سبەى
بڕیارە هاوڵاتییەکی فەڕەنسی بە تاوانی تێوەگلان لە کۆمەڵکوژیی داعش دژ بە ئێزدییەکان دادگایی بکرێت، ئەوەش وەک هیوایەک دەبینرێت بۆ ئێزدییەکان دوای ساڵانێک لە ئازار و چەوسانەوە.
بڕیارە دادگای پاریس ژنە فەڕەنسییەک بە ناوی سۆنیا مێجری بە توانی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان لە روداوەکانی ساڵی 2014 و دوای هێرشی داعش بۆ سەر شنگال دادگایی بکات، ئەوەش دوای دادگاییکردنی چەند تۆمەتبارێکى دیکە لە ئەوروپا بە تۆمەتی هاوشێوە دێت کە هیوایەکی دووبارەی بەخشیوەتەوە بە ئێزدییەکان بۆ دادپەروەری، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکى ماڵپەڕی "کۆنڤێرسیشن"ی ئوسترالی.
راپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر کارەساتی شنگال لە دوای هێرشی داعش کە بووە هۆی کوژران و دەسترێژی و رفاندن بۆ سەر زیاتر لە 12 هەزار هاوڵاتی ئێزدی، کە بەهۆیەوە نزیکەی 250 هەزار کەسیش لە ئێزدییەکان ئاوارەبوون.
ساڵی 2021 ئەندامێکی داعش بە ناوی تەها ئەلجومەیلی لەلایەن دادگای فرانکفۆرت لە ئەڵمانیا بە تاوانی جینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی سزا درا، ئەمەش یەکەم دادگاییکردن بوو لە جیهاندا کە پەیوەندی بە جینۆسایدی ئێزیدییەکانەوە هەبوو.
لە ساڵی ٢٠٢٤ دادگایەک لە لاهاى سزای دە ساڵ زیندانی بەسەر ژنێکی هۆڵەندی بە ناوی حەسنە عەرەب بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە چەوساندنەوە و کۆیلەکردنی ئێزدییەکان سەپاند، هەرەوەها لە مانگی شوباتدا ژنێکی سویدی بە ناوی لینا ئیسحاق بە تاوانی جینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگی قورس لە دژی ئێزیدییەکان لە سوریا سزا درا.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، سەرەڕای سستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە دادگاییکردنی ئەندامانی داعش، ئەم دادگاییکردنانە پێشهاتێکی ئەرێنین کە لە ئەنجامی داکۆکیکردن و بانگەشەی ساڵانێکی زۆری ڕێکخراو و چالاکوانانی ئێزیدییەوە سەرچاوەی گرتووە.
سەرەڕای ئەم پێشهاتانە و تەنانەت دوای ئەوەی داعش کۆنترۆڵی خۆی لە عێراق و سوریا لە ساڵی 2017 لەدەستدا، پێکهاتەی ئێزیدی بەردەوام لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگی بەرچاودایە، لەوانە نیگەرانی لە چارەنووسى زیاتر لە دوو هەزار ئێزیدی بێسەروشوێن.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ژمارەیەکی کەم لە ژنانی ئێزیدی لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە زیندووی لە شوێنە جیاوازەکاندا رزگارکران، ئەمەش گەشبینی لەنێو کەسوکاری بێسەروشوێنەکاندا دروستکردووە.
ئەوەشی خستۆتەڕوو، پێدەچێت ژنە بەساڵاچووە ونبووەکان گیانیان لەدەستدابێت، هەروەها پێدەچێت ژمارەیەکی زۆری دیکە کە لە هێرشە ئاسمانییەکان لە کاتی هەڵمەتی سەربازیی دژی داعشدا کوژراون پێدەچێت لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا نێژرابن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، بەشێکی دیکەی نیگەرانییەکانی ئێزدییەکان بۆ ئەو کەمپانە دەگەڕێتەوە کە گومانلێکراوانی داعشیان تێیدا راگیراوە کە مەزەندە دەکرێت سەدان ژنی ئێزدی لەو کەمپاندا راگیرابن و بەهۆى دوو هۆکارەوە زۆرێکیان ناتوانن بگەڕێنەوە ئەمەش کاردانەوەی درێژخایەنی جینۆسایدەکە ئاڵۆزتر دەکات.
هۆکاری سەرەکی و یەکەم بەپێی راپۆرتەکە ئەوەیە، ژنانی ئێزیدی لەو کەمپانە خۆیان لە ئاشکراکردنی ناسنامەکانیان بەدوور دەگرن بەهۆی ترسی جیابوونەوەیان لە منداڵەکانیان کە لەژێر کۆیلایەتی داعشدا لەدایک بوون، بەتایبەتی دوای ئەوەی سەرکردەی پێکهاتەی ئێزیدییەکان ڕایانگەیاندووە کە منداڵانی لەدایکبووی ئەندامانی داعش ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ کۆمەڵگەی ئێزدییەکان.
دووەم هۆکار کە لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەى پێکراوە ئەوەیە، کە ڕەنگە ژمارەیەک لە ئێزیدیەکان لە هەندێک کەمپدا بە هۆی ئەوەی لە کاتی رفێندرانیان تەمەنێکی زۆر کەمیان بووبێت چیدیکە هەست بە ناسنامەیان نەکەن.
سەربارى کۆتایی نەهاتنى تەواوەتى نیگەرانییەکانیان، ئێزیدییەکان بەردەوامن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنییەکان، بەو پێیەی ژێرخان و پاڵپشتییان نییە بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکانیان و دوای زیاتر لە دە ساڵ، هێشتا ٢٠٠ هەزار ئێزیدی ئاوارەن و زۆربەیان لە کەمپە کاتیەکاندا نیشتەجێن بە تایبەت لە شاری دهۆک.
دادگاییکردنی ئەندامانی داعش هەندێک هیوای دادپەروەری بە ئێزیدییەکان بەخشیوە، بەڵام کێشە بەردەوامەکان لە ساڵی 2014ەوە وایکردووە گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان قورس بێت، تا ئەو کێشانە بە شێوەیەکی دروست چارەسەر نەکرێن، ئەگەری سەرهەڵدانەوەی کارەساتێکی دیکە لە ئارادایە، ئەوەش بەپێى ڕاپۆرتەکە.