فۆربیس: هێرشی هاوشێوەی درووزییەکان دەکرێتە سەر هەسەدە و رۆژئاوای کوردستان

#رۆژئاوای کوردستان#هەسەدە#سوریا#فۆربیس
19 کاتژمێر لەمەوپێش
جێگر تەیب
پوختە :
  • بەپێی راپۆرتێکی گۆڤاری فۆربیس، هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سوریا، هاوشێوە بووە لەگەڵ هێرشی بەدەوییەکان بۆ سەر سوەیدا کە کۆمەڵکوژی هەزاران درووزی لێکەوتەوە.
  • پێکدادانەکان دۆخی سوریای نوێ ئاڵۆزتر و ناسەقامگیرتر دەکات، هەروەها متمانەی هەسەدە بە چوونە ناو سوپای سوریا کەمتر و قورستر دەکات.
Primary Asset

ژمارەیەک لە شەڕڤانانی هەسەدە

سبەی

رۆژئاوای کوردستان هەفتەیەکی سەختی تێپەڕاند، لە 31ـی تەمموز لە دێرەزوور داعش هێرشی کردە سەر خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، هەروەها لە مەنبەج و دێر حافر، کەوتە بەر هێرشی گرووپێکی نزیک لە تورکیای سەر حکومەتی دیمەشق. هێرشەکان مەترسیدار بوون، چونکە هاوشێوەی پەلاماردانی سوەیدا بوو لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە دیمەشق. ئەوەش ترسی درووست کرد کە سیناریۆی کوشتاری سوەیدا لە رۆژئاوای کوردستان دووبارە ببێتەوە. 

بەپێی راپۆرتێکی گۆڤاری فۆربیس، هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سوریا، هاوشێوە بووە لەگەڵ هێرشی بەدەوییەکان بۆ سەر سوەیدا کە کۆمەڵکوژی هەزاران درووزی لێکەوتەوە.

دواتر لەبری ئیدانەکردنی گرووپە چەکدارەکان، حکومەتی دیمەشق، بەرپرسیارێتی هێرشەکانی خستە ئەستۆی هەسەدە و بە هۆکاری هەڵگیرساندنی شەڕەکەی دانان.

وەک لە راپۆرتەکەی فۆربیس-دا هاتووە، ‌پێکدادانەکان دۆخی سوریای نوێ ئاڵۆزتر و ناسەقامگیرتر دەکات، هەروەها متمانەی هەسەدە بە چوونە ناو سوپای سوریا کەمتر و قورستر دەکات.

هێرشەکان دوای ئەوە دێت لە 10ـی ئایاری 2025، مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع، رێککەوتنێکیان واژۆ کرد بۆ تێکەڵکردنی هەسەدە لەگەڵ سوپای سوریادا. دیمەشق بەردەوام داوا لە هەسەدە دەکات خۆیان هەڵبوەشێننەوە و هێزەکانیان وەک سەرباز ببنە بەشێک لە سوپای سوریا. لە هەمان کاتدا، هەسەدە پێداگرە لە چوونە ناو هێزەکانی سوریا وەک هێزێکی سەربەخۆ، نەک وەک سەرباز، ئەوەش خاڵی ناکۆکی نێوان هەسەدە و دیمەشقە.

لە راپۆرتەکەی فۆربیسدا هاتووە، رووداوەکانی سوەیدا لە تەمموزی ئەمساڵ، کاتێک چەکدارە بەدەوییەکان هێرشیان کردە سەر دروزییەکان، ئەحمەد شەرع هەوڵیدا هێرشەکانی سەر سوەیدا بەکاربهێنێت لەپێناو کۆنترڵکردنی تەواوی سوەیدا و سەپاندنی دەسەڵاتی دیمەشق بەسەریدا، بەڵام هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل رێگر بوو لەوەی پلانەکەی سەربگرێت.

بەپێی راپۆرتەکەی فۆربیس، دوور نییە حکومەتی نوێی سوریا، هەمان سیناریۆ بەکاربهێنێت دژی هەسەدە، لەپێناو کۆنترۆڵکردنی رۆژئاوای کوردستان. چالاکوانان لە رەقە و دێرەزوور کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی عەرەبن، فشار لە دیمەشق دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانیان و دەرکردنی هەسەدە، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکی ڤلادیمیر ڤان ویڵگنبێرگ لە پێگەی دەزگای جەیمستاون بۆ توێژینەوە و شیکاری نێودەوڵەتی.

وەک لە راپۆرتەکەی فۆربیسدا هاتووە، هێزەکانی سوریای دیموکرات، هێزێکی کاریگەرن بۆ سەقامگیری لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا. هەسەدە خاوەنی 100 هەزار سەربازە، تائێستاش هێزێکی کاریگەرە دژی داعش لە ناوچەکە. بوونی هەسەدە نەک تەنها بۆ سوریا، بەڵکو بۆ ئاسایشی عێراقیش گرنگە.

هەسەدە هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمەریکایە لە دژی تیرۆر لە ناوچەکە. پێشبینی دەکرێت بە نێوەندگیریی ئەمەریکا گفتوگۆکان لە نێوان رۆژئاوای کوردستان و دیمەشق دەست پێبکاتەوە و سوریا نوێ دەبێت حکومەتێکی نا ناوەندیی بێت. ئەو پرۆسەیە پێویستی بە متمانە و بەڕێوەچوونی بە وریاییەوە هەیە. 

لە کۆتایی راپۆرتەکەی فۆربیسدا هاتووە، بەکارهێنانی هێز دژی هەسەدە دەبێتە هۆی دروستکردنی ناسەقامگیری، هەروەها ئەوەی سوود لەو ناسەقامگیرییە دەبینێت تەنها داعشە، لە کۆتاییدا سوریا بەرەو شەڕێکی ناوخۆیی دیکە دەبات.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی