رۆژنامەی عەرەب: هەسەدە گرژییەكانی نێوان دەسەڵاتدارانی سوریا و دروزەكان بۆ دەستكەوتی خۆی دەقۆزێتەوە

#سوريا#هەسەدە#دیمەشق#تورکیا#ئەمەریکا#کورد
21 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 21 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • وەك ئەو رۆژنامەیە باسی كردووە، هێزەكانی سوریای دیموكرات هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ ئەوەی گرژیی نێوان حكومەتی سوریا و كەمینەكان بە قازانجی خۆیان بقۆزنەوە، بەتایبەتی دوای شەپۆلی توڕەیی دروزەكان لە سوەیدا و پێش ئەوەش ئاڵۆزی نێوان عەلەوییەكان و حكومەتی كاتی لە كەناراوەكانی سوریا.
Primary Asset

هێزەکانی سوریای دیموکرات

سبەی

رۆژنامەی عەرەب لە مانشێتی ئەمڕۆیدا و لە راپۆرتێكدا نوسیویەتی " هەسەدە وەبەرهێنان لەسەر گرژییەكانی نێوان دەسەڵاتدارانی سوریا و دروزەكان دەكات و بۆ دەستكەوتی خۆی دەیقۆزێتەوە".

لە راپۆرتی ئەو رۆژنامەیەدا هاتووە: دوابەدوای روودانی چەندین ئاڵۆزی و تێكهەڵچوون لە نێوان حكومەتی ناوەندی سوریا و دروزەكان و پێشتریش عەلەوییەكان، هەسەدە هەوڵی دا بێدەنگی هەڵبژێرێت بەو هیوایەی فشارەكانی سەر دیمەشق ببێت بە هۆی ئەوەی ئیمتیازی زیاتر لە حكومەتەكەی ئەحمەد شەرع وەربگرن، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی بەپێچەوانەی دروزەكان كە ئیسرائیل پشتیوانیان دەكات هیچ هێزێك لە كاتی روبەرووبوونەوەی كورد لەگەڵ حكومەتی ناوەندی پشتیوانیان ناكات، مەترسی ئەوەی یارمەتی ئەمەریكاش لەدەست بدەن زۆرە ئەوەش لە كاتێكدایە كە ئەو كات ئەگەری ئەوەی توركیا بەرەیەكی جەنگ لەگەڵ رۆژئاوا بكاتەوە مسۆگەرە.

وەك ئەو رۆژنامەیە باسی كردووە، هێزەكانی سوریای دیموكرات هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ ئەوەی گرژیی نێوان حكومەتی سوریا و كەمینەكان بە قازانجی خۆیان بقۆزنەوە، بەتایبەتی دوای شەپۆلی توڕەیی دروزەكان لە سوەیدا و پێش ئەوەش ئاڵۆزی نێوان عەلەوییەكان و حكومەتی كاتی لە كەناراوەكانی سوریا.

هەسەدە و ئیدارەی خۆسەری كورد ئەمە وەك دەرفەتێك دەزانن

لە كاتێكدا كە دروزەكان داوای ئۆتۆنۆمی و جیابوونەوە لە حكومەت دەكەن، هەسەدە و ئیدارەی خۆسەری كورد ئەمە وەك دەرفەتێك دەزانن بۆ ئەوەی بە مەرجی باشتر تێكەڵ بە دامودەزگاكانی حكومەت ببن، بە سوودوەرگرتن لە فشارەكانی سەر حكومەتەكەی ئەحمەد شەرع ئەمەش بەپێی راپۆرتەكەی رۆژنامەی عەرەب.

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەكانی هەسەدە لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی ئەلعەرەبیە حەدەس ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەحمەد شەرع  كۆبووەتەوە و ڕێككەوتوون لەسەر تێكەڵكردنی 100 هەزار چەكداری كورد لە وەزارەتی بەرگریدا،  ئاماژەی بەوەشكرد، لەسەر "یەكگرتوویی سوریا و یەكگرتوویی سوپاكەی وەك دامەزراوەیەكی ناوەندی و گشتگیر" ڕێككەوتوون.

كوردەكانی سوریا ئێستا توانای مانۆڕ و قۆستنەوەی هەلومەرجەكانیان هەیە

چاودێران پێیان وایە بڵاوكردنەوەی ئەو لێدوانانە، لەكاتێكدا كە دروزەكان بە دوای دامەزراندنی حوكمڕانییەكی ئۆتۆنۆمی و بەرەو جیابوونەوە لە دیمەشق هەنگاو دەنێن، ئەوە دەردەخات كە كوردەكانی سوریا ئێستا توانای مانۆڕ و قۆستنەوەی هەلومەرجەكانیان هەیە بە قازانجی خۆیان، ئەوەش لە كاتێكدایە كە پێشتر باوەڕیان بە بژاردەی چەكداری هەبووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەكانی حكومەت و هاوپەیمانە توركییەكانیان.

گروپەكانی سوریا گرەویان لەسەر كوردەكان كردبوو كە دەستوەردان بكەن بۆ لابردنی گەمارۆی ئەمنیی ناوچە عەلەوییەكان، لە چوارچێوەی هەوڵێكی فراوانتر بۆ تێكدانی دەسەڵاتی ئیسلامییەكانی سوریا، بەڵام بەپێچەوانەوە كورد ئەو دەرفەتەی بەكارهێنا بۆ ئەوەی وەك هاوبەشێك لە دەسەڵاتدا شانبەشانی شەرع بمێنێتەوە بەمەرجێك كە بەرژەوەندییەكانی لەلایەن حكومەتی ناوەندی مسۆگەر بكرێت، ئەو دۆخە لە كاتی تێكهەڵچوونی نێوان دروزەكان و حكومەتی ناوەندی سوریا دوبارە بووەوە، بەڵام ئەم جاریش كوردەكان بێ لایەنیان هەڵبژارد.

 واشنتن درك بەو دۆخە دەكات كە لە سوریا هاتووەتە ئاراوە

كورد باوەڕی بە مامەڵەكردنی تاكلایەنە هەیە بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییەكانی، بەبێ گوێدانە ئەجێندای كەمینەكانی دیكە و لایەنەكانی پشتەوە. جگە لەوەش هاوپەیمانی ئەمەریكی كە لە مێژوودا پشتیوانی كورد بووە، پاڵیان پێوەدەنێت بۆ تێكەڵبوون لەگەڵ هێزەكانی حكومەت، واشنتن درك بەو دۆخە دەكات كە لە سوریا هاتووەتە ئاراوە و هەندێك لایەن هەوڵ دەدەن سوریا پارچەپارچە بكرێت ئەگەر ئەو لایەنە ئیسرائیلی هاوپەیمانیشیان بێت.

تۆماس باراك، نێردەی تایبەتی ئەمەریكا لە سوریا دووپاتیكردەوە" لێدوانەكانی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات ڕەوتێكی ئەرێنی بەرەو سەقامگیری دەردەخەن و ستایشی سەركردایەتی هێزەكانی سوریای دیموكرات و پابەندبوونی حكومەتی سوریای كرد بۆ یەكگرتن".

نێردەی تایبەتی ئەمەریكا لە سوریا ئاماژەی بەوەشكرد، گفتوگۆی بنیاتنەر لە نێوان هەردوولادا ڕێگای بەرەو یەكگرتن و یەكگرتوویی پتەوتر دەكات، خواستی وڵاتەكەشی بۆ بەردەوامی دانوستانەكان بۆ گەیشتن بە ئایندەیەكی گەش بۆ سوریا دەربری.

رۆژنامەی عەرەب دەشڵێت "فاكتەرێكی تر كە كورد لە ئاڵۆزی كەمینەكان لەگەڵ حكومەتی ناوەندی بێدەنگی هەڵبژاردووە، ئەوەیە كە دەزانێت ئەگەر بڕیاری پشتیوانی كەمینەكان بدات چیدیكە ئەمەریكا و ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ پشتیوانییان ناكات".

 لایەنێكی دیكە كە كوردی ناچار كردووە لەو ئاڵۆزیانەدا بێدەنگ بێت هەڵوێستی توركیایە، لە كاتێكدا ئیسرائیل دەستوەردانی كردووە بۆ پاراستنی دروزەكان و ڕێگریكردن لە داگیركردنی پارێزگەی سویدا لەلایەن هێزەكانی حكومەتەوە، بەڵام هیچ لایەنێك نییە كە بتوانێت لەگەڵ هێزەكانی هەسەدە یان ئیدارەی خۆسەردا بوەستێت ئەگەر بڕیار بدەن رووبەرووی دیمەشق بنەوە و تێكهەڵچوونی سەربازی لە نێوانیان رووبدات.

" ئیسرائیل دەیەوێت سوریا دابەش بكات بۆ ئەوەی ناسەقامگیر و لاواز بێت"

لەو بارەیەوە هەڵوێستی توركیا ڕوون بووە، هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا لە پەیامێكی ڕاستەوخۆدا بۆ كورد و كەمینەكان دووپاتیكردووەتەوە، وڵاتەكەی دەستوەردانێكی ڕاستەوخۆ دەكات بۆ ڕاگرتنی هەر هەوڵێك بۆ دابەشكردنی سوریا.

هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا لە ئەنقەرە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند:" ئیسرائیل دەیەوێت سوریا دابەش بكات بۆ ئەوەی ناسەقامگیر و لاواز بێت".

ڕاشیگەیاند "چەكدارانی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بە دوای قۆستنەوەی ئاژاوەگێڕییەكاندان بە قازانجی خۆیان، توركیا ڕێگری دەكات لە جێبەجێكردنی ئەم سیاسەتە".

لە كۆتایی راپۆرتەكەی رۆژنامەی عەرەب دا هاتووە:" چەند ڕۆژێك لەمەوبەر سەرچاوەیەكی حكومیی بۆ تەلەفزیۆنی دەوڵەتی پشتڕاستكردەوەدەسەڵاتدارانی سوریا ڕەتیدەكەنەوە ڕێگە بە هێزە كوردییەكان بدەن كە ناوچەیەكی فراوان لە باكور و باكوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەكەیان كۆنترۆڵكردووە، چەكەكانیان بپارێزن، بەڵام پێدەچێت ڕووداوەكانی ئەم جارە دەرفەتێك بە كورد بدات كە چەكەكانیان لەدەستیاندا رابگرن و كۆنترۆڵی ناوچەكە لەدەست نەدەن."

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی