مەزڵوم عەبدی: تێکەڵکردنی هەسەدە بە سوپای سوریا بە مانای هاوبەشی کردنە نەک سەپاندنی هێز

#مەزڵوم عەبدی#هەسەدە#حکومەتی کاتی#سوریا
7 ڕۆژ لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • مەزڵوم عەبدی رایگەیاند: تێکەڵکردنەوەی هەسەدە بە وەزارەتی بەرگری سوریا، مەبەست لێی هاوبەشییە
  • لە کۆبونەوەکانی داهاتووی پاریس بە نێوەندگیریی ئەمەریکا و فەرەنسا، لەگەڵ حکومەتی کاتی سوریا دانوستان و گفتوگۆ لەبارەی سەرجەم دۆسیەکانەوە دەکەن
Primary Asset

سبەی

مەزڵوم عەبدی رایگەیاند: تێکەڵکردنەوەی هەسەدە بە وەزارەتی بەرگری سوریا، مەبەست لێی هاوبەشییە، هاوبەشیی راستەقینە، لەوبارەیەشەوە تائێستا نەگەیشتونەتە رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی کاتی. بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و پێکهاتەکانی دیکە، ناوچەکانی سنوری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی، پرسی نەوت و بەڕێوەبردنی ناوچەکە و خۆبەڕێوبەرەیی لە کۆبونەوەکانی داهاتووی پاریس بە نێوەندگیریی ئەمەریکا و فەرەنسا، لەگەڵ حکومەتی کاتی سوریا دانوستان و گفتوگۆیان لەبارەوە دەکەن.

فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریا دیموکرات، لەبارەی رێککەوتنی لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سوریا و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هاوار نیوز رایگەیاند: رێککەوتنەکەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع لە دۆخێکی ناهەمواردا بووە کە ناوچەکە لە شەڕێکی قورسدا بووە، کێشەی گەورە لە ناوخۆی سوریا هەبووە، لە چەند ناوچەیەک شەڕ هەبوو، پێویست بوو بگەنە رێککەوتن بۆ ئەنجامدانی ئاگربەست و راگرتنی شەڕ و کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ لەبارەی ئایندەی سوریا.

ئاماژەی بەوەکرد؛ دوای رێککەوتننامەی (10ـی ئازاری 2025) لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا، هەنگاو گەورە نەنراوە لە رووی کردەییەوە، بەشێکی ئامانجەکان بەدەستنەهاتووە. چەندنی دۆسیە و خاڵ هەیە پێویستی بە جێبەجێکردنە، پێویستە لایەنی نێودەوڵەتی کە ئێستا لە سوریا بوونیان هەیە بەشداریی پڕۆسەکە بکەن، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی بایەخ بە دۆسیەی سوریا دەدەن هاوبەشی بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و گەیشتنە خاڵی هاوبەش.

سەبارەت بە دوایین کۆبونەوەکانی نێوان شاندی دانوستانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی و حکومەتی کاتی دیمەشق، رایگەیاند: بۆ یەکەمجار ئەمەریکا و فەرەنسا بەشداریی کۆبونەوەکانیان دەکەن، بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی دانوستانەکان، بڕیارە چەند هەنگاوێکی کردەیی بنرێت، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین دۆسیە هەیە تائێستا قسەیان لەبارەوە نەکراوە. ئەوەش پێویستی بە ئامادەکاریی زۆر هەیە بۆ ئەوەی بخرێنە بەرنامەی کاری دانوستانەکانەوە تا بگەنە ئەنجامی باش.

سەبارەت بە پرسی تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە بە هێزەکانی حکومەتی سوریا، مەزڵوم عەبدی رایگەیاند: تێکەڵ بوون بە مانای هاوبەشیی دێت، هاوبەشی لەنێوان سەرجەم پێکهاتەکانی سوریا، نێوان سەرجەم ئیدارەکانی ئێستا، پێویستە سوریای نوێ لەسەر بنەمای هاوبەشیی بنیات بنرێت، ئەوەش بەهێز ناکرێت.

دەشڵێت: لەسەرەتاوە ئەوەمان وتووە: دژی هەموو هەوڵێکین بۆ سەپاندنی هێز، پێویستە پرۆسەکە بە دیالۆگ ئەنجام بدرێت، بە گفتوگۆ لەیەکتر تێبگەین و نزیک بینەوە، پێویستە لێکنزیکبوونەوە لەنێوان سەرجەم پێکهاتەکانی سوریا هەبێت، ئەگەر دەستوری نوێ بۆ قۆناغی داهاتوو نوسرایەوە پێویستە سەرجەم پێکهاتەکان پەسەندی بکەن، دان بە حکومەتەکەیدا بنێن، دامەزراوەکان نیشتیمانی بن.

فەرماندەی گشتی هەسەدە جەختی کردوەتەوە، سوریا چەندنی پێکهاتەی سەرەکیی تێدایە، کورد پێکهاتەیەکی سەرەکییە، ئەوە بابەتێکی جیاوازە و پرسەکەشی جیاوازە، بەڵام کە باسی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دەکرێت، باسی ناوچەکانی دێرەزوور و رققە و تەبقە دەکرێت، کێشەکان هاوشێوە نیین، پرسی کورد بەهەمان رێگەی ئەو ناوچانە چارەسەر ناکرێت.

پێویستە لەگەڵ سەرجەم پێکهاتەکان بە حیاواز کاربکرێت، میکانزیمی چارەسەرەکان جیاواز بێت، خەڵکی دێرەزور و رققە ئیدارەی خۆجێییان دەوێت، دەیانەوێت خۆیان بەڕێوەی ببەن، ئەوە کێشەیەکی نەتەوەیی نییە، بەڵکو ئیدارییە، بەشێکی سیاسییە، لای کورد و سریانیش کێشەی نەتەوەیی هەیە، چارەسەری ئەو پرسەیان جیاوازە. ئەوەش بەوتەی عەبدی

لەبارەی نەوت و سەرچاوە سروشتییەکانەوە، کە ئێستا بەشێکی لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریدایە، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند: ئەو پرسە و چۆنیەتی خستنە خزمەتی هاوڵاتیانی سوریا لە کۆبونەوەی پاریس گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت، بۆ ئەوەی چوارچێوەیەکی بۆ دابنرێت، پێمانوایە نەوت موڵکی هەموو سورییەکانەوە و پێویستی هەموو ناوچەکان سودی لێ وەربگرن.

لەگەڵئەوەشدا پێویستە دان بە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی سوریادا بنرێت، چونکە پێشتر ئەو ناوچانە بە تەواوەتی لەلایەن دەوڵەتی سوریاوە پەراوێزخرابوون، پێوستییان بە ئاوەدانکردنەوە و بونیاتنانەوە هەیە، بۆ ئەوەش دەبێت بەشێکی داهاتی نەوت بۆ ناوچەکە بێت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی