پێویستە سنورێك دابنرێت بۆ هێرشەكان؛ رێبەر ئەحمەد و قاسم ئەعرەجی سەردانی ئەو شوێنانە دەكەن كە ئامانجی هێرشە درۆنیەكان بوون

#هەرێم#عێراق#درۆن
16 ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 16 ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • لە فڕۆكەخانەی هەولێر شاندەكەی عێراق كە قاسم ئەعرەجی سەرۆكایەتیی دەكات، لەلایەن رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە پێشوازیكران و دواتریش كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییان ئەنجامدا.
Primary Asset

ڕێبەر ئەحمەد و قاسم ئەعرەجی

سبەی

راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق و وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان، سەردانی ئەو شوێنانە دەكەن كە لەماوەی رابردوودا بوونە ئامانجی هێرشە درۆنییەكان لە هەرێمی كوردستان، وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان دەڵێت "پێویستە سنورێك بۆ هێرشەكان دابنرێت". راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراقیش دەڵێت "لێپرسینەوە لەو كەسانە دەكرێت كە هێرشەكانیان ئەنجامداوە".

لە فڕۆكەخانەی هەولێر شاندەكەی عێراق كە قاسم ئەعرەجی سەرۆكایەتیی دەكات، لەلایەن رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە پێشوازیكران و دواتریش كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییان ئەنجامدا.

گەیشتنی شاندی ئەمنیی عێراق بە سەرۆكایەتی ئەعرەجی، بۆ لێكۆڵینەوەیە لەو هێرشە درۆنیانەی نزیكەی مانگێكە بۆسەر هەرێمی كوردستان دەستیانپێكردووە و تائێستاش ناوبەناو درێژەی هەیە و ئەمڕۆش سێ درۆن ئاراستەی هەرێمی كوردستان كران.

شاندەكە پێكهاتووە لە یاریدەدەری سەرۆكی ئەركانی دەستەی حەشدی شەعبی، بریكاری دەزگای هەواڵگری عێراق، بریكاری دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عیچراق، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری عێراق.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان رایگەیاند:" مەسرور بارزانی فەرمانیكردووە ئاسانكاری بۆ لیژنەكە بكەین تا كۆتایی بەو مەترسیانە بهێنین چونكە بەڕاستی ئەو هێرشە درۆنییانە لە سنور دەرچوون".

"ئەو هێرشانە كاریگەری راستەوخۆیان هەبوو لەسەر ئەوەی كۆمپانیاكانی نەوت لە كێڵگەكان كشانەوە و بەرهەمهێنان راوەستا، پێشتریش كێڵگەكان بەهۆی راگرتنی نەوت توانای بەرهەمهێنانیان كەم ببوەوە، پێویستی بە كاتە بۆ ئەوەی ئەو كێڵگانە بگەنەوە ئاستی خۆیان، هیوادارین لیژنەكە چارەسەری بكەن ئەگەرنا ئێمەش بێدەنگ نابین". وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان وای وت.

وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان وتیشی "لیژنەكە دەستی بەكارەكانی كردووە كە هاوبەشە، بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە لە پاشماوەی درۆنەكان بكرێت كە سەر بە كێن و لە كوێوە هەڵدراون و هی چی گروپێكن، ئەگەرنا لایەنەكانی پشت ئەو درۆنانە بۆ هەردوولا ئاشكران، دواتریش سەردانی چەند شوێنێك دەكەین كە كراونەتە ئامانج".

لەلایەن خۆشیەوە، قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند:" هێزی بەغداد هێزێكی یەكگرتووی عێراقی فیدراڵە و روبەڕووی هەموو هێزێك دەبێتەوە كە بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەی دەكاتە ئامانج، گفتوگۆمان لەسەر ئەو زانیاریانە كردووە و ئامانجی ئێمە لێپرسینەوەیە لە هێرشكاران، چاوەڕوانی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان دەبین".

وتیشی:" هێرشە درۆنییەكان زیانیان بە عێراق گەیاندووە و هەموو ئەوكەسانەی كارەكەیان ئەنجامداوە لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەكرێت".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی