سبەی
رێکخستنی کاتەکانی نانخواردن، رێگری لە قەڵەویی دەکات، بەتایبەتی لەو کەسانەی هەڕەشەی قەڵەوبوونیان لەسەرە.
کاتەکانی نانخواردن، رۆڵێکی گرنگی هەیە لە ستراتیژیەتی کۆنترۆڵکردنی کێش، رۆڵەکە هەندێ کات لە جۆری خواردنەکە گرنگترە.
تیمێکی زانکۆی کۆمپلوتینسی شاری مەدریدی ئیسپانیا، گەیشتوون بەو دەرئەنجامەی کە رێکخستنی کاتەکانی نانخواردن، هەڕەشەکانی قەڵەوی کەمدەکاتەوە، بەجۆرێک تەنانەت رێگری دەکات لە قەڵەوبوون.
تیمەکە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەیان لە گۆڤاری زانستی Obesity بڵاوکردۆتەوە، لە لێکۆڵینەوەکەدا هاتووە: ئێستا گرنگی زانستی زیاتر بە کاتەکانی نانخواردن دەدرێت، چونکە کاریگەری لەسەر وزە و کاتژمێریی بایلۆجی مرۆڤ هەیە.
بەپێی زانیارییەکانی ناو لێکۆڵینەوەکە، بۆ ڕیگریکردن لە هەڕەشەکانی قەڵەوی، پێویستیمان بە رێکخستنی کاتەکانی نانخواردن هەیە، بە جۆرێک دەبێت کاتەکانی هەر سێ ژەمە سەرەکییە هاوسەنگ بن، واتە نێوانی ژەمی بەیانیان لەگەڵ نیوەڕوان، هەمان جیاوازی نێوان ژەمی نیوەڕوان و ژەمی ئێواران بێت.
تیمەکە داتای هەزار و 195 کەسیان کۆکردۆتەوە، کە لە لێکۆڵینەوەکەدا بۆ ماوەی 15 هەفتە بەشداریان کردوە و سەرجەمیان کێشەی قەڵەویان هەبووە.
لە کۆتایشدا بۆیان دەرکەوتووە ئەو کەسانەی کاتەکانی نانخواردنیان لەو 16 هەفتەیەدا رێکخستووە، توانیویانە کۆنترۆڵی کێشی خۆیان بکەن، بە پێچەوانەی ئەوانەی بە شێوەیەکی نا هاوسەنگی ژەمە خواردنەکانیان خواردووە.