ترەمپ بڕیارەکانی بە دەستەوەیە
سبەی
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، سەپاندنی باجی گومرگیی بەسەر دەیان وڵاتدا راگەیاند، كە %10 ەوە دەستپێدەكات تا %41. باجی سەر عێراقی كەمكردووەتەوە و باجی توركیاشی زیادكردووە، باجی سەر سوریاش وەك خۆی ماوەتەوە.
هەرچەندە ترەمپ پێشتر هەڕەشەی ئەوەیكردبوو كە لە یەكی ئابەوە باجی گومرگیی زیادكراو جێبەجێ دەكات، بەڵام جێبەجێكردنی بڕیارەكەی تا حەوتی ئەم مانگە درێژكردەوە، ئەو وڵاتانەی بەهۆی باجە نوێیەكانەوە باج لەسەریان زیادبووە وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا و بەریتانیا و ژاپۆنن، لەگەڵ چین و مەكسیك.
هەرچەندە بەشێك لە وڵاتان رێككەوتنیان كردووە و هاوبەشی بازرگانیی ئەمەریكان، بەڵام سەرەڕای ئەوەش رووبەڕووی گومرگێكی زۆر دەبنەوە، ئامانجی ترەمپ لە سەپاندنی ئەو باجە گومرگیانە "گەڕاندنەوەی پیشەسازییە بۆ ئەمەریكا و ناچاركردنی وڵاتانی دیكە بۆ كەمكردنەوەی بەربەستە بازرگانییەكان لەبەردەم هەناردەی ئەمەریكادا".
بەپێی فەرمانەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، ئەو وڵاتانەی رێككەوتنیان نییە، روبەڕووی پێناسی گومرگیی 10% بۆ 40% دەبنەوە، ئەم بڕیارەش جیاوازی نەكردووە و ئابوری گەورە و بچوكی كردووەتە ئامانج، لەوانەش ئابوری گەورەی تایوان و هیندستان، یاخود وڵاتانی ئابوری بچوكی وەك باشوری ئەفریقا و بەنگلادیش و سریلانكا و لیسۆتۆش كە خۆشی وڵاتێكی بچوكە.
لەنێوان ئەو وڵاتانەدا كە كۆی گشتیی 95 وڵاتن، زۆرینەیان رێككەوتنیان نییە، لەوانەش عێراق كە رێژەی 35% ە و جەزائیر كە 30%ە، سوریا 41% و سویسرا 39% و تایوان 20%ە. بەڵام عێراق پێشتر رێژەی ئەو باجەی بەسەریدا سەپێندرابوو 39% بوو واتە 4% كەمكراوەتەوە.