ڤیدیۆی بارمتەكە توڕەی كردوون؛ ئیسرائیل بڕیار لەسەر كۆنترۆڵكردنی تەواوی غەززە دەدات

#ئیسرائیل#حەماس#بارمتەکان#بنیامین نەتەنیاهۆ
16 کاتژمێر لەمەوپێش
جێگر تەیب
پوختە :
  • بەپێی راپۆرتی هەواڵی میدیاكانی ئیسرائیل، بنیامین نەتەنیاهۆ، بڕیار لەسەر فراوانكردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی وڵاتەكەی لە كەرتی غەززە دەدات، لەنێویاندا ئەو ناوچانەی لەلایەن حەماسەوە كۆنترۆڵكراوە.
Primary Asset

ژمارەیەک سەربازی ئیسرائیل

سبەی

میدیاكانی ئیسرائیل باس لەوەدەكەن، بۆ لایەنی ئیسرائیلی گفتوگۆكردن لەگەڵ حەماس كۆتایی هاتووە، چونكە پێیانوایە حەماس گفتوگۆ لە پێناو بەدەستهێنانی كات دەكات، بۆیە بڕیاری كۆنترۆڵكردنی هەموو كەرتی غەززە لەلایەن حكومەتی ئیسرائیلەوە دراوە.

بەپێی راپۆرتی هەواڵی میدیاكانی ئیسرائیل، بنیامین نەتەنیاهۆ، بڕیار لەسەر فراوانكردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی وڵاتەكەی لە كەرتی غەززە دەدات، لەنێویاندا ئەو ناوچانەی لەلایەن حەماسەوە كۆنترۆڵكراوە.

سەبارەت بە بڕیارە چاوەڕوانكراوەكە، ئامیت ساگا، شیكەرەوەی سیاسی لە كەناڵی 12ـی ئیسرائیل لە سەرچاوەیەكی باڵای لە ئۆفیسی نەتەنیاهۆوە زانیاریی ئەوەی دەستكەوتووە، "بڕیاری فراوانكردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان دراوە،" هەروەها دەڵێت: "بەبێ خۆڕادەستكردنی تەواوەتی، حەماس بارمتەكان ئازاد ناكات، ئێمە خۆمان رادەست ناكەین، ئەگەر ئێستا كردارمان نەبێت، بارمتەكان لە برسا دەمرن و غەززە لە ژێر كۆنترۆڵی حەماسدا دەمێنێتەوە."

ئەمرۆ سێشممە، 5ـی ئابی 2025، بڕیارە كابینەی شەڕی ئیسرائیل بە سەرۆكایەتی نەتەنیاهۆ كۆببێتەوە، كابینەی شەڕ گفتوگۆ لەسەر هەنگاوەكانی داهاتوو سەبارەت بە داهاتووی كەرتی غەززە دەكەن.

دوێنێ نەتەنیاهۆ رایگەیاند، "ئێمە دەبێت پێكەوە بین و پێكەوە شەڕ بكەین لە پێناو بەدەستهێنانی هەموو ئامانجەكانی شەڕ، بەزاندنی دوژمن، ئازادكردنی بارمتەكان و دڵنیابوونەوە لەوەی غەززە چیتر مەترسی نییە بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل".

دوای بڵاوكردنەوەی تۆمارێكی ڤیدیۆیی بارمتەیەكی ئیسرائیلی لە تونێلەكانی حەماسدا توڕەیی ئیسرائیلییەكان گەیشتە لووتكە. بارمتەكە زۆر لاواز و برسی دەردەكەوێت بە ئەستەم دەتوانێت بجوڵێتەوە، بەڵام چەكدارانی حەماس ناچاری دەكەن گۆڕێك ئامادە بكات بۆ خۆی. 

دوای بڵاوبوونەوەی تۆمارە ڤیدیۆییەكە، حكومەتی ئیسرائیل بڕیاریداوە "بە هەر نرخێك بێت بارمتەكان بگەڕێنێتەوە بۆ ئیسرائیل".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی