سبەى
ریزبەندی نوێی بەهێزترین پاسپۆرتەکانی جیهان بڵاوکرایەوە، هاوڵاتیانی وڵاتێکی ئاسیایی خۆشبەخترینن و دەتوانن بە بێ ڤێزا سەردانی ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتان بکەن، پاسپۆرتی عێراقیش لە ریزبەندى خوارەوەدایە.
هەڵگرانی پاسپۆرتی سەنگافورە ئاسانتر گەشت بە جیهاندا دەکەن و لە ریزبەندی نوێی بەهێزترین پاسپۆرتەکانی جیهاندا پلەی یەکەمی گرتوە، بەجۆرێک دەرگای جیهانیان بە ڕودا کراوەتەوە، بە بێ ڤێزا دەتوانن سەردانی 194 وڵات بکەن.
پاسپۆرتی وڵاتانی ژاپۆن و کۆریای باشوریش لە ریزبەندیەکەدا لە پلەی دووەمدان، بەو پێیەی هەڵگرانی پاسپۆرتی ئەو دوو وڵاتە ئاسیاییە بە بێ ڤێزا دەتوانن گەشت بۆ ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتان بکەن.
لە پلەی سێیەمیشدا پاسپۆرتی چەند وڵاتێکی ئەوروپی دێت، کە پێکهاتون لە دانیمارک و فینلەندا و فەرەنسا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و ئیسپانیا و ئێرلەندا، هاڵگرانی پاسپۆرتی ئەو وڵاتانە بە بێ ڤێزا دەرگای گەشتکردنی 190 وڵاتیان بە ڕوودا کراوەتەوە.
هەرچی تایبەتە بە وڵاتانی عەرەبی، وڵاتی ئیمارات خاوەنى بەهێزترین پاسپۆرتە، بەو پێیەی هەڵگرانی پاسپۆرتی ئەو وڵاتە دەتوانن بە بێ ڤیزا گەشت بۆ 180 وڵات بکەن.
پاسپۆرتی عێراقیش یەکێکە لە پاسپۆرتە لاوازەکان و پاسپۆرتی ئەو وڵاتە لە ریزبەندیەکەدا لە پلەی 99 دێت، هەڵگرانی پاسپۆرتی عێراقی بە بێ ڤێزا دەتوانن گەشت بۆ 44 وڵات بکەن، بەڵام زۆرینەیان ئەو وڵاتانەن کە لە ئاستی جیهاندا مەترسیدارن و رێژەی گەشتیاریان زۆر کەمە.