"بەردانەوەى ئاو دۆزینەوەى گەنجینەیە"؛ کەم ئاوی تەنگ بە تورکیا هەڵدەچنێت

#تورکیا#قەیرانى ئاو
20 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 20 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • راپۆرتی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئەمساڵ بڵاوکرایەوە باس لەوە دەکات کە تورکیا مەترسییەکی گەورەی لەسەرە و رەنگە تا ساڵی 2030 لە پێگەی وڵاتێک کە مەترسییەکى کەمى کەم ئاوی لەسەر بووە بچێتە ریزى ئەو وڵاتانەوە کە روبەڕووى قەیرانى کەمى ئاو دەبنەوە.
Primary Asset

سبەى

کاریگەرییەکانى گۆڕانى کەشوهەوا کێشەى کەمى ئاوى لە تورکیا دروستکردووە و نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشدارى دەدات کە رەنگە ئەو وڵاتە بچێتە ریزى ئەو وڵاتانەى کە رووبەڕووى قەیرانى ئاو دەبنەوە.

ماڵپەری بی بی سی لە راپۆرتێکدا تیشکی خستووەتە سەر قەیرانی ئاو لە تورکیا و لە میانی چاوپێکەوتن لەگەڵ ژمارەیەک شارەزایانی بابەتەکە و هاوڵاتیانی تورکیا لایەنە ئاشکرا و شارەاوەکانی ئەو قەیرانە مەترسیدارەی خستووەتەروو.

هاوڵاتییەکی دانیشتووی ئیزمیر دەڵێت "ماوەی دوو هەفتەیە یەک دڵۆپ ئاو لە بۆرییەکاندا نییە، بەیانیان لە دەریادا دەموچاومان دەشۆین، ناتوانین خۆمان بشۆین و تەنانەت بۆ توالێتەکانیش ئاو لەبەردەست نییە، دەترسین ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، نەخۆشینی مەترسیدار بلاوبێتەوە".

 دەشڵێت "کاتێک ئاو بەردەدرێتەوە وەک ئەوە وایە گەنجینەیەکمان دۆزیبێتەوە".

لەو ناوچەیە زۆربەی خانوو و شوقەکان سیستەمی کۆگاکردنی ئاویان هەیە و  لە ڕابردوودا کاتێک ئاو بە شێوەیەکی کاتی دەبڕدرا، دەتوانرا کێشەکە بە بەکارهێنانی تەنکەر کێشەکە چارەسەر بکرێت، بەڵام کاتێک لە مانگی تەمموزدا بۆ چەند ڕۆژێک لەسەر یەک ئاوەکە پچڕا، تەنکەرەکانیش وشک بوون.

د.فولیا ئایدن کەندەمیر، توێژەری سەربەخۆ دەڵێت "زیادبوونی بەکارهێنانی ئاو لەگەڵ هاتنی گەشتیاران بارگرانییەکی گەورەی بەسەر خەڵکی ناوچەکە دروستکردوە، بۆ نموونە ئەنتاڵیا کە ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 2.7 ملیۆن کەسە، لە وەرزی بەهار و کاتی هاتنی گەشتیاران  ژمارەی دانیشتووانی دەگاتە نزیکەی 14 ملیۆن کەس ئەمەش بەم مانایەیە کە ئەو ئاوەی کە بۆ 2.7 ملیۆن کەس دانراوە، پێویستە لە وەرزی گەشتیاریدا بەشی 14 ملیۆن کەس بکات”.

"قەیرانی ئاو لە پشت دەرگاکانمانەوە نەماوە، بەڵکو لە ماڵەکانماندایە."

د. دۆغوجان دۆغو مامۆستای جوگرافیا، سەبارەت بەوەی ئایا ئەوەی لە تورکیا روو دەدات کەم ئاوییەکی ئاساییە یا خود وشکەساڵییەکی جددی  دەڵێت "قەیرانی کەم ئاوی ساڵانێکە دەستیپێکردووە و لە ئێستادا بووەتە واقیعێکی تاڵ بە جۆرێک کە ئەم قەیرانە چیتر لە پشت دەرگاکانمانەوە نییە، بەڵکو چووەتە ناو ماڵەکانمانەوە."

دەشڵێت، ئەو ناوچانەی تورکیا کە تایبەتمەندی کەشوهەوای نیمچە وشکیان هەیە، وەک حەوزی قونیا، دەوروبەری دەریاچەی خوێ و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ، بۆ هەمیشە تووشی وشکەساڵی بوون.

“گۆڕانکاری کەشوهەوا وایکردووە کە پشتێنەی کەشوهەوای دەریای ناوەڕاست وردە وردە بەرەو باکوور بگۆڕێت، ئەنجامەکەی ئەوەیە ناوچەکانی دەوروبەری دەریای ناوەڕاست و دەریای ئیجە کە پێشتر کەشوهەوایەکی تەڕتریان هەبووە، ئێستا زیاتر و زیاتر وشکەساڵی توندیان بەخۆوە بینیوە”، ئەوەش بەوتەى د. دۆغوجان دۆغو.

“وشکەساڵی و کەمی ئاو بووەتە دۆخێکی هەمیشەیی.

راپۆرتی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئەمساڵ بڵاوکرایەوە باس لەوە دەکات کە تورکیا مەترسییەکی گەورەی لەسەرە و رەنگە تا ساڵی 2030 لە پێگەی وڵاتێک کە مەترسییەکى کەمى کەم ئاوی لەسەر بووە بچێتە ریزى ئەو وڵاتانەوە کە روبەڕووى قەیرانى کەمى ئاو دەبنەوە.

بەپێی ئاماری ژووری ئەندازیارانی ژینگەی تورکیا، تێکڕای ساڵانەی دابینکردنی ئاوی بەکارهێنراو بۆ هەر تاکێک لە تورکیا نزیکەی 1330 مەتر سێجایە؛ بەڵام ئەم بڕە زۆر کەمترە لە تێکڕای نیشتمانی لە ناوچەکانی ئیجە و دەریای ناوەڕاست و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی