ترەمپ لە پوتن توڕەیە؛ روسیا: هەڕەشەی سزای نوێ دووبارەیە و کاریگەری نییە

#ئەمەریکا#روسیا#دۆناڵد ترەمپ#ڤلادمیر پوتن
یەک ڕۆژ لەمەوپێش
جێگر تەیب
پوختە :
  • بەردەوامی شەڕی روسیا و ئۆكراینا، سەرۆكی ئەمەریكای توڕە كردووە، رۆژی 29ـی تەمموزی 2025، ئەو 50 رۆژەی وەك دوا دەرفەت داینابوو بۆ ئەوەی روسیا شەڕ رابگرێت، بۆ 10 رۆژ كەمكردەوە.
Primary Asset

پوتن و ترەمپ

سبەی

بەردەوامی شەڕی روسیا و ئۆكراینا، سەرۆكی ئەمەریكای توڕە كردووە، رۆژی 29ـی تەمموزی 2025، ئەو 50 رۆژەی وەك دوا دەرفەت داینابوو بۆ ئەوەی روسیا شەڕ رابگرێت، بۆ 10 رۆژ كەمكردەوە.

لێدوانەكانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا لە بارەی سزادانی ئابووری روسیا، نیگەرانیی مۆسكۆی لێكەوتەوە.

لە وەڵامی هەڕەشەكانی سەرۆكی ئەمەریكا، رۆژی 30ـی تەمموزی 2025، دیمیتری پیسكۆڤ، وتەبێژی كۆشكی كریملن بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند: "ئێمە بۆ ماوەیەكی زۆرە رووبەڕووی ژمارەیەكی زۆر سزای ئابووری بوینەتەوە، ئابووریەكەمان لە ژێر ژمارەیەكی زۆر ئابڵوقەدا هێشتا كار دەكات".

 پیسكۆڤ وتیشی:"لەبەر ئەوە، بەدڵنیاییەوە، ئێمە بۆ ماوەیەكی زۆرە بەرگرییەكی باشمان بۆ رووبەڕووبونەوەی سزا ئابوورییەكان پەرەپێداوە."

هەر لەو بارەیەوە، ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا، رایگەیاند:" هەڕەشەی سزای نوێ بەسەرماندا دووبارەیە، پێمان سەیرە ئەمەریكا و رۆژئاوا تا ئێستا تێنەگەشتوون كە سەپاندنی سزای ئابووری كارمان لێناكات، بەڵكو تەنها زیان بە ئابووری وڵاتانی رۆژئاوا دەگەیەنێت".

پێشتر لیندسی گراهام سیناتۆری كۆمارییەكان، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی "ئێكس" رایگەیاندبوو:" سزاكانی دۆناڵد ترەمپ جیاواز دەبێت".

گراهام لە وەڵامی وتەبێژانی كۆشكی كریملن و وەزارەتی دەرەوەی روسیا، نوسیویەتی: "راستە روسیا توانیویەتی بەسەر ئابڵوقە ئابووریەكاندا سەربكەوێت، بەروونی دیارە ئەوەی روسیا لێی تێناگات سەرۆك ترەمپ یارییەكەی گۆڕیوە، سزا بەسەر ئەو وڵاتانەدا دەسەپێنێت كە نەوت و گاز لە روسیا دەكڕن".

لە ماوەی سەرۆكایەتی خۆیدا، دۆناڵد ترەمپ چەندینجار بانگەشەی كردووە كە دەبێت جەنگی روسیا و ئۆكراینا رابگیرێت، بۆ ئەو مەبەستە چەندجارێك لەگەڵ ڤلادمیر پوتن سەرۆكی روسیا لە رێگەی تەلەفۆنەوە قسەی كردووە و گەشبین بووە بە راگرتنی جەنگ.

 بەڵام لە ماوەكانی رابردوودا ترەمپ زۆر نیگەران و توڕە بوو لە هێرشەكانی روسیا بۆ سەر ئۆكراینا. هێرشەكانی روسیا تەواو ترەمپی بێئومێد كرد لە راگرتنی شەڕی روسیا و ئۆكراینا، بۆیە بڕیاریدا 60 رۆژ مۆڵەت بە روسیا بدات بۆ رێككەوتنی ئاگربەست. لەو ماوەیەدا روسیا بەردەوام بوو لە هێرشەكانی، بۆیە رۆژی 29ـی تەمموزی 2025 سەرۆكی ئەمەریكا لەكاتی میوانداریكردنی كیەر ستامە سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا و هاوسەرەكەی لە سكۆتلەندا، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوسێكدا رایگەیاند:"مۆڵەتە 60 رۆژییەكە كە 50 رۆژی مابوو، كەمكردەوە بۆ تەنها 10 رۆژ".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی