"258 مستەشار و سەرۆک جاش"؛ کەیسی داواکراوانی ئەنفال هەڵدەدرێتەوە

#کەیسى ئەنفال
17 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 17 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • کاروان یاروەیس ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە دوو نوسراودا بۆ هەریەک لە سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق و سەرۆکی داواکاری گشتی عێراق، داوای روونکردنەوەی کردوە لەبارەی لیستی داواکراوانی تۆمەتبارانی کەیسی تاوانی پرۆسەکانی ئەنفال کە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لەساڵی ٢٠٠٥ داوای کردوون، ئایا ئەو داواکراوانە کەیسەکانیان بەکوێ گەیشتوەو دوای هەڵوەشاندنەوەی دادگای باڵای تاوانەکان رەوانەی کوێ کراون.
Primary Asset

سبەى

لە پەرلەمانى عێراق هەوڵەکان بۆ هەڵدانەوەى کەیسى داواکراوانی ئەنفال دەستیپێکردەوە، کە ژمارەیان سەدان کەسە و لەناویاندا 258 مستەشار و سەرۆک جاش بوونیان هەیە.

دادگاى باڵاى تاوانەکانى عێراق ساڵى 2005 لیستى داواکراوانى دۆسیەى ئەنفالى بڵاوکردەوە کە لە زیاتر لە 400 کاربەدەستی باڵا و ئەفسەری رژێمی پێشوو پێکهاتووەو و 258 کەسیان مستەشار و سەرۆک جاشن، بەڵام تا ئێستا بەشێکى زۆرى ئەو کەسانە دەستگیرنەکراون.

کاروان یاروەیس ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە دوو نوسراودا بۆ هەریەک لە سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق و سەرۆکی داواکاری گشتی عێراق، داوای روونکردنەوەی کردوە لەبارەی لیستی داواکراوانی تۆمەتبارانی کەیسی تاوانی پرۆسەکانی ئەنفال کە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لەساڵی ٢٠٠٥ داوای کردوون، ئایا ئەو داواکراوانە کەیسەکانیان بەکوێ گەیشتوەو دوای هەڵوەشاندنەوەی دادگای باڵای تاوانەکان رەوانەی کوێ کراون.

ئەو پەرلەمانتارە  دەڵێت "ئەم هەنگاوەمان بەشێکە لە هەوڵێکی جددیمان وەک ئەرکی چاودێری بۆ سەرلەنوێ هەڵدانەوەی کەیسی داواکراوانی تاوانی ئەنفال".

جەختیشیکردووەتەوە، داوابان کردووە سەرۆکی داواکاری گشتی رۆڵی خۆی بگێرێ لەمبارەیەوەو بەدواداچوون بکات بۆ چارەنوسی لیستی داواکراون بەتۆمەتی بەشداری کردن لە تاوانەکانی ئەنفال.

ئەو هەوڵە نوێیە هاوکاتە لەگەڵ دەستگیرکردنى "جەللادەكەی نوگرە سەلمان"بەناوى عەجاج ئەحمەد حەردان.

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق رۆژى هەینی 1-8-2025 وێنەی عەجاجى لەدواى دەستگیرکردنى بڵاوكردەوە و ئاماژەى بەوەکردووە، عەجاج چەند پلەیەكی هەبووە لە دەزگا ئەمنییەكانی رژێمی پێشوو، بەڵام دواپۆستی ئەفسەر بووە لە نوگرە سەلمان، بەشداریشی كردووە لە كوشتن و ژێرخاككردنی قوربانیان لە گۆڕە بەكۆمەڵەكان لە نوگرە سەلمان".

"تۆمەتبار زنجیرەیەك تاوانی لەسەردەمی دیكتاتۆریەت دژ بە مرۆڤایەتی و سەدان هاوڵاتی عێراقی ئەنجامداوە، بەتایبەتیش دژ بە نەتەوەی كورد كە بەزۆر رەوانەی پارێزگای موسەنا كرابوون، لەو زیندانەدا ئەشكەنجە و كوشتن و دەستدرێژی دژ بە خەڵك ئەنجامداوە". دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق وا دەڵێت.

بەوتەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق "بۆ ئەوەی دەزگا ئەمنییەكان بەلارێدا ببەن، بنەماڵەكەی لەماوەی رابردوودا هەواڵی مردنیان بڵاوكردووەتەوە، بەڵام بە هەوڵی هەواڵگری و شیكردنەوەی زانیارییەكان و بەراوردكردنی بە دانپێدانانەكانی پێشوو، هاوكاربوو لە دۆزینەوەی شوێنەكەی و دیاریكردنی شوێنی خۆحەشاردانی لەناو پارێزگای سەڵاحەدین".

بۆ ئەو پرۆسەیە وەك دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق باسیكردووە، "رەزامەندی دادوەری وەرگیراوە، و وتەی قوربانییانیش لەگەڵ ئەو كەسانەی مافی كەسییان لەلای بووە، دواتر پرۆسەكە ئەنجامدراوە و تۆمەتبار دەستگیركراوە، رەوانەی لایەنی پەیوەندیداری تایبەتمەند كراوە بۆ رێوشوێنە یاساییەكان".

عەجاج ئەحمەد حەردان ناسراو بە "حەجاج یان عەجاج تكریتی"، خەڵكی شارۆچكەی تكریتە لە پارێزگای سەڵاحەدین و لە عەشیرەتی ئەلبوناسر و هۆزی نزارە، واتە عەشیرەتەكەی سەدام حسێن، هەروەها پلەی ڕائیدی ئەمن بووە.

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، ماڵی لە كەركووك بووە، دواتر بەرەو سوریا هەڵهاتووە و لە گەڕەكی جەرمانەی دیمەشقی پایتەختی سوریا لە شوقەیەكدا ژیاوە.

لەكاتی دادگایكردنی سەرانی ڕژێمی بەعس، بەردەوام سەیری پرۆسەكەی كردووە و ئاگاداری ئەوە بووە ناوی وەك تاوانبار لە تاوانی ئەنفالدا هاتووە.

سێ كوڕی هەبووە، دووانیان بوونەتە چەكداری قاعیدە و لە شەڕێكدا لە شارەدێی (زلوعیە)ـی پارێزگای سەڵاحەدین كوژراون، هەروەها كوڕە بچووكەكەی ناوی ڕائید بووە و لە سوریا لەگەڵ باوكی ژیاوە.

بەپێی گێرانەوەكانی ئەو كەسانەی لە زیندانی مەرگی نوگرەسەلمان گەڕاونەتەوە و پێشتر چیرۆكی ژیانی زیندانی  و دڕندەیی ڕژێمی بەعسیان بەرامبەر بە كورد گێڕاوەتەوە،  عەجاج بەرپرسی زیندانەكە بووە و هاوشێوەی نەبووە لە دڕندەییدا و دەڵێن ”باڵابەرزێكی دەموچاو تاریك و دڕندەبوو، هەر كە دەهاتە هۆڵەكانی زیندان بەبێ ئەوەی چەند كەسێك ڕەوانەی مەرگ بكات دەرنەدەچوو".

دەشگێڕنەوە "دوای گوللەبارانكردن یان لەسێدارەدانی كەسوكارەكانمان، تەرمەكانی دەخستە بەردەم سەگەكانی و خۆشی بەدەمییەوە پێدەكەنی و ئەشكەنجەی دەداین".

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی