نەوت و داهاتی ناوخۆ؛ ئاستەنگ بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد دروست دەكات

#هەرێم#بەغداد#مووچە#نەوت
یەک ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • بەپێی زانیارییەكانی "سبەی" ئەو لیژنەیەی عێراق بۆ وردبینی داهات و خەرجیی فەرمانگە و وەزارەتەكانی هەرێمی كوردستان سەردانی هەولێری كردووە، باسیان لەوەكردووە ئەستەمە هەرێم توانای هەبێت مانگانە 120 ملیار داهات رادەستی بەغداد بكات، هۆكاری ئەوەش "گومانە لە ناشەفافیی داهاتی هەرێمی كوردستان".
Primary Asset

ئاڵای عێراق و هەرێمی کوردستان

سبەی

لەكاتێكدا 12 رۆژ بەسەر رێككەوتنی هەرێم و بەغداد لەسەر مووچە و نەوت تێپەڕیوە، بەڵام ئاستەنگ بۆ جێبەجێكردنی دروستبووە، بەغداد سورە لەسەر ئەوەی لە مانگی داهاتوەوە رۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوت و مانگانەش 120 ملیار دینار بنێرن، بەڵام هێشتا حكومەتی هەرێم وەڵامی نەداوەتەوە و بڕیارە لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەو پرسە یەكلا بكرێتەوە.

بەپێی زانیارییەكانی "سبەی" ئەو لیژنەیەی عێراق بۆ وردبینی داهات و خەرجیی فەرمانگە و وەزارەتەكانی هەرێمی كوردستان سەردانی هەولێری كردووە، باسیان لەوەكردووە ئەستەمە هەرێم توانای هەبێت مانگانە 120 ملیار داهات رادەستی بەغداد بكات، هۆكاری ئەوەش "گومانە لە ناشەفافیی داهاتی هەرێمی كوردستان".

دواین مۆڵەت 

هەر بەپێی زانیارییەكان، پێویستە تا "یەكشەممەی داهاتوو وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان 120 ملیار بنێرێتە بەغداد". ئەگەرنا رێككەوتنەكەی 17 ی تەموز لەنێوان هەولێر و بەغداد هەڵدەوەشێتەوە و مووچەش رادەگیرێتەوە.

زانیارییەكان ئاماژە بەوەشدەكەن، بەغداد دوو رۆژ مۆڵەتی داوە بە هەرێمی كوردستان تا رەزامەند بێت لەسەر رادەستكردنی 120 ملیار داهاتی ناوخۆ و 100 هەزار بەرمیلی نەوتی رۆژانە، بۆ ئەوەش مۆڵەتی  تا رۆژی پێنجشەممەیان داناوە كە نەوتەكە رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكەن.

سەبارەت بە مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش، لیژنەكە ئاگاداری وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێمی كوردستانیان كردووەتەوە، كاتیان لەبەردەستدایە تا ئەوكاتە 230 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكەن.

بڕیارە سبەینێ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت، كە تیایدا سێ تەوەر باس دەكرێن، یەكێكیان پەیوەستە بە خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران، كاری لیژنە هاوبەشەكانی وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێم، تەوەری دووەمیش پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان تاوتوێ دەكرێت، پرسی سێیەمیش پەیوەستە بە خانەنشینی و مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە.

هەر بەپێی زانیارییەكانی "سبەی" شاندی دیوانی چاودێری دارایی عێراق لە راپۆرتێكدا بۆ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، گلەیی ئەوەیان كردووە "هەرێمی كوردستان هاوكاریان نەبووە تا داهاتی نانەوتیی بە دروستی بزانن چەندە". جگە لەوەی بەرپرسانی وەزارەتی دارایی هەرێم پێیان وتوون "ئەو 120 ملیارەی وەك داهاتی ناوخۆ پێشتر رەوانەی بەغداد كراوە داهاتی یەك مانگ نەبووە و داهاتی چەند مانگێك بووە، لە تواناماندایە مانگانە نیوەی ئەو بڕە رەوانەی بەغداد بكەین".

چەند لیژنەیەك لەنێوان هەولێر و بەغداد پێكهێندراون

پێكهێنانی ئەو لیژنانە لەكاتێكدایە، مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هێشتا مووچەی مانگی شەش و حەوتیان وەرنەگرتووە، رۆژی هەینی 25 ی تەموزیش دەستكرا بە دابەشكردنی مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەران، ئەوەش دوای زیاتر لە 80 رۆژ چاوەڕوانی، دوای ئەوەی رۆژی پێنجشەممە بەغداد پارەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی نارد.

ئێستا مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان چاوەڕێی یەكلابوونەوەی چارەنوسی مووچەی مانگی شەش و حەوت و مانگەكانی دواترۆن، حكومەتی عێراقیش ناردنی ئەو مووچانەی پەیوەست كردووە بە رادەستكردنی نەوت بە كۆمپانیای سۆمۆ، كە پێشتر هەرێمی كوردستان رایگەیاندبوو بەهۆی هێرشە درۆنیەكانەوە بەرهەمی نەوتیی بۆ 81 هەزار بەرمیل كەم بووەتەوە و لەو بڕەش 50 هەزار بەرمیلی بۆ بەكارهێنانی ناوخۆییە.

لیژنەكان دوو هەفتە مۆڵەتیان هەیە و هەفتەیەك  زیاتری تێپەڕیوە

بەپێی زانیارییەكانی "سبەی" كە لەسەرچاوەیەكی ئاگاداری گفتوگۆكان دەستیكەوتووە، لیژنەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی لە 20 ی ئەم مانگەوە دەستیان بەكاركردن كردووە، واتە ماوەی زیاتر لە هەفتەیەكە، كاری لیژنەكەش ئەوەیە كە راپۆرتێك لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان ئامادە بكەن، بۆ ئەوەش مۆڵەتی تا یەكشەممەی داهاتوویان هەیە، واتە 3-8-2025.

راپۆرتەكە لەسەر بڕی نەوتی بەرهەمهێندراوی هەرێمی كوردستانە، سەرەتا دەدرێتە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و ئەویش رادەستی لیژنە وزارییەكەی دەكات، كە بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداد پێكهێندراوە و لە پێنج وەزیر پێكدێن.

هەڵسەنگاندن بۆ كاری لیژنەكان

پێشتر "سبەی" بڵاویكردەوە: ئەگەر هەڵسەنگاندن بۆ راپۆرتی لیژنەكە "ئەرێنی" بوو ئەوا پرۆسەی پێدانی نەوت دەستپێدەكات و دەست بە گفتوگۆ دەكرێت لەسەر شێوازی ناردنی مووچە بۆ هەرێمی كوردستان. بەڵام ئەگەر هەڵسەنگاندنی راپۆرتەكە "نەرێنی" بوو ئەوا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لەسەر دەدەن.

كارێكی دیكەی یەكێك لەو لیژنانەی لەنێوان هەولێر و بەغداد پێكهێندراوە، گفتوگۆكردنە لەسەر داهاتی ناوخۆ، كە ئایا بەپێی یاسا و دەستوری عێراق چی داهاتێك سیادییە و دەبێت هەرێم نیوەی بداتە بەغداد، ئەوەش كە سیادی نییە و پێویست ناكات بدرێتە بەغداد جیا بكرێتەوە.

پێكهێنانی ئەو لیژنانە لەكاتێكدایە، بەپێی رێككەوتنە سەرەتاییەكەی نێوان هەولێر بەغداد، كە لەسەر 120 ملیار دینار داهاتی ناوخۆ و 230 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیە، مووچەی مانگی پێنج بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نێردراوە، بەڵام رەنگە كاری لیژنەكان گۆڕانكاری بەسەر ئەو رێككەوتنەدا بهێنێت كە تا كۆتایی ئەمساڵ كاری پێدەكرێت.

كارێكی دیكەی لیژنەكە كە كۆتا كاریەتی لەسەر رێككەوتنی هەرێم و بەغداد، گفتوگۆیە لەسەر پشكی بودجەی هەرێمی كوردستان لە بودجەی سێ ساڵی عێراق، كە ئایا حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنها پشكی خۆی بردووە یان زیاتر.

چاوەڕواندەكرێت گەڕێكی دیكەی ناكۆكییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەسەر تەوتینی مووچەی فەرمانبەران دەستپێبكاتەوە، كە بەپێی رێككەوتنی نێوانیان دەبێت لەماوەی سێ مانگدا جێبەجێ بكرێت، لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان سورە لەسەر پڕۆژەی هەژماری من.

رێككەوتنی 17 ی تەموز

یەكێك لە خاڵەكانی رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد كە 17 ی تەمموز ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی لەسەر دەربڕی تایبەتە بە پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش لەنێوان هەرێم و بەغداد بۆ تەواوكردنی پڕۆسەی تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەپێی بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق.

رێككەوتنەكە سێ مانگی دیاریكردووە بۆ تەواوكردنی كارەكانی لیژنەكە لەو بارەیەوە و جەختیكردووەتەوە كە لەو كاتە بەدواوە مووچە تەنها لە رێگەی لە رێگەی ئەو سیستمەوە لەلایەن بەغدادەوە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم دابین دەكرێت.

جێبەجێكردنی تەوتین

بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار لەبەغداد بۆ “سبەی”، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەكۆبوونەوەكانی ئەم دواییەی لەگەڵ پەرلەمانتار و لایەنە كوردییەكان جەختی لەجێبەجێكردنی تەوتینی مووچە كردووەتەوە بەپێی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی و بە روونی گومانی خۆی نیشانداوە لە گەیشتنی پارەی مووچە بەتەواوی بە مووچەخۆران.

سودانی ئاماژەی بەوەكردووە، مەبەستی ئەوان لە جێبەجێكردنی تەوتین ئەوەیە بەروونی ئەوە مسۆگەر بكەن كە ئەو پارەیە دەگاتە دەستی مووچەخۆران، جەختیشیكردووەتەوە ئەوان ئاگاداری هەژماری من نین و كۆدی ئەلیكترۆنی فەرمانبەرانیان رادەستنەكراوە. 

بەوتەی سەرچاوەكە، لەدوای رێككەوتنی ئەم دواییەوە بەغداد سورە لەسەر جێبەجێكردنی تەوتین ئەوەش كێشەكانی هەرێم و بەغداد لەو بارەیەوە زیندوو كاتەوە، هەرچەندە پێشتر بەغداد بە جۆرێك لە جۆرەكان نەرمی لەو بارەیەوە نواندبوو.

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژی 20 ی حوزەیران لە وتارێكدا لەبارەی رێككەوتنی هەرێم و بەغداد جەختیكردەوە، ئەو پەڕی مرونەتیان بەرانبەر بەغداد نیشانداوە و رازی بوون بە رادەستكردنی 230 هەزار بەرمیل نەوت و 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی.

هەروەها باسی تەوتینی مووچەی كرد وەك بەشێك لە رێككەوتنەكە و وتی "بەحساب سیستمی تەوتینیش جێبەجێ بكرێت كە ئەمەش بەشێكە لەو ئەركەی حكومەتی هەرێم لە مێژەوە جێبەجێی كردووە، هەژماری من خزمەتگوزارییەكانی زۆر لە تەوتین زیاترە".

وادەردەكەوێت دەسەڵاتدارانی عێراق ئەمجارە سورتربن لەسەر جێبەجێكردنی تەوتین، لەكاتێكدا پێشتر نەرمیان لەو بارەیەوە نیشاندا بوو، دوای ئەوەی هەرێم سوربوونی خۆی لەسەر هەژماری من دەربڕی كە لە ساڵی 2023 راگەیەنرا.

دوو بڕیار و رونكردنەوەیەك

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەماوەی نزیكەی ساڵێكدا دوو بڕیاری لەسەر "تەوتینی" مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەركرد، لەگەڵ رونكردنەوەیەك لەو بارەیەوە، لەیەكەم بڕیاریدا جەختی لە تەوتین كردەوە لە بانكە حكومییەكان بەبێ گەڕانەوە بۆ هەرێم، بەڵام دوای كەمتر لە مانگێك پرسی هەماهەنگی بەغداد و هەرێمی كردە بەشێك لە جێبەجێكردنی پڕۆسەكە، دوایین جار و لە 18 ی شوباتی ئەمساڵدا فەرمانبەرانی هەرێمی سەرپشككرد لە بانكە مۆڵەت پێدراوەكان مووچەكانیان تەوتین بكەن، بەبێ دیاریكردنی هیچ وادەیەك بۆ تەواوكردنی.

بڕیاری یەكەمی دادگای فیدراڵی

بڕیاری یەكەمی دادگا لە رۆژی 21 ی شوباتی 2024 دەركرا، كاتێك دادگا دوای چەند دانیشتنێك سكاڵایەكی یەكلاكردەوە لەبارەی "تەوتینی" موچەی فەرمانبەران و هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراقی پابەندكرد بە "تەوتینی" موچە.

بڕیارەكە هەردوو سەرۆك وەزیرانی عێراق و هەرێمی كوردستانی پابەندكرد بە تەوتینی مووچەی سەرجەم موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە بانكە حكومییەكانی عێراق و بڕینی پارەی مووچە لە پشكی هەرێم، هەروەها رێگەی بە هەر فەرمانگەیەكی هەرێمی كوردستانیشدا راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بكەن لەو بارەیەوە بەبێ گەڕانەوە بۆ نوێنەرایەتی هەرێم لەبەغداد.

بڕیارەكە هەروەها سەرۆك وەزیرانی عێراق پابەند دەكات بە خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەدوای تەوتینی مووچەكانیان و پێنەدانی پارەی مووچە بەشێوەی قەرز.

بڕیارەكە لەدوای دەرچوونی بەبڕیارێكی مێژویی دانرا لەلایەن بەشێكی زۆر لە مووچەخۆران و لایەنە سیاسییەكانەوە، بەڵام لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە پێشوازی لێنەكرا و جەختیكردەوە كە هەر پڕۆسەیەكی لەو شێوەیە دەبێت لە رێگەی حكومەتی هەرێمەوە بێت، بۆ ئەوەش جەختی لەپڕۆژەی هەژماری من كردەوە لەجیاتی تەوتینی مووچە.

ناكۆكیی لەسەر تەوتینی مووچە

بەهۆی ناكۆكییەكان لەسەر تەوتینی مووچە، دادگای فیدراڵی عێراق رۆژی 12 ی ئازای 2024 رونكردنەوەیەكی لەبارەی پڕۆسەكەوە بڵاوكردەوە و جەختیكردەوە كە جێبەجێكردنی بڕیارەكە پێویستی بەكاتە و حكومەتی هەرێمی پابەند كرد بە هەماهەنگیی لەگەڵ بەغداد لەو بارەیەوە و وەزارەتی دارایی عێراقی پابەندكرد بە خەرجكردنی مووچەی ئەو فەرمانبەرانەی كە هێشتا مووچەكانیان تەوتین نەكراوە بەشێوەی كاش تا ئەوكاتەی مووچەكانیان تەوتین دەكرێت.

هەمان رۆژ، دادگای فیدراڵی لەسەر پێگەی فەرمی خۆی نوسراوێكی وەزارەتی دارایی عێراقی بڵاوكردەوە كە تێیدا پێدانی مووچەی لەمانگی ئازاری 2024 مەرجداركردووە بە تەوتینی مووچە.

ئەو بڕیارانە كۆتاییان بە پرسی تەوتین نەهێنا و فەرمانبەرانی هەرێمی نەكردە خاوەنی هەژماری بانكی خۆیان لە بانكە حكومییەكانی عێراق، بەپێچەوانەی ئەوەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر پەرەی بە پڕۆژەی هەژماری مندا وەك جێگرەوەی سەرەكی تەوتین.

دوایینجار دادگای فیدراڵی رۆژی 18 ی شوباتی 2025 لەسەر بنەمای سكاڵایەكی سەرۆك كۆماری عێراق، بڕیارێكی دیكەی لەبارەی تەوتینی مووچە دەركرد كە خوێندنەوەی جیاوازی بۆ كرا.

بڕیارەكە هەردوو وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێمی پابەندكردووە بە جێبەجێكردنی رێوشوێنەكانی تەوتینی مووچە لە بانكە مۆڵەت پێدراوەكانی بانكی ناوەندی عێراق بەهەمان رێوشوێنەكانی تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق.

دوایین بڕیاری دادگای فیدراڵی یاسانانی دابەشكرد، بەشێكیان بە دانپێدانان بە پڕۆژەی هەژماری من لێكیاندایەوە بەو پێیەی فەرمانبەرانی سەرپشككردووە لە تەوتینی مووچەكانیان لە بانكە مۆڵەت پێدراوەكان نەك تەنها بانكە حكومییەكان، بەشێكی دیكەشیان دەڵێن لەبەرئەوەی دادگا ناوی هەژماری منی نەهێناوە و جەختی لە تەوتینی مووچە بەهەمان رێوشوێنەكانی عێراق كردووەتەوە، دانپێدانان نییە بە هەژماری مندا. بەڵام حكومەتی هەرێم بڕیارەكەی بە دانپێدانان بە هەژماری من لێكدایەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی