هەرێم رەتیدەکاتەوە؛ بەغداد داواى 50%ى داهاتى سەرجەم وەزارەتەکان دەکات

#عێراق#هەرێمى کوردستان#مووچە#داهاتى ناوخۆ
یەک ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • رێباز حەملان یاریدەدەرى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان رۆژى 9ى ئاب بە رۆژنامەنووسانى راگەیاند، لەسەر دۆسیەى نەوت رێککەوتوون، بەڵام داهاتى ناوخۆ بووەتە کێشە، عێراق داواى 50%ى هەموو داهاتى ناوخۆ دەکات، بەڵام ئەوە دژى یاساى ئیدارەى مالى و یاساى بودجەیە، کە بەپێی ئەو دوو یاسایە تەنها داهاتى باج و گومرگ نیوەیان دەبێت بۆ عێراق بێت نەک داهاتى سەرجەم وەزارەتەکان، لەکاتێکدا بەغداد داواى هەمووى دەکات.
Primary Asset

سبەى

حکومەتى عێراق داواى نیوەى سەرجەم داهاتى ناوخۆیی هەرێمى کوردستان دەکات، لەکاتێکدا هەرێم دەیەوێت تەنها نیوەى داهاتى باج و گومرگ رادەست بکات، ئەوەش کێشەیەکى سەرەکى بەردەم جێبەجێکردنى رێککەوتنى نێوانیانە کە چاوەڕواندەکرێت سبەینێ راپۆرتێک لەو بارەیەوە بخرێتە بەردەم سودانى.

هەفتەى رابردوو شاندێکى هەرێمى کوردستان لەبەغداد گفتوگۆى چڕیان لەگەڵ بەغداد ئەنجامدا بۆ لابردنى بەربەستەکانى بەردەم رێککەوتنى ناوەڕاستى تەمموز لەبارەى نەوت و مووچە، بەڵام بەبێ ئەنجام گەڕانەوە هەرێمى کوردستان.

داواى نوێی بەغداد

رێباز حەملان یاریدەدەرى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان رۆژى 9ى ئاب بە رۆژنامەنووسانى راگەیاند، لەسەر دۆسیەى نەوت رێککەوتوون، بەڵام داهاتى ناوخۆ بووەتە کێشە، عێراق داواى 50%ى هەموو داهاتى ناوخۆ دەکات، بەڵام ئەوە دژى یاساى ئیدارەى مالى و یاساى بودجەیە، کە بەپێی ئەو دوو یاسایە تەنها داهاتى باج و گومرگ نیوەیان دەبێت بۆ عێراق بێت نەک داهاتى سەرجەم وەزارەتەکان، لەکاتێکدا بەغداد داواى هەمووى دەکات.

وتیشى ئەوەى دەوترێت لەبارەى ئەوەى هەرێم نەوت رادەستناکات راست نییە و لەو بارەیەوە گەیشتوون بە رێکەوتن، هۆکارى هەناردەنەکردنیشى لە ئێستادا ئەوەیە کە بەغداد دەڵێت تا 150 هەزار بەرمیل نەوت ناکرێت بە بۆرى هەناردە بکرێت.

بەوتەى رێباز حەملان، پێنج شەممەى رابردوو هەردوو دیوانى چاودێرى دارایی و وەزارەتى دارایی عێراق و هەرێمى کوردستان و دواى کۆبوونەوەیان لەبەغداد یاداشتێکیان ئامادەکردوەو و بۆ ئەنجومەنى وەزیران بەرزکراوەتەوە، چاوەڕوانن بزانن سبەینێ ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق چى بڕیارێک دەدات لەبارەیەوە.

شاندەكەی هەرێمی كوردستان دوو رۆژ لە بەغداد بوون، دوای چەندین كۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی عێراق کۆتایی هەفتەى رابردوو بە ئۆتۆمبێل گەڕانەوە بۆ هەولێر، لەكاتێكدا بە فڕۆكە گەشتیان كردبوو.

گفتوگۆكان لەسەر داهاتی ناوخۆ و بودجە و تەوتین و نەوت بوون، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی "سبەی" هێشتا پرسی داهاتی ناوخۆ و "تەوتین" لەنێوان هەولێر و بەغداد جێی مشتومڕن، هەرێمی كوردستان داوای كردووە گفتوگۆ لەبارەی ئەو داهاتە بكرێت كە پێویستە بینێرن بۆ بەغداد، "شاندی هەرێمی كوردستان وتویانە بۆ مانگی حەوت ناتوانین ئەو بڕە بنێرین كە بەغداد داوایكردووە، بەڵام بۆ مانگی شەش 120 ملیار دەنێرن، بەوەش كێشە بۆ ناردنی مووچەی مانگی شەش دروست نابێت".

لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كە رۆژی سێشەممە (6ـی ئابی 2025) بەڕێوەچوو، محەمەد شیاع سودانی دەرفەتی تا رۆژی یەكشەممەی داوەتە وەزارەتی دارایی بۆ ئەوەی راپۆرتی كۆتایی خۆیان لەسەر پرسی داهاتی نانەوتی و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئامادە بكەن، بۆ ئەو مەبەستەش شاندی هاوبەشی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی فیدراڵ كۆبوونەوە بۆ ئامادەكردنی راپۆرتی داهاتەكانی ناوخۆ و داهاتە نانەوتییەكان رادەستكردنی بە خەزێنەی گشتی لەبەرامبەر ناردنی مووچەی مانگەكانی حوزەیران و تەمموزی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.

پێشتریش حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیی خۆی نیشاندابوو بە رادەستكردنی 120 ملیار دیناری مانگانە بە خەزێنەی گشتی فیدراڵی وەك داهاتی ناوخۆ و نانەوتی، رادەستكردنی ئەو نەوتەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان بەرهەمدەهێنرێت بە كۆمپانیای سۆمۆ بۆ هەناردەكردن بۆ دەرەوە.

رۆژی (3ـی ئابی 2025) وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن تیمی تەكنیكی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستانەوە رادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ كراوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی