاتەوە.
هەر جارێک پەنجەرەکە دەکرایەوە، هەوای ساردتر دەهاتە ناو سەیارەکەوە.
ئەم ئەزموونە بۆ مێری ئیلهامبەخش بوو، بۆ داهێنانی فڵچەى جامی پێشەوە کە دەتوانرێت لە ناو ئۆتۆمبێلەکەوە کارپێبکرێت بکات.
لە ساڵی 1903دا مافی بۆ درووستکردنی ئامێرەکە وەرگرتووە، بەڵام داهێنانەکەی لەلایەن بەرهەمهێنەرانی ئۆتۆمبێلەوە لەو کاتەدا رەتکرایەوە، چونکە پێیانوابوو رەنگە شۆفێران سەرقاڵ بکات لەکاتی لێخوڕیندا.
مێری قازانجی لە داهێنانەکەی نەکرد تا ئەو کاتەی فڵچەى ئۆتۆمبێلەکان بوو بە بەشێکی ستاندارد.
4- پاتری وێستگەی بۆشایی ئاسمانی نێودەوڵەتی - ئۆلگا گۆنزالێز سانابریا
ئەو پاترییە درێژخایەنانەی نیکل-هایدرۆجین کە کارەبا بە وێستگەی بۆشایی ئاسمانی نێودەوڵەتی دەدەن، داهێنانێکی سەرەکین.
ئۆلگا گۆنزالێز سانابریا، خەڵکی پورتوگالە، پەرەی بەو تەکنەلۆژیایە داوە کە یارمەتی بەرهەمهێنانی ئەو پاتریانەی داوە لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوودا. بەڕێوەبەری ئەندازیاری بووە لە سەنتەری توێژینەوەی گلێن لە ناسا.
5- قاپشۆڕ - جۆزێفین کۆکران
جۆزێفین کۆکران کە بەردەوام ئاهەنگی ئێوارەخوانەکانی سازدەکرد، هەمیشە خەونی بە ئامێرێکەوە دەبینی کە بتوانێت خێراتر لە گارسۆنەکان قاپەکانی بشوات و نەیشکێنێت.
داهێنانی ئەو یەکەم قاپشۆر بوو کە پەستانی ئاوی بەکارهێنا بۆ شۆردنی قاپ.
دوای مردنی هاوسەرەکەی کە قەرزێکی زۆری بۆ جێهێشت، جۆزێفین لە ساڵی 1886دا داهێنانەکەی خۆی جێگیر کرد و یەکەم کارگەی دروستکردنی ئەم قاپشۆڕانەی دامەزراند.
6- سیستەمی ئاسایشی ماڵەوە - ماری ڤان بریتان براون
ماری ڤان بریتان براون، پەرستارێک کە زۆرجار بە تەنیا لە ماڵەوە دەمایەوە، بڕیاریدا ئامێرێک دابهێنێت کە ماڵەکەی بە سەلامەتی بهێڵێتەوە.
ئەو و هاوسەرەکەی ئەلبێرت یەکەم سیستەمی ئاسایشی ماڵەکانیان دیزاین کرد وەک وەڵامێک بۆ بەرزبوونەوەی تاوانەکان و خراپی ئەدای پۆلیس لە ساڵانی شەستەکاندا.
سیستەمەکە کامێرایەکی لەخۆگرتبوو کە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەجووڵایەوە سەرەوە و خوارەوە لە دەرگای پێشەوە بۆ ئەوەی کەسانی گوماناوی دەستنیشان بکات.
هەروەها سیستەمەکە شاشەی لە ژووری نووستن و دوگمەی زەنگی ئاگادارکردنەوە هەبوو.
7- جیاکردنەوەی خانە بنەڕەتییەکان - ئان تسوکامۆتۆ
ئان تسوکامۆتۆ لە ساڵی 1991دا رێگەیەکی بۆ جیاکردنەوەی خانە بنەڕەتییەکان بەدەستهێنا، لەو کاتەوە لێکۆڵینەوەکانی بووەتە هۆی پێشکەوتنی بەرچاو لە تێگەیشتن لە ئەرکی سیستەمی سووڕی خوێن لە نەخۆشانی شێرپەنجەدا، پێشکەوتنێک کە رەنگە ببێتە هۆی دۆزینەوەی چارەسەری شێرپەنجە.
ئەو توێژینەوەی زیاتری لەسەر گەشەی خانە بنەڕەتییەکان ئەنجامداوە و هاوبەشی نووسینی حەوت داێنانەکانیتری بووە.
8- مادەی کێوێلاری - ستیفانی کێفلیک
کیمیاگەر ستیفانی کێفلیک مادەدی کێوێلاری داهێنا کە قوماشێکی سووک و بەهێزە و لە پارێزبەندى دژە فیشەکدا بەکاردەهێنرێت.
لەو کاتەوەی کە لە ساڵی 1965دا پێشکەوتنی لە پەرەپێدانی ئەو مادەیە پێکهێنا، مادەی کێوێلاری ژیانی بێشوماری رزگارکردووە و رۆژانە لەلایەن ملیۆنان کەسەوە بەکاردەهێنرێت.
مادەی کێوێلاری لە چەندین بەرهەمدا بەکاردێت، لەوانە دەستکێشی ناوماڵ، مۆبایل، فڕۆکە، پردی هەڵواسراو.
9-یاری مۆنۆپۆلی - ئەلیزابێس ماگی
هەرچەندە زۆر کەس دەڵێن چارڵز دارۆ مۆنۆپۆلی داهێناوە، بەڵام یاساکانی یارییەکە لەلایەن ئەلیزابێس مەگیەوە دیزاین کراوە.
ئەو ویستویەتی نادادپەروەرییەکانی سەرمایەداری پیشان بدات و بۆ ئەم مەبەستەش یارییەکی داڕشتووە کە یاریزانەکان بازرگانی بە پارە و موڵکەوە بکەن.
ئەو یارییەی کە لە ساڵی 1904دا ناسراوە، ناوی "یاری خاوەن خانووەکان" بووە.
ئەو یارییەی مۆنۆپۆلی کە ئەمڕۆ دەیزانین بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1935 لەلایەن براکانی پارکەر بەرهەم هێنراوە، کە بۆیان دەرکەوتووە کە چارڵز دارۆ نەک هەر داهێنەری یارییەکە نەبووە، بەڵکو مافی بڵاوکردنەوەی لە ماگی بە 500 دۆلار کڕیوە.
ئەمانە تەنها هەندێک لەو داهێنان و دەستکەوتانەن کە ژنان بەدەستیان هێناوە کە ژیانی رۆژانەمانی باشتر کردووە.