سێ بژاردەى ناتەنیاهۆ؛ دابەشبوونى قوڵ لە ئیسرائیل لەبارەى شەڕى غەززە

#ئیسرائیل#حەماس#ناتەنیاهۆ
13 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 13 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • دوای نزیکەی دوو هەفتە لە وەستانی دانوستانەکانى ئاگربەست، ناتەنیاهۆ بەنیازە سێ بژاردە بخاتە بەردەم کابینەی ئەمنی، کە بریتین لە، دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنێکى نوێ، سەپاندنی گەمارۆی درێژخایەن، یان بەردەوامبوون لە گفتوگۆکان بەهیوای گەیشتن بە ڕێککەوتن.
Primary Asset

سبەى

لەگەڵ بێئەنجامى هەوڵەکان بۆ راگەیاندنى ئاگربەست لەگەڵ حەماس، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەیەوێت ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەى لە غەززە فراوانتر بکات و سێ بژاردە دەخاتە بەردەم کابینەى ئەمنى، سەرەڕای زیادبوونی فشارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و دابەشبوون لەناو دامەزراوە ئەمنى و سەربازییەکاندا.

ناتانیاهۆ لەم هەفتەیەدا کابینەی ئەمنی خۆی کۆدەکاتەوە و تاوتوێی چۆنیەتی دەرکردنی فەرمان بە سوپای ئیسرائیل بۆ بەردەوامبوون لە ئۆپەراسیۆنەکانی کەرتی غەززە و گەیشتن بە هەموو ئامانجەکانی جەنگی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا دەکات.

 ئەمڕۆ دووشەممە نەتانیاهۆ لە دەستپێکی کۆبوونەوەی کابینەی ئیسرائیل دا رایگەیاند "پێویستە بەردەوام بین لە پێکەوە وەستانەوە و شەڕکردن بۆ گەیشتن بە هەموو ئامانجە جەنگییەکانمان واتە شکستپێهێنانی دوژمن، ئازادکردنی بارمتەکانمان و دڵنیابوون لەوەی کە غەززە چیتر نابێتە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل".

بەپێی رۆژنامەى یەدیعۆت ئەحرۆنۆتى ئیسرائیلى، ترەمپ گڵۆپى سەوزى بۆ ناتەنیاهۆ دەرکردووە بەمەبەستى دەستپێکردنى ئۆپراسیۆنێکى چڕى سەربازى ئیسرائیل لە کەرتى غەززە.

بەپێی رۆژنامەکە، دوای نزیکەی دوو هەفتە لە وەستانی دانوستانەکانى ئاگربەست، ناتەنیاهۆ بەنیازە سێ بژاردە بخاتە بەردەم کابینەی ئەمنی، کە بریتین لە، دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنێکى نوێ، سەپاندنی گەمارۆی درێژخایەن، یان بەردەوامبوون لە گفتوگۆکان بەهیوای گەیشتن بە ڕێککەوتن. 

سەرەرای هۆشداریی سەرۆکی ئەرکانی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل بەوەی کە فراوانکردنى ئۆپراسیۆنەکان مەترسی لەسەر ژیانی بارمتەکان دروست دەکات، بەڵام سەرۆک وەزیران کە خاوەنى قسەی کۆتاییە بەردەوامە لە دواخستنی یەکلایکردنەوەى ئەو پرسە، لەگەڵ بوونى دابەشبوون لەناو بەرپرسانى باڵادا لەو بارەیەوە.

خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن، گرتنەبەری ستراتیژی "گەمارۆدان بەبێ داگیرکردن"، کە دەتوانێت دۆخەکە لەسەر زەوی لە دۆخێکی چەقبەستوودا بهێڵێتەوە "، زیاترین ئەگەرە کە رەنگە پەسەند بکرێت.

دابەشبوونى قوڵ

لە کاتێکدا وەزیرانی دارایی و ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل لەگەڵ بڕیارى سەربازی و داگیرکردنی تەواوەتی کەرتی غەززەدان، ئیال زەمیر سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل دژایەتی ئەو هەنگاوە دەکات و "هۆشداری دەدات لە داڕوخانى تواناکانی سوپا و مەترسییەکانی سەر ژیانی بارمتەکان".

بەگوێرەی ڕادیۆی سوپاى ئیسرائیل، زەمیر داوای لە سەرکردایەتی سیاسی وڵاتەکەى کردووە، ستراتیژی روونى" هەبێت، جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە سوپا ئامادەیە ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە قبوڵ بکات، تەنانەت ئەگەر پێویستی بە سازشیش هەبێت، بە مەرجێک کۆنترۆڵی ئیسرائیل لەسەر ناوچە سنوورییەکان بپارێزرێت. 

بەپێی سەرچاوەکانى حکومەتی ئیسرائیل، ئەگەر پلانی داگیرکردنی تەواوی کەرتی غەززە پەسەند بکرێت، رەنگە سەرۆکی ئەرکانی ئیسرائیل دەست لەکار بکێشێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل تا ئێستا هەڵوێستى خۆى یەکلانەکردووەتەوە. هاوکات بەرپرسی “شین بێت” بە وەکالەت تا ئێستا دوو دڵە لەو بارەیەوە، ئەمەش گوزارشت لە قوڵبوونەوەى دابەشبوون و ناکۆکییەکانی ناو دامەزراوە ئەمنى و سەربازییەکانى ئیسرائیل دەکات، ئەوەش بەپێی بی بی سی.

کۆتایی هێنان بەشەڕ

بەپێی راپرسییەک کە لە کەناڵی ١٢ی ئیسرائیل بڵاوکرایەوە، کە ٧٤%ی ئیسرائیلییەکان کە ٦٠%یان ئەوانەن دەنگیان بە هاوپەیمانی بنیامین ناتانیاهۆ داوە، پشتگیری لە ڕێککەوتنێک لەگەڵ حەماس دەکەن کە هەموو بارمتەکان ئازاد بکات لە بەرامبەر کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە نزیکەی 600 بەرپرسی پێشووی ئەمنی ئیسرائیل لەوانەش بەرپرسانی پێشووی مۆساد (هەواڵگری دەرەوە)، شین بێت (ئاسایشی ناوخۆ)، سوپا و پۆلیس و دیپلۆماتکاران، داوایان لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا کردووە فشار بخاتە سەر ناتانیاهۆ بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی بارمتەکان بکات.

لە بەشێکی نامەکەیاندا هاتووە " ئەم شەڕە وەک شەڕێکی بەرگریکارانە و شەرعی دەستیپێکرد، بەڵام دوای گەیشتن بە ئامانجە سەربازییەکانی شەرعیەتی خۆی لەدەستدا و لە ئێستادا ئەم شەڕە هەڕەشە لە ئاسایش و ناسنامەی ئیسرائیل دەکات."

فەرماندەکانی پێشووی ئاسایشی ئیسرائیل بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی ترەمپ لە وەستاندنی شەڕ لە لوبنان، داوایان لە ترەمپ کردووە ڕۆڵێکی هاوشێوە لە غەززە بگێڕێت،  لە نامەکەدا هاتووە: "سوپای ئیسرائیل دوو ئامانجی سەرەکی سەربازی خۆی بەدەستهێنا: لەناوبردنی پێکهاتە سەربازی و حکومییەکانی حەماس. بەڵام ئامانجی سێیەم و گرنگتر - گەڕانەوەی بارمتەکان - تەنها لە ڕێگەی ڕێککەوتنەوە دەتوانرێت بەدیبهێنرێت."

واژۆکاران پێیان وایە کە حەماس ئیتر هەڕەشەیەکی ستراتیژی نییە، هۆشداریشیان داوە کە دەکرێت دواتر بەدواداچوون بۆ سەرکردەکانی حەماس بکرێت بەڵام چیدیکە بارمتەکان ناتوانن چاوەڕێ بکەن.

هەروەها لە نامەکەدا هاتووە، کۆتاییهێنان بە شەڕ و گەڕانەوەی بارمتەکان و وەستاندنی ئازارەکان و دروستکردنی هاوپەیمانییەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بۆ یارمەتیدانی دەسەڵاتی فەلەستین – دوای چاکسازییەکان – تاکە ڕێگای گونجاوە.

لای خۆیەوە تامیر پاردۆ، سەرۆکی پێشووی مۆساد لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا هۆشداریی داوە لەبارەی بارودۆخی ترسناکی مرۆیی لە کەرتی غەززە دەشڵیت "ئێمە لە لێواری شکستداین، ئەوەی ئێستا جیهان دەیبینێت، دەرئەنجامی کردەوەکانی خۆمانە".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی