سەدام حسێن و عەلا حسێن سەرۆک وەزیرانى کاتى کوەیت دواى داگیرکردنى لەلایەن عێراقەوە
سبەى
لە 2ی ئابی 1990 هێزە عێراقییەکان لە ئۆپەراسیۆنێکی لەناکاودا بە فەرمانی سەدام حوسێن هێرشیان کردە سەر کوەیت و دوای داگیرکردنی ئەو وڵاتە، سەدام بڕیاریدا حکومەتێک لە ژێر ناوی "کۆماری کوەیت" دابمەزرێت کە تەنها چوار ڕۆژی خایاند و دواتر ئەو وڵاتەى بە عێراقەوە لکاند، پێش ئەوەى لەلایەن هاوپەیمانانەوە سوپاکەى تێکبشکێنرێت و ناچار بە پاشەکشە لەو وڵاتە بکرێت.
دوای کۆتاییهاتنی شەڕی ئێران و عێراق لە ساڵی 1988، عێراق تووشی قەرزێکی قورسى وڵاتانی کەنداو بوو کە لە ماوەی شەڕەکەدا لەڕووی داراییەوە پاڵپشتی بەغدایان کردبوو، بەتایبەتی کوەیت و سعودیە کە لەو نێوانەدا کوەیت داوای گەڕاندنەوەی ئەو قەرزانەی دەکرد کە لەماوەی جەنگەکەدا بە عێراقی دابوو.
دواتر قەیرانەکە بەهۆی تۆمەتەکانی عێراق بۆ سەر کوەیت گەورەتر بوو، عێراق کوەیتی تۆمەتبار کرد بەوەی کە زیاتر لەو پشکەی کە لە ئۆپێک بۆی دیاریکراوە نەوت بەرهەم دەهێنێت، ئەمەش بووە هۆی دابەزینی نرخی نەوت و لە ئەنجامدا دابەزینی داهاتی عێراق، سەدام هەروەها کوەیتی بە دزینی نەوتی کێڵگەی هاوبەشی ڕومێلە تۆمەتبار کرد.
لەم کەشوهەوایەدابوو کە گرژییەکان زیاتر پەرەی سەند و سەدام حسێن بڕیاری داگیرکردنی کوەیتی دا و دواجار لە 2ی ئابی 1990 و دوای کۆنترۆڵکردنی کوەیت، عەلی حەسەن مەجید (ئامۆزای سەدام) کرا بە پارێزگاری سەربازی کوەیت.
لەو کاتەدا دەسەڵاتدارانی عێراق بە خێرایی دەستیان کرد بە هەنگاونان بۆ ئەوەی سیمایەکی شەرعی بدەن بە بوونیان لە کوەیت و بۆ ئەو مەبەستەش کۆماری کوەیتیان لەسەر پاشماوەکانی حکومەتی سەربەخۆی کوەیت دامەزراند.
دوای دوو ڕۆژ لە داگیرکردنی کوەیت لە 4ی ئابی 1990، سەدام حسێن دامەزراندنی “کۆماری کوەیت”ی راگەیاند و دەڵێت" کۆماری نوێ قەوارەیەکی سەربەخۆیە و لەلایەن ئەنجومەنی شۆڕش بەڕێوەدەبرێت". بە گوێرەی شرۆڤەکاران و مێژوونووسان، ئەم ڕاگەیاندنە بەشێک بووە لە ستراتیژی سەدام حوسێن بۆ پێدانى و بەرگی سیاسی بۆ داگیرکردنی کوەیت.
عێراق لەجیاتی ئەوەی دەستبەجێ هەوڵی لکاندنی کوەیت بە وڵاتەکەیەوە بدات، هەوڵیدا دۆخەکە وەک "شۆڕشێکی ناوخۆیی" نیشان بدات کە "خودی کوەیتییەکان" لە دژی "رژێمێکی کۆیلەی" وڵاتانی داگیرکەرەوە ئەنجامیانداوە بەمەبەستی پاساو هێناوەی ئەو داگیرکارییە لە ناو میدیا عەرەبی و جیهانییەکاندا.
هەنگاوی یەکەمی سەدام بۆ ئەو مەبەستە دامەزراندنی "حکومەتی کاتی کوەیتی ئازاد" بوو کە لە نۆ ئەفسەری پێشووی کوەیت پێکهاتبوو کە هاوکاری عێراقیان کردبوو یان دواتر تۆمەتبار کران بە هاوکاری لەگەڵ عێراق بۆ داگیرکردنی کوەیت.
هەر لەو پەیوەندییەدا عەقید عەلا حسێن عەلی وەک سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان دەستنیشانکرا، هاوکات پۆستی وەزیری بەرگری و وەزیری ناوخۆشی لەئەستۆ گرت و عەقید وەلید سعود محەمەد عەبدوڵڵا کرایە وەزیری دەرەوە، لیوا فوئاد حسێن ئەحمەد کرایە وەزیری دارایی و نەوت، جەنەراڵ فازلأ حەیدەر ئەلوەفقی وەک وەزیری ڕاگەیاندن و گواستنەوە و لیوا حسێن شەمەری کرایە وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی.
بەپێی ئەوەی لە کتێبی "کوەیت: داگیرکاری و ڕزگاری" هاتووە عەلا حسێن لە ساڵی 1948 لە کوەیت لەدایک بووە و لەکاتی خوێندنی لە زانکۆی بەغدا پەیوەندی بە پارتی بەعسی عێراقەوە کردووە و دواتر بووەتە ئەفسەر لە سوپای کوەیت.
حکومەتی نوێ زنجیرەیەک بڕیاری "شۆڕشگێڕانە"ی ڕاگەیاند، لەوانە بە نیشتیمانیکردنی کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکان، دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان، هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نیشتمانی کوەیت، گۆڕینی کوەیت بۆ کۆمار و پێدانی ڕەگەزنامە بە هەموو ئەو هاووڵاتییە عەرەبانەی لەو کاتەدا لە کوەیت نیشتەجێ بوون.
"حکومەتی چوار ڕۆژە"
حکومەتی کۆماری کوەیت هیچ دەسەڵاتێکی ڕاستەقینەی نەبوو، و شارەزایانی سیاسی پێیان وا بوو ئەو حکومەیە تەنها بەرگێکە بۆ پاساوهێنانەوە بۆ لکاندنی کوەیت بە عێراقەوە لەناو بیرورای گشتی لە وڵاتانی ناوچەیی و جیهانیدا.
لە ڕووی کاتەوە ئەم حکومەتە تەنها چوار ڕۆژی خایاند، چونکە لە 8ی ئابی 1990 سەدام حسێن رایگەیاند حکومەتی کاتی کوەیت داوایکردوە کە بلکێندرێت بە عێراقەوە بۆیە لە 28ی ئابی 1990 لە فەرمانێکدا دامەزراندنی "پارێزگای کوەیت" وەک نۆزدەهەمین پارێزگای عێراق راگەیەنرا و عەزیز ساڵح نوعمان هاوڵاتی عێراقی لە شوێنی عەلی حەسەن مەجید وەک پارێزگاری کوەیت دەستبەکاربوو.
بەم شێوەیە کوەیت وەک پارێزگایەک لکێندرا بە عێراقەوە و سوپای عێراق دەستی کرد بە جێبەجێکردنی یاساکانی عێراق لە سەرانسەری وڵاتدا، لەوانە گۆڕینی پرۆگرامی خوێندن و گۆڕینی دراو و قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەکانی کوەیت، داخستنی باڵیۆزخانە بیانییەکان و دەرکردنی دیپلۆماتکاران و ئەشکەنجەدان و دەستبەسەرکردن و لەسێدارەدان وەک ئامرازی تۆقاندن بەکارهێنرا و کەشێکی سەربازی بەسەر ژیانی ڕۆژانەی وڵاتەکەدا زاڵکرا و دواتر سەدام حوسێن ڕایگەیاند کە کوەیت گەڕاوەتەوە بۆ باوەشی وڵاتی دایک واتە عێراق.
لە ڕووی یاساییەوە "کۆماری کوەیت" هیچ کام لە پێوەرە یاساییەکانی دەوڵەتی نەبوو، جگە لەوەش خێرایی دروستبوونی و دواتر هەڵوەشاندنەوەی، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە تەنها ئامرازێکی کاتی بووە بۆ پاساوهێنانەوە بۆ لەشکرکێشی عێراق بۆ سەر ئەو وڵاتە، نەک دامەزراوەیەکی سیاسی ڕاستەقینە.
"حکومەتی ئازادی کاتی کوەیت" هیچ یاسایەکی دەرنەکرد و هیچ ئەرکێکی ئیداری و دیپلۆماسی نەبوو و هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دروست نەکرد.
سەرەڕای تەمەنی زۆر کورتی، کاریگەرییە دەروونی و سیاسییەکانی ئەو کۆمارە چوار ڕۆژەیە لە مێشکی کوەیتییەکاندا ماونەتەوە، بۆ کوەیتییەکان ڕووداوەکانی ئەو قۆناغە یادەوەرییەکی تاڵن کە یەکگرتوویی نەتەوەیی ئەوانی بەهێزتر کرد و جارێکی دیکە گرنگی سەروەری و سەربەخۆیی وڵاتەکەی وەبیرهێنایەوە.