11 خولەک کێبڕکێ بۆ وەرگرتنى خۆراک؛ چۆن خاڵەکانى یارمەتی مرۆیی لە غەززە بوونەتە تەڵەى مەرگ؟

#غەززە#ئیسرائیل#برسێتى
14 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 14 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • بنکەکانى یارمەتیە مرۆییەکان دەکەونە ناوچەکانى رەفەح، خان یونس و غەززە کە بەشێکن لەو ناوچانەى فەرمانى چۆڵکردنیان دەرکراوە، ئەمەش بەو مانایەیە ئەو خەڵکانەى بەدوای خۆراکدا دەگەڕێن دەبێت بچنە ناو ئەو ناوچانەی کە فەرمانیان پێکراوە چۆڵبکرێن، ئەوەش بەپێی رۆژنامەى گاردیانى بەریتانى.
  • لە مانگی حوزەیراندا تێکڕای کردنەوەى بنکەکان 11 خولەک بووە. ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی کە دامەزراوەى مرۆیی غەززە لەلایەن ڕێکخراوە ناحکومییەکانەوە تۆمەتبار بکرێت بەوەى کە سیستمەکەى مەترسیدارە.
  • بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە مانگی ئایارەوە زیاتر لە هەزار کەس لەکاتی گەڕان بەدوای خۆراکدا لە ناوەندەکان و کاروانە مرۆییەکانی دیکە گیانیان لەدەستداوە.
Primary Asset

نزیکەی یەک لەسەر سێی دانیشتوانی غەززە چەند ڕۆژێک بەبێ خۆراک ماونەتەوە

سبەى

سەدان کەس لە کەرتى غەززەى گەمارۆدراو لە کاتی گەڕان بەدوای خۆراکدا گیانیان لەدەستداوە لەو کاتەوەی کە گەیاندنى یارمەتییەکان لەلایەن دامەزراوەی مرۆیی غەززەوە کە لەلایەن ئیسرائیل و ئەمەریکاوە پشتیوانى دەکرێت لە مانگی ئایارەوە کۆنتڕۆڵکراوە. بەڵام فەلەستینییەکان کە ڕووبەڕووی برسێتییەکی زۆر دەبنەوە، هیچ ڕێگەیەکیان نییە جگە لە گرتنەبەرى هەموو رێگەیەک بۆ دەستکەوتنى ژەمێک خۆراک.

رائید جەمال دانیشتووى غەززە دوای ماوەیەکی کەم لە گەڕانەوەی، بە دەستی بەتاڵ، لە خاڵێکی دابەشکردنی یارمەتییەوە بۆ چادرەکەی لە کەمپی ئاوارەیی ئەلمەواسی لە باشووری ڕۆژئاوای غەززە وتى "تانکەکان هاتن و دەستیان بە تەقەکردن کرد، سێ کوڕی نزیک لە من شەهید بوون، هیچم دەست نەکەوت، جگە لە تەنها دوو سندوقی بەتاڵ.”

گەشتەکەی جەمالى تەمەن 36 ساڵ کە خاوەنی چوار منداڵە، بریتی بوو لە گەشتێکى دوور و درێژ بۆ گەڕەکێکی نیشتەجێبوونی پێشوو کە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە کراوەتەوە، یەکێک لە چوار ناوەندی دابەشکردنی یارمەتییە سەربازییەکان کە لەلایەن دامەزراوەی مرۆیی غەززە (GHF) بەڕێوەدەبرێن، کە بنکە سەرەکییەکەی لە ویلایەتی دێلاوێر لە ئەمریکایە.

بنکەکانى یارمەتیە مرۆییەکان دەکەونە ناوچەکانى رەفەح، خان یونس و غەززە کە بەشێکن لەو ناوچانەى فەرمانى چۆڵکردنیان دەرکراوە، ئەمەش بەو مانایەیە ئەو خەڵکانەى بەدوای خۆراکدا دەگەڕێن دەبێت بچنە ناو ئەو ناوچانەی کە فەرمانیان پێکراوە چۆڵبکرێن، ئەوەش بەپێی رۆژنامەى گاردیانى بەریتانى.

 بەپێی پەڕەى فەیسبووکی دامەزراوەکە، بنکەکان بۆ ماوەی کەمتر لە هەشت خولەک لە یەک کاتدا بەکراوەیی دەمێننەوە و لە مانگی حوزەیراندا تێکڕای ماوەى کردنەوەى بنکەکان 11 خولەک بووە. ئەم هۆکارانە بوونەتە هۆی ئەوەی کە لەلایەن ڕێکخراوە ناحکومییەکانەوە تۆمەتبار بکرێت کە سیستەمەکە مەترسیدارە. 

سەرۆکی ڕێکخراوی هاوکاریی ئۆنروا، فیلیپ لازارینی، ئەو میکانیزمەى بە "تەڵەی مردن" دانا زیاتر لەوەى کە ژیانى مرۆڤەکان رزگار بکات.

لە هەموو قۆناغێکدا ئەوانەی داوای یارمەتی دەکەن بەناو تانک و سەربازە ئیسرائیلییەکاندا تێدەپەڕن و زۆرجار رووبەڕووى هێرش دەبنەوە.

سیستەمێکی نوێ و مردنی ڕۆژانە

دامەزراوەى مرۆیی غەززە GHF کە ڕێکخراوێکی دەستپێشخەرییە و ئەزموونی نییە لە دابەشکردنی خۆراک لە ناوچە ئاڵۆزەکانی شەڕدا، لە مانگی ئایاردا کرایەوە و شوێنى 400 خاڵی یارمەتیدانی ناسەربازیی گرتەوە کە بەپێی سیستەمێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەدەبران و ئیسرائیل بەپاساوى گەیشتنى یارمەتییەکانى بە حەماس دایخستن، هەرچەندە تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک بۆ ئەمە نەخراوەتەڕوو.

بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە مانگی ئایارەوە زیاتر لە هەزار کەس لەکاتی گەڕان بەدوای خۆراکدا لە ناوەندەکان و کاروانە مرۆییەکانی دیکە گیانیان لەدەستداوە.

کاتی کردنەوەی شوێنەکان بەزۆری لە پۆستەکانی لاپەڕەى دامەزراوەکە لە فەیسبووک و لەم دواییانەدا لە نامەکاندا ڕادەگەیەنرێت کە لە ڕێگەی کەناڵێکی تێلێگرامەوە دەنێردرێت. هەروەها لە هەفتەکانی یەکەمدا کەناڵێکی واتسئەپ دانرا لەو بارەیەوە.

مەحمود ئەلعەریر، گەنجێکی تەمەن 27 ساڵە و لە خێمەیەکدا دەژی لە ڕۆژئاوای شاری غەززە، دەڵێت ڕاگەیاندنی کاتی کردنەوەی ئەو شوێنەی کە سەردانى دەکات بێ کەڵک بووە، بەهۆی دووری لە شوێنی نیشتەجێبوونییەوە و ناچارە لە نیوەی شەودا گەشت بکات بۆ شوێنەکە و گرەو لەسەر ئەوە دەکات کە لە کاتژمێر دووى بەرەبەیان بکرێتەوە.

ئەو لە گەشتەکەیدا ناچارە سەرەتا لە پشتی بارهەڵگرێکەوە سەربکەوێت بۆ گەشتە دوور و درێژەکەی لە شاری غەززەوە بەرەو باشوور. پاشان لە تاریکیدا چاوەڕێ دەکات تا هێزەکانی ئیسرائیل ڕێگەی پێدەدەن بچێتە ژوورەوە. دەڵێت: "دەگەیتە ئەوێ و هێواش هێواش دەچیتە پێشەوە، هەمیشە دەزانیت کە دەکرێت تۆ بیت کە تەقەت لێدەکرێت، یان لەوانەیە کەسێک بێت لە تەنیشتتەوە."

دەشڵێت هەمیشە ئاڵۆزى دروست دەبێت کاتێک خاڵی یارمەتییەکان دەکرێتەوە، چونکە خەڵک دەست دەکەن بە ڕاکردن بەرەو پاکێجەکان، کە لە ناوەڕاستی ناوچەی دابەشکردنەکەدا بەجێدەهێڵرێن.

دامەزراوەکە ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی ناوەندە مرۆییەکان بووەتەوە بەهۆی ئەو مەترسیانەی چ لە شوێنەکان و چ لەسەر ڕێگاکانی دەوروبەریان ڕووبەڕووی فەڵەستینییەکان بووەتەوە. لە سەرەتای مانگی تەمموزدا، زیاتر لە ١٧٠ ڕێکخراوی ناحکومی داوای داخستنیان کرد و تۆمەتباریان کرد بە پێشێلکردنی بنەماکانی یارمەتییە مرۆییەکان و داوای دەستپێکردنەوەی هاوکارییە ناسەربازییەکانیان لە غەززە کرد.

ڕێکخەری فریاگوزاری پزیشکانی بێ سنوور لە غەززە، دەڵێت دابەشکردنی شەوانە بە تایبەتی مەترسیدارە، چونکە زۆرێک لە ڕێگاکانی باشووری غەززە بەهۆی بۆردومانی ئیسرائیلەوە نەناسراون، ئەمەش وایکردووە فەلەستینییەکان قورس بێت پابەندبن بەو ڕێگایانەی کە لەلایەن دامەزراوەکەوە دیاریکراون.

وتەبێژی دامەزراوەکە رەتیدەکاتەوە سیستەمەکەیان سەلامەت نەبێت و هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکانی تۆمەتبار کرد بە زیادەڕەوى لە ئامارى قوربانیاندا.

سوپای ئیسرائیل پێشتر دانی بەوەداناوە کە تەقەی هۆشداری لە فەلەستینییەکان کردووە کە بە وتەی خۆی بە شێوەیەکی گوماناوی لە هێزەکانی نزیکبوونەتەوە. 

دەستڕاگەیشتن بە بنکەکان بەتایبەتى بنکەکەى رەفەح ئاسانی نییە. ئەو کەسانەی برسین، ڕێگەیان پێدەدرێت تا خاڵێکی دیاریکراو عەرەبانە یان ئۆتۆمبێل بەکاربهێنن، دواتر پێویستە دابەزن و لانیکەم 1.5 کیلۆمەتر بە پێ بڕۆن. زۆربەیان چەند کاتژمێرێک یان تەنانەت چەند ڕۆژێک پێش کاتی دابەشکردنەکە دەگەن و لە ترسی لەدەستدانی شوێنەکانیان ناڕۆن، بەتایبەتی دوای ئەوەی هەندێکیان مەودای دووریان بڕیوە.

بۆ ئەوەی لە شوێنی کراوەدا چاوەڕوان نەبن، خەڵک بەپەلە دەچنە پەناگەی خۆڵاویی کە نزیکەی 560 مەتر لە بازگەی ئیسرائیلەوە دوورە. لەوێدا خۆیان دەشارنەوە و چاوەڕێی سیگناڵى رۆیشتن بەرەو بنکەکە دەکەن. 

گەرمای توند و چاوەڕوانی زۆر ئازاری خێزانە برسییەکان زیاتر دەکات، کە هەندێکجار 12 بۆ 24 کاتژمێر پێش دەستپێکردنی دابەشکردنەکە دەگەنە ئەوێ.

چی ڕوودەدات کاتێک "سیگناڵی ڕۆشتن" لێدەدرێت؟

"سیگناڵی ڕۆشتن" بەزۆری لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە دەردەچێت و وەک مۆڵەتێک بۆ رۆیشتن بەرەو ناوەندی دابەشکردنەکە لێکدەدرێتەوە،  هەمیشە شتەکان بەو شێوەیە ناڕۆن کە پلانی بۆ دانراوە و مەترسی تەقەکردن بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.

شایەتحاڵەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە ئەوانەی چاوەڕوانن تەنانەت لەکاتی چاوەڕوانی سیگناڵەکەدا تەقەیان لێدەکرێت. لە 14ی تەمموزدا، لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا دەرکەوتووە کە تەقەی زۆر لە خەڵک لە شاری ئەلجورە کراوە پێش ئەوەی لە دەروازەی دابەشکردنەکە نزیک ببنەوە. ڕۆژی ١٢ی تەمووز، ٣٤ کەس لە کاتی چاوەڕوانی یارمەتیدان لە شوێنی دامەزراوەى مرۆیی غەززە کوژران.

دامەزراوەکە تەنها چوار شوێن بەڕێوەدەبات بۆ پێدانى خۆراک بە دوو ملیۆن کەس، لە خاکێکدا کە برسێتییەکی زۆر تێیدا بەربڵاوە و پسپۆڕانی ئاسایشی خۆراک هۆشدارییان داوە لە برسێتی گەورە. بەپێی ئەو ئامارانەی کە وەزارەتی تەندروستی غەززە بڵاویکردووەتەوە، لە ڕۆژی یەکشەممەوە تا ئێستا زیاتر لە 100 کەس کەس بەهۆی برسێتی و بەدخۆراکییەوە گیانیان لەدەستداوە.

دامەزراوەکە دەڵێت لە سەرەتای دەستپێکردنی کارەکانییەوە زیاتر لە 85 ملیۆن ژەمی خۆراکی "لە ڕێگەی نزیکەی 1,422,712 سندوقەوە" گەیاندووە. بەپێی ئەم ژمارانە هەر سندوقێک نزیکەی ٦٠ ژەم بۆ خێزانێک دابین دەکات. ڕێکخراوەکە وێنەی ئەو سندوقانەی بڵاوکردۆتەوە کە کەلوپەلی وەک ئارد، پەتاتە، فاسۆلیا و ڕۆنی تێدایە. بەڵام فەلەستینییەکان لە غەززە وێنەیان بڵاوکردووەتەوە کە سندوقەکان کۆمەڵێک شتومەکی بچووکتریان تێدایە.

فەرمانگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، هاوکارییەکان دەبێت لە خۆراک زیاتر بن و پێویستە ئاو، غازی چێشت لێنان یان ئامرازەکانی دیکەی چێشت لێنان لەخۆ بگرن. 

بەپێی ئامارەکانی بەرنامەی خۆراکى جیهانی، نزیکەی یەک لەسەر سێی دانیشتوانی غەززە چەند ڕۆژێک بەبێ خۆراک ماونەتەوە و پێشبینی دەکرێت ٤٧٠ هەزار کەس لە نێوان مانگەکانی ئایار و ئەیلوولی ئەمساڵدا ڕووبەڕووی توندترین ئاستی برسێتی ببنەوە.

لە کۆتایی مانگی ئازاردا دەیان نانەواخانە کە لەلایەن ڕێکخراوی خۆراکی جیهانییەوە پشتیوانی دەکران، بەهۆی گەمارۆی ئیسرائیلەوە کارەکانیان راگرت و دواتر کەمێکیان لە مانگی ئایاردا بۆ ماوەیەکی کورت دەستیان بە کارکردن کردەوە کاتێک ڕێگە بە هەندێک بارهەڵگر درا بچنە ناوچەکە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی