سبەی
عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین گۆڕێ بە کۆمەڵی تێدایە. رژێمە یەک لە دوای یەکەکان بەردەوام خەڵک و نەیارەکانیان بێسەروشوێن کردووە. بۆ دۆزینەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان ژمارەیەک رێکخراوی نێودەوڵەتی و ئەوروپی هاتوونەتە عێراق، یەکێک لەوانە تیمی لێکۆڵینەوەیە بۆ لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش ناسراو بە "یونیتاد".
بەپێی خەمڵاندنەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە ماوەی نیو سەدەدا لە عێراقدا نزیکەی 250 هەزار بۆ یەک ملیۆن هاوڵاتیی عێراقی بێسەرشوێن بوون.
بەپێی راپۆرتێکى کونسوڵی ئەروپییەکان بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوە (European Council on Foreign Relations) "یونیتاد"، تا ئەمڕۆ نزیکەی 290 گۆڕی بە کۆمەڵ لە عێراقدا هەڵدراونەتەوە.
لەو ژمارەیە 96 گۆڕیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی رژێمی سەدام حوسێن و تا ئێستا 80 گۆڕیان هەڵدراوەتەوە. دوای رووخانی سەدام، کوشتن و لە گۆڕنانی بە کۆمەڵ کۆتایی نەهات. گروپە میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە حەشدی شەعبی و داعش، بەرپرسیارن لە 122 گۆڕی بە کۆمەڵ، لەو ژمارەیە تەنها 51 گۆڕ هەڵدراونەتەوە.
کارەکانی یونیتاد لە عێراق
یونیتاد لە 2017 لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە دروستکرا. بە ئامانجی کۆکردنەوەی بەڵگەی تاوانەکانی داعش. رێکخراوەکە لەلایەن ئەوروپییەکانەوە بە تایبەت ئەڵمانیا و فەڕەنسا پاڵپشتی دارایی دەکرا. رێکخراوەکە هەموو کەرەستەیەکی تەکنەلۆژیای ئاست بەرزیان پێبەخشرابوو، ئەوەش بۆ کاکردن لەسەر گۆڕە بە کۆمەڵەکانی یەزیدییەکان لە شەنگال.
رێکخراوەکە کاری باشیکرد لە گۆڕە بە کۆمەڵەکان، سروشتی کارەکە هێواشە پێوستی بە کاتی زۆرە، بۆیە دەبوایە کارەکانی رێکخراوەکە بەردەوامە بوایە، بەڵام بە هۆی ناکۆکییەکانی حکومەتی عێراق و یونیتاد، رێکخراوەکە لە ئەیلوولی 2024 کۆتایی بە کارەکانی هێنا.
یەکێک لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان عێراق و یونیتاد، جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، ئەوەش رێگر بوو لە هاوبەشیپێکردنی هەموو زانیارییەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق.
یەکێکی دیکە لە ناکۆکییەکان، عێراق یونیتادی تۆمەتبار دەکرد بە هەڵگرتنی بەڵگە گرنگەکان لای خۆی و هاوبەشیکردنی لەگەڵ وڵاتانی سێیەمدا. سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی، یونیتاد رایگەیاند، رێساکانی نەتەوەیەکگرتووەکان رێگرە لەوەی هەموو زانیارییەکان لەگەڵ عێراقدا هاوبەشی پێبکات.
ئاڵنگارییەکی دیکەی گەورەی بەردەم یونیتاد، رێگریکردن و بێ باوەڕی ئێزیدییەکان بوو بە رێکخراوەکەی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان. ئیزیدییەکان پێیانوابوو کارەکانی یونیتاد سنوردارە، چونکە تیمەکە تەنها سەرنجیان لەسەر تاوانەکانی داعش و دۆکۆمێنتکردنی بوو، بەڵام ئیزیدییەکان باوەڕیان وابوو، دۆکۆمێنتکردنی تاوانەکان بەس نییە بۆ گەرەنتیکردنی داهاتوویان و رێگەگرتن لە دووبارە بوونەوەی کارەساتی هاوشێوە.
یەکێکی دیکە لە کێشەی ئێزیدییەکان ئەوەبوو کە یونیتاد ژمارەیەک بەڵگەی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوبەشیپێکرد. ئەوەش وەک خیانەت تەماشا دەکرا لەلایەن ئیزیدییەکانەوە.