سبەی
جەنگی ئۆکراینا هاڕە بە نرخی نەوتی روسیا دەکات، بەریتانیا و یەکێتیی ئەوروپا و کەنەدا بەرزترین سنوری نرخی نەوتی روسیا بۆ 47 دۆلار و 60 سەنت کەمدەکەنەوە.
وەزارەتی دارایی کەنەدا ئاشکرایکردووە، لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان پلانیان بۆ دابەزاندنی نرخی نەوتی روسیا داڕشتووە.
بەوەش کەنەدا دەچێتە پاڵ یەکێتیی ئەوروپا و بەریتانیا کە ئەوپەڕی فشاری ئابووری لە دژی روسیا بەکاردەهێنن، بەهۆی جەنگی ئۆکرایناوە.
بڕیارەکەی کەنەدا، هاوشێوەی بڕیارێکی مانگی رابردووی یەکێتیی ئەوروپا و بەریتانیایە، کە پێداگری خۆیان بۆ بەئامانجگرتنی سەرچاوە داهاتییەکانی روسیا خستەڕوو.
بەو پێیەشی کە بەشێکی گەورە لەسەرچاوە داراییەکانی روسیا نەوتە، لەبەرئەوە ئەو کەرتە گرنگەی روسیا لەلایەن دژەکانیەوە کراوەتە ئامانج.
لەو بارەیەوە فرانسوا فیلیپ وەزیری دارایی کەنەدا رایگەیاند: بڕیارەکەیان لە چوارچێوەی رێوشوێنە ئابورییەکانە لەبەرامبەر روسیا، هاوکات پەکخستنی سەرچاوەیەکی گرنگی ئەو وڵاتەیە کە نەوتە.
وەزیری نەوتی کەنەدا راشیگەیاند نرخی نەوتی گواستراوەی روسیا لە رێگەی دەریاوە 60 دۆلارە، دەیانەوێت ئەو نرخە بۆ 47 دۆلار و 60 سەنت کەمبکەنەوە.
رێوشوێنە چاوەڕوانکراوەکانی کەنەدا و یەکێتیی ئەوروپا و بەریتانیا، لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا هەڕەشەی زیادکردنی باجی گومرگی لەسەر هیندستان کردووە، ئەگەر لە کڕینی نەوتی روسیا پاشگەزنەبێتەوە.
لەدوای هەڕەشەی دۆناڵد ترەمپیشەوە، کۆمپانیاکانی سوتەمەنی هیندستان، خۆیان لە کڕینی نەوتی روسیا بە دوور دەگرن، تاوەکو روبەڕووی سزای ئەمەریکا نەبنەوە.