هەڵمەتێکی قورس بۆ سەر باندەکانی قاچاخچێتی؛ پلانی نوێی بەریتانیا و فەرەنسا بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچى نایاسایی

#بەریتانیا#فەرەنسا#کۆچبەر#
16 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 16 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پلانێکی نوێی بەریتانیا و فەرەنسا دەستپێبکات، بە ئامانجى کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو بەلەمە بچووکانەی کە پەنابەران و کۆچبەران لە کەناڵی ئینگلیزی لە فەرەنساوە دەگەیەننە بەریتانیا.
Primary Asset

لە ساڵی 2025دا زیاتر لە 25 هەزار کەس بە بەلەمی بچووک کەناڵی ئینگلیزییان بڕیوە

سبەى

لە چەند رۆژی داهاتوودا بەریتانیا و فەرەنسا دەستدەکەن بەجێبەجێکردنى پلانێکی هاوبەش بە مەبەستی رووبەرووبوونەوەى کۆچبەرانی نایاسایی کە لە کەناڵی ئینگلیزەوە بە بەلەمی بچووک خۆیان دەگەیەننە بەریتانیا.

بە گوێرەی پلانەکە ئەو کەسانەی کە بە بەلەمی بچووک لە فەڕەنساوە دەچنە بەریتانیا دەگەڕێندرێنەوە بۆ فەڕەنسا و لە بەرامبەردا بەریتانیا ژمارەیەکی یەکسان لە پەنابەرانی فەرەنسا وەردەگرێت، بە مەرجێک کە  پێشتر ئەو کەسانە هەوڵی پەڕینەوەیان لە کەناڵى ئینگلیز نەدابێت و پشکنینی ئەمنییان بۆ کرابێت.

لای خۆیەوە کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە، ئەو پلانە لە ئەنجامی چەند مانگێک هەوڵى دیپلۆماسی و هەوڵی راستەقینە بۆ چارەسەری کێشەی کۆچی نایاسی لە کەناڵی ئینگلیزەوە بەدەستهاتووە.

رێککەوتنەکە لە مانگی تەمموزدا لەلایەن کییەر ستارمەر و ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنساوە ڕاگەیەندرا، بەڵام لەو کاتەوە کۆمیسیۆنی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپاوە سەرقاڵی  لێکۆڵینەوەی یاسایی پلانەکە بوون و لە ئێستادا بڕیارە پلانەکە بچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

حکومەتی بەریتانیا دەڵێت، کۆمیسیۆنی ئەوروپا و ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا گڵۆپی سەوزیان بۆ پلانەکە هەڵکردووە، واتە دەتوانێت جێبەجێ بکرێت.

بەپێی ئەو پلانە، ئەو گەورەساڵانەی کە هەوڵی گەیشتن بە بەریتانیا دەدەن لە ڕێگەی بەزاندنی کەناڵی ئینگلیزی لە ئەگەری رەتکرانەوەی داواکارییەکانیان بۆ پەنابەرێتی لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا دەگەڕێندرێنەوە بۆ فەرەنسا.

یاساکانی بەریتانیا و نێودەوڵەتی ڕێگری لە حکومەت دەکەن کە پەناخوازان بگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتی ڕەسەنی خۆیان پێش ئەوەی داواکاریەکەیان لەبەرچاو بگیرێت و ڕەت بکرێتەوە، بەڵام دەتوانرێت ئەو کۆچبەرانە بۆ لێکۆڵینەوە لە داواکارییەکانیان بۆ مافی پەنابەرێتی بنێردرێن بۆ ئەو وڵاتانەی کە تێیدا ئەمنییەتیان پارێزراوە.

حکومەتی بەریتانیا پشتڕاستی نەکردووەتەوە کە بە گوێرەی پلانەکە ژمارەی ئەو کەسانەی بڕیاردراوە بگەڕێندرێنەوە چەند کەسە بەڵام رایگەیاندووە کە هەوڵ دەدات ژمارەیەکی زۆر لە پەناخوازان لە ماوەیەکی کەندا بگەڕێندرێنەوە بە فەڕەنسا.

بە گوێرەی زانیارییەکان رۆژانە زیاتر لە 800 کەس کەناڵی ئینگلیزی دەبڕن و دەگەنە خاکی بەریتانیا و مەزەندە دەکرێت بە گوێرەی پلانەکە هەفتانە 50 کەس بگەڕێندرێنەوە بۆ فەڕەنسا.

ستارمەر پێشتر ڕایگەیاندبوو کە پلانە تاقیکارییەکە "چارەسەرێکی دڵنیاکەر"  نییە بەڵام رێگەیەکە بۆ ئەوەی خەڵک لە ئەنجامدانی ئەو گەشتە مەترسیدارە ڕابگرێت.

بە گوێرەی ئامارەکان لە ساڵی 2025دا زیاتر لە 25 هەزار کەس بە بەلەمی بچووک کەناڵی ئینگلیزییان بڕیوە، کە بە بەراورد بە هەمان کات لە ساڵی 2024 دا بە ڕێژەی 49% زیادیکردووە و حکومەتی بەریتانیا لە ژێر فشاردایە بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە کەناڵەکە دەپەڕنەوە بۆ بەریتانیا، هاوکات حکومەت بەڵێنی داوە کە هاوکات رووبەرووی توندی باندەکانی قاچاخچێتی مرۆب بێتەوە.

لای خۆیەوە ئیڤێت کوپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، ڕێککەوتنەکەی بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ هەڵوەشاندنەوەی باندەکانی قاچاخچێتی مرۆڤ  ناوبرد، ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە ڕوون بن لە کاتێکدا بەریتانیا هەمیشە ئامادەیە ڕۆڵی خۆی شانبەشانی وڵاتانی دیکە بگێڕێت لە یارمەتیدانی ئەو کەسانەی لە مەترسی و ململانێ هەڵدێن، بەڵام دەبێت ئەمە بە شێوەیەکی یاسایی و کۆنترۆڵکراو ئەنجام بدرێت نەک لە ڕێگەی ڕێگای مەترسیدار و نایاسایی و کۆنترۆڵنەکراوەوە.

حکومەتی بەریتانیا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە 100 ملیۆن پاوەند خەرج دەکات بۆ جێگیرکردنی 300 ئەفسەری دەزگای تاوانی نیشتمانی بۆ سەرکوتکردنی ئەو قاچاخچیانەی خەڵک بە بەلەمی بچووکەوە دەگەیەننە بەریتانیا.

لای خۆشییەوە کریس فیلیپ، وەزیری ناوخۆی سێبەر لە پارتی پارێزگاران ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی حکومەت لەگەڵ فەرەنسا کەمتر کاریگەر دەبێت بەراوەرد بە پلانی رەوانەکردنی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ  ڕواندا کە لەلایەن حکومەتی پێشووی پارتی پارێزگارانەوە پێشنیارکرابوو.

ئاماژەی بەوەشکردووە، " پلانی رەوانەکردنی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ ڕواندا تەنها چەند ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی لەلایەن پارتی کرێکارانەوە هەڵوەشایەوە، لەبەرانبەردا هیچ بژاردەیەکی جێگرەوەی گونجاو تا ئێستا پێشکەش نەکراوە".

کاتێک بەریتانیا و فەرەنسا بۆ یەکەمجار لە مانگی تەمموزدا پلانەکەیان ڕاگەیاند، هەندێک لە ڕێکخراوە خێرخوازیەکانی پەنابەری ڕەخنەیان لەم هەنگاوە گرت و ڕایانگەیاند: “تاکە ڕێگە بۆ ڕاگرتنی گەشتە مەترسیدارەکانی خەڵک، دابینکردنی ڕێگای سەلامەتی ڕاستەقینەیە بۆ پەناخوازان“.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی