ئاڵای ئێران و ئەمەریکا
سبەی
لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاڵۆزیەكانی نێوان تاران و واشنتن، دوای گورز وەشاندنی ئەمدواییەی ئەمەریكا، ئێران پەیامی سیاسی كۆدكراو و ئاشكرای ناردووە، یەكێكیان ئەوەیە كە ناگەڕێتەوە بۆ مێزی دانوستان وەك پێشوو ئەگەر باجێكی سیاسی و ماددی قورس نەدات.
لەو چوارچێوەیەدا لێدوانەكانی عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران كە بەمدواییە دەریبڕیون، ئاماژەیە بۆ گۆڕانی بنەڕەتی لە بنەماكانی پێكدادانی دیپلۆماسی لەدوای جەنگەوە، بەتایبەتیش سزاكانی ئەمدواییەی ئەمەریكا ئەوەندی تر وایكردووە ئێران هەڵوێستی قورسی هەبێت و دەرگا لەبەردەم هەر نەرمی نواندنێك دابخات.
پێش گرەنتی و قەرەبوو دانوستان ناكەین
لەوتەیەكدا بۆ رۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز" عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشكرایكردووە، لەگەڵ ستیڤ ویتكۆڤ نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیامیان ئاڵوگۆڕ كردووە. بەڵام جەختیشیكردەوە "هەر گفتوگۆیەكی پێشوەختە دەستپێناكات ئەگەر رێوشوێن نەگیرێتەبەر بۆ ئەوەی متمانە دروست بكرێت".
عەراقچی زیاتر مەبەستەكەی روونكردەوە و وتی "ئەو متمانەیە خۆی دەبینێتەوە لە قەرەبووی دارایی بەهۆی ئەو زیانانەی لەئێران كەوتووە بەهۆی هێرشەكانی ئەمەریكاوە، هەروەها گەرەنتی ئەمنیی بەوەی هیچ هێرشێك لە داهاتوودا روونەداتەوە".
بەوتەی عەراقچی "ئەمەریكا ناتوانێت پێشبینی دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ بكات لەو خاڵەی كە وەستاوە لە گەڕەكانی پێشوودا، بەڵكو پێویستە بە تەواوەتی پەڕەیەكی نوێ بكاتەوە، كە رەنگدانەوەی واقیعی ستراتیژی نوێ بێت لە دوای جەنگەكەوە".
ئێران بەرپەرچی سزاكان دەداتەوە و خاڵی بەهێزی خۆی نیشان دەدات
لەگەڵ ئەو هەڵوێستە توندانەی ئێران، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا سزای بەسەر تۆڕێكی نەوتیی ئێراندا سەپاند، كە بەوتەی ئەوان پەیوەستە بە محەمەد حسێن شەمخانی كوڕی راوێژكاری باڵای عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئێران، هەروەها سزاكان دەیان قەوارە و كەسایەتیی تێدایە كە نەوت لە ئێرانەوە بۆ روسیا دەگوازنەوە، كە لە ڕێگەیەوە قازانجی ملیاران دۆلار بەدەست دەهێنن.
سەرەڕای ئەوەش ئێران جەخت دەكاتەوە كە بەرنامە ئەتۆمییەكەی تێكنەچووە وەك ئەوەی ئەمەریكا و ئیسرائیل باسی دەكەن. بەڵگەش بۆ ئەوە عیماد ئابشناس سەرنوسەری رۆژنامەی "ئێران دیپلۆماتیك" بۆ سكای نیوزی عەرەبی دەڵێت "ئەگەر دامەزراوە ئەتۆمییەكان لەناوچوون بۆچی ئەمەریكیەكان باس لە دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ دەكەن؟
هەڵوێستی رەتكراوەی ناوخۆیی بۆ گفتوگۆ بەبێ باج
بەوتەی ئابشناس، عەراقچی روبەڕووی ناڕەزایی ناوخۆیی دەبێتەوە ئەگەر هەر دانوستانێك لەگەڵ واشنتن دەستپێبكات، لەكاتێكدا ئێرانییەكان هەست بە "زەلیلبوون" دەكەن بەهۆی هێرشە سەربازیەكانی ئەمەریكاوە.