بەڕێوەبەری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی بارزان: عێراق نە داوای لێبوردنی كردووە و نە قەرەبووی كردووینەتەوە

#هەرێمی کوردستان#عێراق#بارزان#ئەنفال
21 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • جینۆسایدی بارزانییەكان لەلایەن رژێمی بەعس، لە 31ی تەممووزی 1983 بە چەند قۆناغێك دەستیپێكرد و زیاتر لە هەشت هەزار پیاو و گەنجی بارزانییەكان جینۆساید كران، رژێمی بەعس ئامادەنەبوو هیچ زانیارییەك لەبارەیانەوە ئاشكرابكات ، دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، دەركەوت بارزانییەكان بە فەرمانی سەدام حوسێن ئەنفالكراون و لە بیابانەكانی باشووری عێراق لە گۆڕی بە كۆمەڵدا نێژراون.
Primary Asset

ژمارەیەک لە بارزانییەکان بەدیار روفاتی کەسوکاریانەوە

سبەی

42 ساڵ بەسەر ئەنفالكردنی بارزانییەكاندا تێپەڕدەبێت، ئەنفالی بارزانییەكان بە چوار قۆناغ لە 24ـی تەمموز تا بەرەبەیانی یەكی ئاب، لەلایەن دەوڵەتی عێراق لە سەردەمی رژێمی بەعس ئەنجامدرا. بەڕێوەبەری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی بارزان دەڵێت "تائێستا حكومەتی عێراق داوای لێبوردنی نەكردووە و قەرەبووی كەسوكاری ئەنفالكراوانیشی نەكردووەتەوە".

رێبوار رەمەزان، بەڕێوەبەری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی بارزان، بە "سبەی" وت: تا ساڵی 2005 و دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق، یەكەم روفات كە لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی كوردستان دەرهێنراوە روفاتی بارزانییەكان بووە، كە 513روفات هێنراونەتەوە بۆ كوردستان كە ئەویش لە 17-10-2005 بوو، لە گۆڕستانێكی تایبەت ژێرخاك خران، لە ساڵی 2014 و لە مانگی شەش 96 روفاتی دیكە هێنرانەوە، لە مانگی حەوتی 2022 ش 100 روفاتی دیكە هێنرانەوە بۆ هەرێمی كوردستان، واتە لە كۆی هەشت هەزار ئەنفالكراوی بارزان تەنها 709 روفات هێنرانەوە و زیاتر لە حەوت هەزار روفاتیش تا ئێستا لە بیابانەكانی باشوری عێراقن.

وتیشی:" لە بنەماڵەی ئێمە زیاتر لە 150 كەس ئەنفالكراون، باوكیشم یەكێكە لە ئەنفالكراوان، لە 2019 چوومە بیابانەكانی عێراق بۆ گەڕان بەدوای گۆڕە بە كۆمەڵەكان هەندێك جار دەموت رەنگە لە بیابان بێت یاخود هێنرابێتەوە بۆ بارزان".

حكومەتی هەرێمی كوردستان مینحەیەكی مانگانەی بۆ كەسوكاری شەهیدان بڕیوەتەوە، كرێی خوێندن بۆ كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان لەگەڵ چەند خزمەتگوزارییەكی دیكە، هەندێكیان لە 2009 و 2013 زەوییان بۆ دەرچوو، ئەمەش بەپێی یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەهیدان".

"لە رووی قەرەبووكردنەوەوە تائێستا كەسوكاری ئەنفالكراوان لەلایەن حكومەتی عێراق قەرەبوو نەكراونەتەوە و حكومەتی عێراقیش داوای لێبوردنی لێنەكردووین، لە 2009 بۆ 2011 كە دۆسیەی ئەنفالكراوانی بارزانییەكان لە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق بە جینۆساید ناسێندرا بەڵام قەرەبووی ماددی و مەعنەوی كەسوكاری قوربانییان نەكراوەتەوە". رێبوار رەمەزان وا دەڵێت.

جینۆسایدی بارزانییەكان لەلایەن رژێمی بەعس، لە 31ی تەممووزی 1983 بە چەند قۆناغێك دەستیپێكرد و زیاتر لە هەشت هەزار پیاو و گەنجی بارزانییەكان جینۆساید كران، رژێمی بەعس ئامادەنەبوو هیچ زانیارییەك لەبارەیانەوە ئاشكرابكات ، دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، دەركەوت بارزانییەكان بە فەرمانی سەدام حوسێن ئەنفالكراون و لە بیابانەكانی باشووری عێراق لە گۆڕی بە كۆمەڵدا نێژراون.

بارزانییەكان بەر لەوەی بەر هەڵمەتی ئەنفال بكەون لە ساڵانی حەفتاكانی سەدەی رابردوو بۆ باشووری عێراق راگوێزران، لەساڵی 1978 بەشێكیان لە زێدی خۆیان بۆ ئۆردوگا زۆرەملێیەكانی دیانا، هەریر، بەحركە و گۆڕەتوو، لەژێر كۆنتڕۆڵی توندی سەربازی كۆكرانەوە و مەبەستەكەش ئامادەكردنیان بوو بۆ قۆناغی دواتر كە لەناوبردنیانە هەروەها لە ساڵی 1980 ژمارەیەكی دیكەیان بۆ ئۆردوگای زۆرەملێی قوشتەپە بەمەبەستی لەنێوبردنیان لە هەردوو كۆمەڵگەی قودس و قادسیە، نیشتەجێكران.

تاوانی ئەنفال لە ساڵی 1987-1988، لەلایەن رژێمی بەعسی عێراق، دژی گەلی كوردستان دەستیپێكرد، لەو كۆمەڵكوژییەدا 182 هەزار كەس بە ژن، منداڵ، گەنج و بە تەمەنەوە بێسەروشوێنكران، دواتر بەشێكیان لەناو گۆڕە بە كۆمەڵەكاندا دۆزرانەوە، هەروەها نزیكەی پێنج هەزار گوندی كوردستان خاپووركران.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی