سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و سەرۆکی جەهەپە
سبەی
ئۆزوگور ئۆزەل، سەرۆكی گشتیی جەهەپە سەبارەت بەو لیژنەیەی لە پەرلەمانی توركیا سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی پێكدەهێنرێت، رایگەیاند "سەرۆكی پەرلەمان داواكارییەكانی ئێمەی قبوڵ كرد، ئێمەش بەیانی 10ئەندامی خۆمان بۆ بەشداری لە لیژنەكە هەڵدەبژێرین".
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆكی گشتیی جەهەپە كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە لە توركیا، سەردانی ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ سەرۆكی پێشووی شارەوانی ئیستانبوڵی كرد كە لە زیندانی مارمارا زیندانی كراوە. لەدوای سەردانكردنی وتی: " ئێمە بەشداریی لە لیژنەكەی پەرلەمان دەكەین".
سەرۆكی گشتیی جەهەپە وتیشی: "خودا سزای ئەو كەسانە بدات كە سوپاسی دەوڵەت دەكەن، ئێمە بە شانازییەوە وەستاوین،مۆڕاڵی ئەندامەكانمان زۆر باشە، ئەوانەی لە كۆشكدا دەژین، مۆڕاڵیان حەوت نهۆم لە ژێر زەویدایە. ئێمە سەردەكەوین".
ئۆزگور ئۆزەل، دەشڵێت "سەرۆكی پەرلەمان داواكارییەكەی ئێمەی قبوڵ كرد، لە لیژنەكەدا زۆرینەی رەها بڕیار دەدەن، ئێمەش بەیانی 10ئەندامی خۆمان بۆ بەشداری لە كۆمۆسیۆنەكە هەڵدەبژێرین".
بۆ لیژنەكە و بەپێی ڕێژەی ئەندامانی فراكسیۆنەكانەكان بڕیار دراوە 21 ئەندامی ئاك پارتی، 10 ئەندامی جەهەپە، چوار ئەندام هیی دەم پارتی، چوار ئەندامی مەهەپە، سێ ئەندامی پارتی ئیی و سێ ئەندامی دیكەیش سەر بە فراكسیۆنی پارتی ڕێگای نوێ بێت.
هەروەها لەو پارتانەی خاوەن فراكسیۆنیش نین لە پەرلەمانی توركیا، بڕیار دراوە یەك ئەندامی هودا پار كە پارتێكی كوردیی پاشخان ئیسلامییە و باس لەوەدەكرێت باڵی سیاسی حزبوڵڵای توركیایە، یەك ئەندامی پارتی كرێكارانی توركیا، یەك ئەندامی پارتی ڕەنج كە پارتێكی دیكەی كوردییە و هاوپەیمانی دەم پارتییە، یەك ئەندامی پارتی چەپی دیموكرات و ئەندامەكەی دیكەی لیژنەكەیش سەر بە پارتی دیموكرات بێت.
ئیی پارتی بەشداری ناكات
لای خۆیەوە ئیی پارتی كە پارتێكی نەتەوەیی توندە و لە مەهەپە جیا بووەتەوە، ڕایگەیاندووە بە هیچ جۆرێك بەشداری لەو لیژنەیەدا ناكات.
لەو لیژنەیەدا فەتحی یەڵدز جێگری سەرۆكی گشتی،محەممەد لەوەنت بولبول پەرلەمانتاری ساكاریا، خەلیل ئۆزتورك پەرلەمانتاری كرك كالێ ویوجەل بولوت پەرلەمانتاری تۆكات، نوێنەرایەتیی مەهەپە دەكەن.
گولستان كڵچ كۆچییت، هاوسەرۆكی فراكسیۆن،مەراڵ دانش بێشتاش پەرلەمانتاری ئەرزەڕۆم، ساروهان ئۆلوچ پەرلەمانتاری ئانتالیا و جەنگیز چیچەك پەرلەمانتاری ئەستەنبوڵ نوێنەرایەتیی دەم پارتی دەكەن.
ناوەكانی ئەو پەرلەمانتارانەی كە ئاك پارتی بۆ لیژنەكە پێشكەشیان دەكات، هێشتا ڕانەگەیەندراون.
هەرچەند فراكسیۆنی پارتی ڕێگای نوێ كە فراكسیۆنی هاوبەشی پارتەكانی دەڤا، ئایندە و سەعادەتە، بڕیاری داوە بەشداری لە لیژنەكەدا بكات، بەڵام باس لەوە دەكرێت هێشتا پارتە بەشداربووەكانی ناو ئەو فراكسیۆنە لە گفتوگۆدان سەبارەت بە دیاریكردنی ئەندامەكانیان.
پارتی كرێكارانی توركیاش مەرجی خۆی هەیە
بانگهێشتنامە بۆ ئەو پارتە سیاسییانەش نێردراوە كە هەرچەند بە هۆی ئەوەی ژمارەی كورسییەكانیان نەگەیشتووەتە 20 ناتوانن فراكسیۆن پێك بهێنن، بەڵام كورسییان لە پەرلەمان هەیە.
پارتی كرێكارانی توركیا كە لە زۆربەی هەڵبژاردنەكانی هاوپەیمانی ئەو ئاراستە سیاسییەیە ئێستا دەم پارتی نوێنەرایەتی دەكات، حەزی لێیە بەشداری لە لیژنەكەدا بكات، بەڵام جەخت لەوە دەكاتەوە ئەگەر لیژنەكە دەستوری نوێ بۆ توركیا بنووسێتەوە، ئەوا بەشداری تیادا ناكات.
لای خۆیشیەوە پارتی ڕەنج كە خاوەنی دوو كورسییە لە پەرلەمان بڕیاری داوە ئیسكەندەر بایهـان پەرلەمانتاری ئەستەنبوڵ بكاتە ئەندامی لیژنەكە.
پارتی ڕەفاهی نوێ دوودڵە
هێشتا دیار نییە پارتی سەرلەنوێ ڕەفاه، كە محەمەد عەلی فاتیحی كوڕی نەجمەدین ئەربەكان سەرۆكیەتی، بەشداری لە لیژنەكەدا دەكات یان نا.
باس لەوە دەكرێت گفتوگۆكانی ناو ئەو پارتە بۆ ئەو مەبەستە بەردەوامە.
پارتی دیموكرات هێشتا بڕیاری لەسەر پێشكەشكردنی ئەندام بۆ لیژنەكە نەداوە، بەڵام ئاماژە بەوە دەدرێت حەزیان لێیە بەشداری لە لیژنەكەدا بكەن.
كەسایەتییەكی دیكە كە بەشداری لە لیژنەكەدا دەكات، سەرۆكی گشتیی پارتی چەپی دیموكرات و پەرلەمانتاری هەمان پارت، ئۆندەر ئاكساكال دەبێت.
هودا پاریش كە خاوەن چوار كورسییە لە پەرلەمان، ئەندام بۆ لیژنەكە پێشكەش دەكات، بەڵام هێشتا دیار نییە ئەو ئەندامەی هودا پار كێ دەبێت.