رۆژنامەی فەرمیی عێراق: بەمنزیکانە هەناردەی نەوتی هەرێم دەست پێدەکاتەوە

#نەوت#هەرێمی کوردستان#بەندەری جەیهان#هەناردەکردن#سۆمۆ
3 ڕۆژ لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • رۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی لە ژمارەی ئەمڕۆیدا بڵاوی کردەوە؛ دانوستانەکان گەیشتونەتە قۆناغی کۆتایی بەمنزیکانە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەست پێدەکاتەوە.
Primary Asset

مانشێتی سەرەکیی رۆژنامەی سەباح - پێنجشەممە 7ـی ئابی 2025

سبەی

رۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی لە ژمارەی ئەمڕۆیدا بڵاوی کردەوە؛ دانوستانەکان گەیشتونەتە قۆناغی کۆتایی بەمنزیکانە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەست پێدەکاتەوە.

سەرچاوەیەکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە: دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە، بەڵام دانوستانەکانی گەیشتوەتە قۆناغی پێشکەوتووی باش، تەنها چەند وردەکارییەکی بچووک ماوەتەوە. 

هەر لەوبارەیەوە رۆژنامەکە لە سەر زاری سەرچاوەیەکی وەزارەتی نەوتەوە، ناوەڕۆکی ئەو کۆبونەوەیەی ئاشکرا کردووە کە بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی لەبارەی کەرتی وزەوە ئەنجامدراوە و بڵاوی کردوەتەوە، وەزارەتی نەوت بەرەو رێککەوتنێکی ئەرێنی هەنگاو دەبێت، لەم ماوەیەدا سەرجەم لێکتێگەیشتنە هونەریی و لۆجستییەکانی پەیوەست بە هەناردەی نەوت یەکلایی دەکاتەوە.

بەپێی سەرچاوەکە؛ کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) لە رووی هونەریی و لۆجستییەوە ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و کارەکان بە ئاڕاستەیەکی ئەرێنی دەڕۆن.

وەزیری نەوت: ئەمڕۆ یان سبەینێ نەوتی هەرێم وەردەگرن

حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق، کە رۆژی چوارشەممە (6ـی تەمموزی 2025) لە کەرکوک بوو، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەگەڵ هەرێمی کوردستان رێککەوتوون، لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە پەیوەندیدا بوون، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتیان گەیشتووەتە نزیکەی 130 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە.

ووتیشی: "رێککەوتووین 80 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیان لێ وەربگرین بۆ هەناردەکردن، 50 هەزار بەرمیلیش بۆ پێداویستیی ناوخۆ و کارپێکردنی پاڵاوگەکانی هەرێم دەمێنێتەوە، ئەمڕۆ یان سبەینێ نەوتەکە رادەست دەکرێت."

 وەزیری نەوت ئاماژەی بەوەکرد؛ بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان رێککەوتوون، پابەندین بە وەرگرتنی نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێمی کوردستان، لە قۆناغی یەکەمدا رۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوتە، بەڵام بەهۆی هێرشی سەر کێڵگە نەوتییەکان، بەرهەمی هەرێم بۆ 130 هەزار بەرمیل دابەزیووە، قۆناغ بە قۆناغ دەیگەیەننە ئاستی پێویست.

رۆژى چوارشەممە 30ـی تەممووز حکومەتى هەرێمى کوردستان لەدوایین کۆبوونەوەیدا رایگەیاند: ئەو بڕە نەوتەی ئێستا ئامادەیە بۆ هەناردەكردن، رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت بەمەبەستی هەناردەکردنی لە ڕێگای بەندەری جەیهانەوە، لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی حوزەیرانیش، رەوانەی وەزارەتی دارایی فيدراڵ کراوە و لە بەرامبەردا، دەبێت بەغداد مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات.

پێشتریش، شاخەوان عەبدوڵا جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق رۆژى دووى ئاب بە رۆژنامەنووسانى راگەیاند: لیژنەیەک دروستکراوە بۆ هەڵسەنگاندنى داهاتى ناوخۆیی و رەنگە داهاتى ناوخۆیی وەک خۆى نەمێنێت و حکومەتى هەرێمى کوردستان ئامادەیی نیشانداوە نەوت رادەستى بەغداد بکات، فشارێکیش هەیە بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت و خەرجکردنى مووچەى دوو مانگ.

شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ مووچەی دوو مانگ لە بەغدادن

لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کە رۆژی سێشەممە (6ـی ئابی 2025) بەڕێوەچوو، محەمەد شیاع سودانی دەرفەتی تا رۆژی یەکشەممەی داوەتە وەزارەتی دارایی بۆ ئەوەی راپۆرتی کۆتایی خۆیان لەسەر پرسی داهاتی نانەوتی و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئامادە بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش شاندی هاوبەشی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی فیدراڵ کۆدەبنەوە بۆ ئامادەکردنی راپۆرتی داهاتەکانی ناوخۆ و داهاتە نانەوتییەکان رادەستکردنی بە خەزێنەی گشتی لەبەرامبەر ناردنی مووچەی مانگەکانی حوزەیران و تەمموزی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

شاندی هەرێم، رۆژی چوارشەممە گەیشتونەتە بەغداد، راپۆرتێکی تایبەتیان ئامادەکردووە سەبارەت بە داهات و خەرجییەکانی هەردوو مانگەکە و ژمێرەی کۆتایی و پێشتریش لیستی مووچەی حوزەیران و تەمموز نێردراوە بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ.

پێشتریش حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی نیشاندابوو بە رادەستکردنی 120 ملیار دیناری مانگانە بە خەزێنەی گشتی فیدراڵی وەک داهاتی ناوخۆ و نانەوتی، رادەستکردنی ئەو نەوتەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنرێت بە کۆمپانیای سۆمۆ بۆ هەناردەرکردن بۆ دەرەوە.

رۆژی (3ـی ئابی 2025) وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان رایگەیاند: لیستی مووچەی مانگی تەمووزی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە رادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کراوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی