ئەمەریكا سزای بەسەر بزوتنەوەی فەتح و دەسەڵاتی فەڵەستیندا سەپاند

#فەلەستین#ئەمەریکا#وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا#فەتح
21 کاتژمێر لەمەوپێش
جێگر تەیب
پوختە :
  • بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، کە ئەمڕۆ 31ـی تەمموزی 2025، بڵاوکراوەتەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کۆنگرێسی ئاگادار کردووەتەوە کە بزوتنەوەی فەتح و دەسەڵاتی فەلەستین بەڵێنەکانیان نەبردووەتە سەر، کە لە 1989 لەسەری رێککەوتبوون.
Primary Asset

راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەسەر سزاکان

سبەی

 وەزارەی دەرەوەی ئەمەریکا، سزای بەسەر سەکردایەتی بزوتنەوەی رزگاریخوازی فەڵەسەتین ناسراو بە (فەتح) و دەسەڵاتی فەڵەستیندا سەپاند.

بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، کە ئەمڕۆ 31ـی تەمموزی 2025، بڵاوکراوەتەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کۆنگرێسی ئاگادار کردووەتەوە کە بزوتنەوەی فەتح و دەسەڵاتی فەلەستین بەڵێنەکانیان نەبردووەتە سەر، کە لە 1989 لەسەری رێککەوتبوون.

وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئەو دوو رێکخراوە، ئەو بەڵینانەی لەسەری رێککەوتبوون شکاندوویانە بە پاڵپشتیکردنی دادگا نێودەوڵەتییەکان دژی ئیسرائیل.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دەشڵێت "هەروەها ئەو دوو گرووپە لە پاڵپشتییەکانیان بۆ تیرۆر بەردەوام بوون، ئەوەش لە رێگەی هاندان بۆ توندوتیژی لە کتێب و بڵاوکراوەکانیاندا و پێدانی پارە بە تیرۆریستەکان و خێزانەکانیان".

لەبەر ئەو هۆکارانە، وەک لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەدا هاتووە: ئەمەریکا بڕیاریداوە بە سزادانیان، ئەوەش بە واتای رەتکردنەوەی ڤیزا بۆ ئەندامان و سەرکردایەتی هەردوو گرووپی فەتح و دەسەڵاتی فەڵەستین.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەشدا هاتووە: ئەمەریکا باوەڕی وایە، ئەو سزایانە پێویستن بۆ پاراستنی ئاسایش و بەرژەوەندییەکانیان هەروەها بۆ لێپرسینەوە لە سەرکردە فەڵەستینییەکان.

بزوتنەوەی فەتحی فەڵەستین لە یەكی كانونی دووەمی 1965 دامەزراوە، یەكەم رێكخراوی "شۆڕشگێڕی" دژ بە دەوڵەتی ئیسرائیل بووە، كە لەسەر دەستی یاسر عەرەفات بزوتنەوەكە بەهێزكراوە.

یاسر عەرەفات لە ساڵی 2004 كۆچی دواییكرد، زۆربەی دامەزرێنەرانی بزوتنەوەی فەتح یاخود رێكخراوی ڕزگاریخوازی فەڵەستین كە لە سەرەتای پەنجاكانی سەدەی رابردوەوە چالاكبوون، لەلایەن ئیسرائیلەوە كوژراون.

تا ساڵی 2006 بزوتنەوەی فەتح و حەماس پێكەوە فەڵەستنیان بەڕێوەدەبرد، بەڵام دواتر كە هەڵبژاردن ئەنجامدرا حەماس دەسەڵاتی كەرتی غەززەی بە فەرمی وەرگرت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی