"هەڵوێستێكی یەكلاكەرەوە و ئاشكرا"؛ یاسای حەشدی شەعبی بەر رەتكردنەوەی ئەمەریكا دەكەوێت

#حەشدی شەعبی#عێراق#ئەمەریکا
14 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • بەوتەی چەند سەرچاوەیەكی بەرپرسی عێراقی بۆ رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" بریاردان لەسەر پرۆژە یاساكە لە باشترین سیناریۆدا ئەوەیە كە دەكەوێتە خولی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، كە بڕیارە هەڵبژاردن لە تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی هەڵسەنگاندنەكان تێپەراندنی پرۆژەیاساكە بووەتە جێی گومان.
Primary Asset

چەند ئەندامێکی حەشدی شەعبی

سبەی

پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی لە عێراق، روبەڕووی رەتكردنەوەی ئەمەریكا بووەتەوە، بەشێوەیەك دەنگدان لەسەر پرۆژەیاساكە لەم خولەی پەرلەمان بووەتە شتێكی ئەستەم.

بەوتەی چەند سەرچاوەیەكی بەرپرسی عێراقی بۆ رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" بریاردان لەسەر پرۆژە یاساكە لە باشترین سیناریۆدا ئەوەیە كە دەكەوێتە خولی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، كە بڕیارە هەڵبژاردن لە تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی هەڵسەنگاندنەكان تێپەراندنی پرۆژەیاساكە بووەتە جێی گومان.

لەمدواییەدا ئەمەریكا هەڵوێستێكی یەكلاكەرەوە و ئاشكرای هەبووە دەربارەی ئەو پرسە، ئەوەش لە رێگەی راگەیەندراوی باڵیۆزخانەكەی لە بەغداد، كە ستیڤن فەیگن كاربەڕێكەری باڵیۆزخانەكە سەردانی موحسین مەندەلاوی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی كردووە، دوودڵی و نیگەرانی ئەمەریكای پێگەیاندووە و ئەو پەیامەی ماركۆ روبیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكای باس كردووە كە بە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقی گەیاندووە پێش نزیكەی دوو هەفتە.

بەپێی پەیامەكەی ماركۆ روبیۆ بۆ سودانی، "پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی دەبێتە هۆی بە دامەزراوەیی كردنی هەژموونی ئێران و گروپە چەكدارە توندڕەوەكان بەهێز دەكات، كە ئەوەش هەڕەشەیە بۆ سەروەری عێراق".

لەگەڵ هەڵوێستی توندی ئەمەریكا بە ئاراستەی پرۆژەیاساكە، زۆربەی زانیارییە ئاڵوگۆڕپێكراو و بڵاوكراوەكان، ئاماژە بەوەدەكەن دەنگنەدان و تێنەپەڕاندنی ئەو پرۆژەیاسایە هەروەها پەیوەستە بە ناكۆكییە سیاسیەكان بەتایبەت لەناوخۆی هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان، بەتایبەتیش پەیوەست بە كۆنترۆڵكردنی سەركردایەتی دەستەی حەشدی شەعبی و پۆستە باڵاكانی.

دژایەتی ئەمەریكا بۆ یاساكە

رۆژی (23ـی تەمموزی 2025) ماركۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەنجامدا، سەرەڕای گفتوگۆكردن لەسەر پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، یاسای حەشدی شەعبی یەكێكی دیكە بوو لە پرسەكان.

ماركۆ روبیۆ لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەیەوە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس نوسیبووی: نیگەرانیی قوڵی ئەمەریكامان گەیاند، سەبارەت بە پڕۆژە یاسای حەشدی شەعبی كە ئێستا لە ئەنجومەنی نوێنەرانە "پێمانوایە پەسەندكردنی دەبێتە هۆی چەسپاندنی هەژموونی ئێران و پێگەیەكی رەسمی دەداتە گروپە چەكدارەكان و ئەوەش دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە سەروەریی عێراق".

عەباس جبوری، سەرۆكی ناوەندی رەفد بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی رایگەیاند: پەسەند نەكردنی یاسای حەشدی شەعبی پەیوەندیی بە ناكۆكییە ناوخۆییەكانەوە هەیە، سەرەڕای فشاری گەورەی ئەمەریكا.

جبوری رایگەیاندووە: ئەمەریكا بە تەواوەتی دژی یاساكەیە، دژی هەر یاسا و بڕیارێكە كە دەسەڵات بداتە حەشدی شەعبی لە سەروو یان لە دەرەوەی هێزە چەكدارەكانی عێراق، بەتایبەتی دوای ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە و جیهان پەیوەست بە گروپە چەكدارەكان.

دژایەتی نێودەوڵەتی بۆ یاساكە

ئەم هەڵوێستەی ئەمەریكاش، پشتیوانیی ژمارەیەكی زۆر لە وڵاتانی جیهانی هەیە، كە ترسیان هەیە گروپە چەكدارەكانی دەرەوەی سوپا كاریگەریی راستەوخۆیان هەبێت لە شانۆی سیاسی و ئەمنی عێراقدا.

بەوتەی جبوری، تەنها ئەمەریكا دژی یاساكە نییە، لەناوخۆش دژایەتی دەرچواندنی ئەو یاسایە دەكرێت بەو داڕشتنەوەی ئێستایەوە، چونكە دەبێتە هۆی چەك لە دەرەوەی دەوڵەت بە دەستی كەسانی ترەوە و بێت و هەژموونیان بەسەر وڵاتەوە هەبێت، بۆیە بەبێ سازانی ناوخۆیی تێپەڕاندنی یاساكە ئەستەمە.  بەبێ رەچاوكردن و لەبەرچاوگرتنی ترس و نیگەرانییەكانی دەرەوەش قەیرانێكی سیاسی و ئاسایشی نوێ دەخوڵقێنێت و دەرگا لەسەر سەپاندنی سزا بەسەر عێراقدا دەكاتەوە.

فەیاز داوای پەسەندكردنی یاساكە دەكات

فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەكدا، داواكارییەك ئاڕاستەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران دەكات و دەیانخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی مێژویی بەرامبەر ئەو كەسانەی چەكیان هەڵگرتووە بۆ پارێزگاریی لە خاك و سەروەری عێراق. 

فەیاز دەڵێت: دەنگدان لەسەر یاسای حەشدی شەعبی تەنها رێكارێكی تەشریعی نییە، بەڵكو گوزارشتە لە وەفای گەلێك بۆ جەنگاوەرەكانی، چەسپاندنی مافی ئەو كەسانەیە كە وەڵامی داواكاریی مەرجەعیەتیان دایەوە و بە خوێنی خۆیان سەركەوتنیان بۆ نیشتیمان نوسیەوە. 

شاخەوان عەبدوڵڵا: یاسای حەشد مەترسیدارە

شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی یاسای حەشدی شەعبییەوە رایگەیاند: تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای حەشدی شەعبی مەترسییەكەی گەورە لەسەر عێراق درووست دەكات. 

رۆژی شەممە (2ـی ئابی 2025) شاخەوان عەبدوڵڵا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: چەندین یاسا هەی كە پەیوەستە بە چینێكی دیاریكراوەوە، پەسەندكردنیان زیان بە عێراق دەگەیەنێت، ئەم پەیامە تەنها هی ئێمە نییە، بەڵكو شیعە و سوننەكانیش لێی تێدەگەن، تێپەڕاندنیان مەترسییەكی گەورە لەسەر عێراق درووست دەكات و پەیامی سەرجەم لایەنەكان روونە لەوبارەیەوە، بۆیە ئێستا كاتێكی گونجاو نییە بۆ دەنگدان لەسەر ئەو جۆرە یاسایانە. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی