وێنە - گێتی
سبەی
هەشت کرداری ئاسان رێژەی زیرەکیی مرۆڤ زیاد دەکات، یەکێکیان بەکارنەهێنانی مۆبایلە یەک کاتژمێر پێش خەوتن.
پزیشکەکان هەشت کرداری رۆژانەیان دیاریکردووە، کە بەهۆی کاریگەرییەکانیەوە هزر بەهێز دەکات، رێژەی زیرەکیی و ئاگایی بەرزدەکاتەوە و لە ژیانی رۆژانەماندا بە شێوەیەکی ئەرێنی جیاوازی دروستدەکات.
خەوتنی پێویست لە کاتی گونجاودا
خەوتنی پێویست و لەکاتی گونجاودا بۆ مرۆڤ پێویستە، بەجۆرێک وادەکات مێشک بیرەوەرییەکان جێگیربکات، جگە لە بەخشینی ئارامیی و هێمنیی، توانای چارەسەرکردنی کێشەکان بەرزدەکاتەوە.
باشتریشە پێش خەوتن بە یەک کاتژمێر، لە بەکارهێنانی مۆبایل دوربکەوینەوە.
ئەنجامدانی راهێنانی وەرزشیی
ئەنجامدانی راهێنانی وەرزشیی بەسودە بۆ تەندروستی مێشک، بەو پێیەی خوێن چالاک دەکات، بەڵام بەو مەرجەی رۆژانە راهێنانە وەرزشییەکان لە 30 خولەک کەمتر نەبن.
ئەزموونکردنی ئارەزووی نوێ
مێشک ئاڵنگاریی و ئەنجامدانی چالاکیی نوێی خۆشدەوێت، وەکو خوێندنەوە و درومانی و کشتوکاڵیی و وێنەکێشان، چونکە کاریگەری لەسەر نوێبوونەوەی خانەکانی مێشک و کۆنترۆڵکردنی راڕایی هەیە.
پارێزگاریکردن لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان
پارێزگاریکردن لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، بیرەوەری بەهێز دەکەن، پەیوەندییە تەلەفۆنییە کورتەکان، سەردانیکردن و بەسەرکردنەوە، چالاکی کۆمەڵایەتی، بەشداریکردن لە کاری خۆبەخشیی، چالاکی مێشک بە بەرزی دەهێڵنەوە.
قسەکردن لەگەڵ خۆتدا
قسەکردن لەگەڵ خۆت بەدەنگی بەرز، توانای ئەنجامدانی چالاکییە جۆراوجۆرەکان باشتر دەکات، نمونە گەڕان بەدوای کلیلێک کە ونبووە، کاتێک چەند جارێک بڵێیت کوا کلیلەکە، زووتر بۆت دەدۆزرێتەوە، بەراورد بەوەی بەهێمنی بەدوایدا بگەڕێیت.
بەسەربردنی کات لە سروشتدا
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی بەلجیکی زیاتربوونی سەوزایی بە رێژەی 3% رێژەی زیرەکیی بەرێژەی 2.6% زیاددەکات.
سروشت، راڕایی کەمدەکاتەوە، چالاکی جەستەیی و تەندروستی مێشک باشتر دەکات.
گوێگرتن لە مۆسیقا
گوێگرتن لە مۆسیقا توانای وەڵامدانەوە و کاردانەوەی مێشک خێراتر دەکات، بەجۆرێک چەند خولەکێک گوێگرتن لە مۆسیقا، شەپۆلەکانی مێشک دەجوڵێنێت، سەرنجدان بەهێزتر دەکات.
تەرخانکردنی کات بۆ بیرکردنەوە
تەرخانکردنی کات بۆ بیرکردنەوە و ئەنجامدانی چالاکییە مێشکییەکان، توانای فێربوون و شیکردنەوە باشتر دەکەن.