هێرشە درۆنییەکانى سەر هەرێم و پێکدادانەکەى بەغداد؛ ناوەڕۆکى سەردانى نهێنى قائانی بۆ عێراق

#ئیسماعیل قائانی#عێراق
یەک ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • قائانی پشتیوانی تارانی بۆ حکومەت عێراق دووپاتکردووەتەوە و هەر جۆرە کردەوەیەکی تاکلایەنەی ئەو گروپانەی بە توندی ڕەتکردووەتەوە بە ئاماژەدان بەو هێرشانەی کە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان چەندینجار ناوچەکانی هەرێمی کوردستانیان کردە ئامانج.
Primary Asset

قائانی داوای لە گروپەکانی حەشدی شەعبی کردووە لە دژی حکومەتی ناوەندی عێراق هیچ جۆرە کردەوەیەک ئەنجام نەدەن

سبەى

ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقى قودسی سوپاى پاسدارانى ئێران بۆ دوەمجار لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا سەردانی عێراقی کرد، بە ئامانجى دورخستنەوەى مەترسی پێکدادانى گروپەکانى حەشدى شەعبى لەگەڵ حکومەت و خۆدورگرتن لە کردەوەى تاکلایەنە لە ئاماژەیەکدا بۆ هێرشە درۆنییەکانى سەر هەرێمى کوردستان.

 رۆژی یەکشەممەى رابردوو ژەنەراڵ ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران سەردانی عێراقی کرد و لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەی سیاسی و هەندێک لە سەرکردە دیارەکانی گروپەکان کۆبووەوە، ئەوەى بەپێی رۆژنامەى “عەرەبی جەدید” کە پشتى بە چەند سەرچاوەیەکی باڵای گروپە چەکدارەکانی عێراق بەستووە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، قائانی سەردانی شاری موسڵی ناوەندی پارێزگای نەینەوایشی کردووە. ئەو سەرچاوانە دەڵێن، قائانی لەنەینەوا  لەگەڵ بەشێک لە سەرکردە عێراقییەکان کۆبووەتەوە، کە هەردوو سیاسەتمەدار و سەربازی سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبی لەخۆگرتوە.

بەوتەى سەرچاوەکان، سەردانەکە تەنها چەند کاتژمێرێکی خایاندووە و تێیدا قائانی داوای لە گروپەکانی حەشدی شەعبی کردووە لە دژی حکومەتی ناوەندی عێراق هیچ جۆرە کردەوەیەک ئەنجام نەدەن.

قائانی پشتیوانی تارانی بۆ  حکومەت عێراق دووپاتکردووەتەوە و هەر جۆرە کردەوەیەکی تاکلایەنەی ئەو گروپانەی بە توندی ڕەتکردووەتەوە بە ئاماژەدان بەو هێرشانەی کە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان چەندینجار ناوچەکانی هەرێمی کوردستانیان کردە ئامانج. 

بە گوێرەی رۆژنامەکە، قائانی هەروەها داوای لە هێزە سیاسییەکان کردووە خۆیان بەدوور بگرن لە هەرجۆرە ناکۆکییەک  کە دواجار دەتوانێت ببێتە هۆی داڕمانی پەیوەندییەکان لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگی"دا.

سەردانەکەی قائانی بۆ عێراق دووەم سەردانە لەماوەی کەمتر لە مانگێکدا، دوای سەردانێکی نهێنی بۆ بەغدا لە 17ی تەمموزدا.

 لەو سەردانەدا قائانى هۆشداریی ئێرانی لەبارەی ئەگەرى هێرشى ئیسرائیل گەیاندە عێراق، کە دەتوانێت دامەزراوەکان و کارمەندان و بارەگاکان و کەمپەکان بکاتە ئامانج، ئەمەش لە چوارچێوەی فراوانکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکە بەگشتی. 

قائانی داوای لە بەرپرسانی بەغداد کرد چارەسەری هەندێک بابەتی ناوخۆ بکەن و هۆشداریشی پێدان لە دزەکردنی "ئیسرائیل" بۆ ناو دامودەزگاکانی دەوڵەت.

ئەوەش لە کاتێکدایە لە ماوەی ڕۆژانی رابردوو بەغداد شایەتی شەڕی چەکداری بوو لە گەڕەکی ئەلسەیدیە لە نێوان هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی و چەکدارانی سەر بە کەتائیبی حزبوڵلا حزبوڵا دوای ئەوەی ئەندامانی گروپە چەکدارەکە هەڵیانکوتایە سەر بارەگایەکى حکومی.

 لە ئەنجامی پێکدادانەکەدا ئەفسەرێکی پۆلیس و شۆفێرێکی تاکسی گیانیان لەدەستدا کە لە نزیک ناوچەی پێکدادانەکە بوون. دواتر هێزە عێراقییەکان 14 تۆمەتباریان لە لیواکانی 45 و 46ی هێزەکانی حەشدی شەعبی واتە، لیواکانی سەر بە کەتائیبی حزبوڵا دەستگیرکرد. 

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئامادەبووان لە کۆتاییدا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی هەر ڕووداوێکی هاوشێوە بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا لایەنەکان نیگەران بوون لەوەی لایەنە دەرەکییەکان هۆکاربن بۆ پەرەسەندنی کێشەکان لە نێوان گرووپەکانی حەشدی شەعبی.

نیگەرانییەکی دیکەی لایەنەکان بۆ مەترسی ئەگەری دزەکردنی دەزگای سیخوری ئیسرائیل لەناو ئەو گروپانەدا دەگەڕێتەوە لە ژێڕ ڕۆشنایی ئەو روداوانەی لە بەیروت و تاران بە هۆی سیخورەکانی ئیسرائیلەوە رویداوە.

محەمەد شەمەری توێژەری کاروباری سیاسی و ئەمنی وتى "دووەم سەردانی قائانی بۆ عێراق ئاماژەیە بۆ نیگەرانیی ئێران لە پەرەسەندنی فشارەکانی ئەمەریکا بۆ سەر گروپەکان و هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی هەماهەنگی نێوان ئەو گروپانە".

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات، ئێران دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد و لاوازبوونی ڕۆڵی حزبوڵای لوبنان عێراق وەک قەڵایەکی سەرەکی سەیر دەکات، هاوکات بەدواى سەقامگیرکردنی دۆخەکەوەیە دوای ئەو زیانانەی لەو ماوەیەدا بەخۆیەوە بینیوە، دەشڵێت قائانی هەژموون و کاریگەری قاسم سلێمنای لەناو ئەو گرووپانەدا نییە و ئەو گروپانە تەنها وەک گواستنەوەى پەیامەکانى رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی سەیرى دەکەن.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی