وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل: دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین واتە دامەزراندنی دەوڵەتی حەماس و جیهاد

#ئیسرائیل#گیدۆن سائر#کەرتی غەززە
6 ڕۆژ لەمەوپێش
جێگر تەیب
پوختە :
  • ئەمڕۆ 29ـی تەمموزی 2025، گیدۆن سائر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا و باسی لە ژمارەیەک پرسی تایبەت بە کەرتی غەززە کرد.
Primary Asset

گیدۆن سائر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل

سبەی

ئەمڕۆ 29ـی تەمموزی 2025، گیدۆن سائر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا و باسی لە ژمارەیەک پرسی تایبەت بە کەرتی غەززە کرد.

ئامانجی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکی سائر رەخنەگرتن بوو لە وڵاتانی ئەوروپا. لەو بارەیەوە سائر رایگەیاند، "ژمارەیەک لە وەزیرانی دەرەوەی ئەوروپا پێییان راگەیاندووم کە واژۆکردنی سەرکۆنەکردنی ئیسرائیل لەسەر شەڕی غەززە هەڵە بوو،" سائر دەشڵێت: "سەرکۆنەکردنی ئیسرائیل لەسەر شەڕی غەززە، پێگەی حەماسی بەهێز کردووە، فشارە نێودەوڵەتییەکان دەبێت لەسەر حەماس بێت بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و چەکدانانیان."

سەبارەت بە دۆخی مرۆیی غەززە، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دەڵێت: "حەماس هاوکارییە مرۆییەکان دەدزێت، لەو رێگەیەوە پارە کۆدەکاتەوە."

لەسەر فشارەکانی جیهان دەربارەی برسێتی لە غەززە سائر وتیشی: "لە رۆژانی رابردوودا، ئیسرائیل رووبەڕووی کەمپەینێکی نێودەوڵەتی بووەتەوە،" سائر کەمپینەکە بە دژە سامی ناودەبات.

گیدۆن سائر جەخت دەکاتەوە کە ئیسرائیل سیاسەتی برسیکردن پەیڕەو ناکات، ئەو قسانەی بەناڕاست دانا و وتی: "راستییەکە تەواو پێچەوانەیە، ئیسرائیل لە بارودۆخێکی قورسدایە لە غەززە، زۆر بە کارامەیی کاردەکات بۆ دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بەسەر دانیشتوانی کەرتەکەدا."

سەبارەت بە دامەزرانی دەوڵەتی فەلەستین، سائر رایگەیاند، "ئەمڕۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین واتە دامەزرادنی دەوڵەتی حەماس و جیهاد."

وتەکانی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە کاتێکدایە، فشارێکی نێودەوڵەتی گەورە لەسەر ئیسرائیل هەیە، لەسەر ئەوەی لە غەززە سیاسەتی برسیکردن پەیڕەو دەکات.

سائر لەو بارەوەیە رایگەیاند، ئەو وڵاتانەی رەخنە لە ئیسرائیل دەگرن بە پەیڕەو کردنی سیاسەتی برسیکردن، دەتوانن خۆیان بێن هاوکاریی مرۆیی بەسەر دانیشتوانی کەرتی غەززەدا دابەش بکەن.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی