پاشماوەی درۆنێک کە لە هەرێمی کوردستان کەوتووەتەخوارەوە
سبەی
بەرپرسێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكردووە، لیژنەیەكی تایبەت لە بەغدادەوە رۆژی شەممە 2-8-2025 دەگاتە هەولێر، بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوەكان سەبارەت بەو هێرشە درۆنیانەی لەماوەی رابردوودا ئەنجامدران بگەیەننە خاڵی كۆتایی.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە فەرماندەیی پرۆسە هاوبەشەكانی عێراق بە یەكێك لە میدیاكانی عێراقی وتووە "لیژنەیەكی تایبەتمەندی عێراق سبەینێ شەممە لە بەغدادەوە دەگاتە هەولێر".
بەوتەی تەڵعەت "كاری لیژنەكە تەواوكردنی لێكۆڵینەوەكانە سەبارەت بەو هێرشە درۆنیانەی لەماوەی رابردوودا بۆسەر كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامدران".
وەك ئەو بەرپرسەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی پێداوە "لیژنەكە پارچەی ئەو درۆنانە دەبەن كە لە هەرێمی كوردستان كەوتوونەتە خوارەوە، بۆ ئەوەی پرۆسەی تەواوكاری لێكۆڵینەوە و تۆماركردنی بەڵگەكان ئەنجام بدەن و سەرچاوەی هەڵدانی درۆنەكانی ئاشكرابكەن، دواتریش راپۆرتێكی ورد لەبارەی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان ئامادە بكەن".
لیژنە تایبەتمەندەكەی عێراق، لە هەریەك لە نوێنەرانی دەزگای هەواڵگری، ئاسایشی نیشتمانی، بەڵگەی تاوان پێكهاتوون.
رۆژی 30 ی تەمموز درۆنێكی بۆمبڕێژكراو پێش تەقینەوەی لە نزیك گوندی دووگردكانی سنوری مەخمور كەوتەخوارەوە، ئەوەش بەپێی دژەتیرۆری كوردستان.
گرنگی مەخمور چییە؟
مەخمور خاڵی پەیوەندی نێوان سێ شوێنی ستراتیژییە كە هێزی ئەمنی جۆراوجۆری تێدا جێگیر كراون.
لە دیوی باكوری رۆژئاوای مەخمور، كە شارۆچكەكانی سەر بە پارێزگای نەینەوای لێیە، لیواكانی سەر بە هێزەكانی حەشدی شەعبی و گروپە چەكدارەكانی لایەنگری ئێران جێگیرن. لە ڕۆژئاواوە هێزەكانی سوپای عێراق لە بنكەیەكی سەربازی لە شارۆچكەی گەیارە جێگیرن. هەروەها لە ناو خودی مەخموردا سوپا بوونی هەیە،
لە رۆژهەڵاتی مەخمور، هێزەكانی پێشمەرگە جێگیرن، ئەمە جگە لە بوونیان لەناو قەزاكە بە هەماهەنگی لەگەڵ سوپای عێراق.
مەخمور یەكێكە لەگرنگترین ناوەندەكانی هەماهەنگی سەربازی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە، لەدوای شەڕی داعشەوە، ئەوەش بەپێی وتەی چەند سەرچاوەیەك بۆ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت.
سەرچاوەكان ئاماژە بەوە دەكەن لەچەند مانگی ڕابردوودا چالاكیی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لەناوچەكە زیاد بووە و پێدەچێت لە لای باكووری ڕۆژئاوای مەخموورەوە هەڵبدرێن.
سەرچاوەكان پێیانوایە "ئەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانانەی كە هێرش ناكەن (فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكەی چوارشەممە كە بەبێ تەقینەوەی كەوتە خوارەوە) لەم ناوچەیەدا مەبەست لێی چاودێریكردنی پێگەكانە لەناو مەخمور، بەو پێیەی هەندێك لە گروپە چەكدارەكان دەیانەوێت چاودێری هەر چالاكییەك لە ناو مەخمور بكەن".
بە وتەی كیفاح مەحمود، ڕاوێژكاری راگەیاندنی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، "هەموو كەس لەبارەی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان و لایەنەكانی پشتیانەوە دەزانن. بەغداش دەزانێت، هەروەك هەولێریش دەزانێت. دژەتیرۆری هەرێم و دەزگا هەواڵگرییەكانی دیكە، بە هاوكاری هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بە تەواوی دەزانن ئەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانانە لە كوێوە هاتوون و لە كوێوە خراوەتە خوارەوە، كێ هەڵیانداوە، جۆری تەقەمەنی بەكارهێنراون و كێ دروستی كردووە".
سەبارەت بەهۆكاری رانەگەیاندنی ناوی ئەو گروپانەی لەو هێرشانە تێوەگلاون، كیفاح مەحمود دەڵێت "چاوەڕوانی حكومەتی فیدراڵیین كە ئەمە ڕابگەیەنێت، چونكە ئەو بەرپرسە لە پاراستنی ئاسایشی وڵات، ئەگەر ئەو كارە نەكەن، هەرێم ناچار دەبێت ڕاستییەكان ڕابگەیەنێت".
هۆكاری هێرشەكان
كیفاح مەحمود پێیوایە هێرشە دووبارەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان "پلانێكی ڕوونە كە ئامانج لێی فشاری ئابووری و سەربازییە بۆ سەر هەرێم، ئەمە جگە لەوەی هەوڵێكە بۆ وەستاندنی كاری كۆمپانیا ئەمەریكی و بیانییەكان لە وەبەرهێنانی نەوت و گاز لەناو هەرێمدا".
پێشیوایە، هێرشەكان هەوڵێكن بۆ "فشارخستنە سەر پارتی بۆ ناچاركردنی هاوپەیمانی لەگەڵ هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، ناچاركردنی بۆ ئەوەی لە پڕۆسەی سیاسی بكشێتەوە، لەگەڵ دوورخستنەوەی لە یەكێتی".
لە كۆتایی مانگی رابردووەوە، زیاتر لە 30 هێرشی درۆنی كراوەتە سەر هەرێمی كوردستان كە بەشی زۆریان كێڵگە نەوتییەكانیان كردە ئامانج سەرجەم هێرشەكانیش لە رێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بۆمبڕێژكراوەوە ئەنجامدراون.
هێرشەكان، كێڵگەكانی نەوتی خورمەڵە، تاوكێ، پیشخابور و سەرسەنگ و عەین سوفنا و كێڵگەكانی دیكەیان بە ئامانج گرتووە، بەهۆیەوە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بە نزیكەی 200 هەزار بەرمیلی رۆژانە كەمبووەتەوە.
قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق رۆژی 28 ی تەمموز لەمیانەی سەردانەكەیدا بۆ هەولێر رایگەیاند: "هێزی بەغداد هێزێكی یەكگرتووی عێراقی فیدراڵە و روبەڕووی هەموو هێزێك دەبێتەوە كە بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەی دەكاتە ئامانج، گفتوگۆمان لەسەر ئەو زانیاریانە كردووە و ئامانجی ئێمە لێپرسینەوەیە لە هێرشكاران، چاوەڕوانی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان دەبین".
وتیشی :"هێرشە درۆنییەكان زیانیان بە عێراق گەیاندووە و هەموو ئەوكەسانەی كارەكەیان ئەنجامداوە لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەكرێت".
دوای سەردانەكە لیژنە ئەمنییەكەی عێراق راپۆرتێكیان بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق بەرزكردەوە لەبارەی هێرشە درۆنییەكانی سەر هەرێمی كوردستانەوە.
رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان رۆژی 28 ی تەمموز رایگەیاند: "ئەو هێرشانە كاریگەری راستەوخۆیان هەبوو لەسەر ئەوەی كۆمپانیاكانی نەوت لە كێڵگەكان كشانەوە و بەرهەمهێنان راوەستا، پێشتریش كێڵگەكان بەهۆی راگرتنی نەوت توانای بەرهەمهێنانیان كەم ببوەوە، پێویستی بە كاتە بۆ ئەوەی ئەو كێڵگانە بگەنەوە ئاستی خۆیان، هیوادارین لیژنەكە چارەسەری بكەن ئەگەرنا ئێمەش بێدەنگ نابین". وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان وای وت.
وتیشی "لیژنەكە دەستی بەكارەكانی كردووە كە هاوبەشە، بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە لە پاشماوەی درۆنەكان بكرێت كە سەر بە كێن و لە كوێوە هەڵدراون و هی چی گروپێكن، ئەگەرنا لایەنەكانی پشت ئەو درۆنانە بۆ هەردوولا ئاشكران، دواتریش سەردانی چەند شوێنێك دەكەین كە كراونەتە ئامانج".