یەکەم کۆبوونەوەی لیژنە پەرلەمانییەکەی تورکیا ئەمڕۆ بەڕێوە دەچێت

#لیژنەی پەرلەمانی#تورکیا#پەکەکە
14 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 14 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ ناو لەو لیژنەیە دەنرێت کە بۆ ڕەخساندنی زەمینەسازی یاسایی بۆ چەکدانانی پەکەکە لە پەرلەمان پێک دەهێندرێت و شێواز و بنەماکانی کارکردن و پرەنسیپەکانیشی دەستنیشان دەکرێت.
Primary Asset

پەرلەمانی تورکیا

سبەی

لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی تورکیا، ناو لەو لیژنەیە دەنرێت کە بۆ ڕەخساندنی زەمینەسازی یاسایی بۆ چەکدانانی پەکەکە لە پەرلەمان پێکدەهێنرێت و  شێواز و  بنەماکانی کارکردن و پرەنسیپەکانیشی دەستنیشان دەکرێت.

بڕیارە کاتژمێر 11:00ی ئەمڕۆ سێشەممە 5ی ئابی 2025 یەکەم کۆبوونەوەی لیژنە پەرلەمانییەکە لە پەرلەمانی تورکیا بەڕێوە بچێت و لەبری ڕێگەدان بە کامێرامان و فۆتۆگرافەران، لە لایەن پەرلەمانەوە وێنە و ڤیدیۆی کۆبوونەوەکە تۆمار دەکرێت و بڵاو دەکرێتەوە.

چاوەڕوان دەکرێت دوای "کۆبوونەوەی ئامادەکاری" کە دوێنێ ئەنجامدرا،  ناو لە لیژنەکە بندرێت "یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی، برایەتی و دیموکراسی"، بەڵام ئاماژە بەوە دەدرێت کە مەهەپە پێداگیرە لەسەر ناوی "یەکێتی و یەکڕیزی" بۆ لیژنەکە.

ئەمەیش لە کاتێکدایە پێشتر زۆر هەوڵ درا ناو لە لیژنەکە بندرێت "تورکیای بێ تیرۆر"، بەڵام دەم پارتی بە توندترین شێوە ڕەتی کردەوە.

کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بە وتارێکی نومان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دەست پێ دەکات و دواتریش پارتە بەشداربووەکانی لیژنەکە تێڕوانینی خۆیان لەسەر چۆنێتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە دەخەنە ڕوو. 

لیژنەکە بە ئەرکەکانی وەک هەموارکردنەوەی ئەو یاسایانە هەڵدەستێت کە زەمینەی یاسایی دەڕەخسێنن بۆ پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە و هاتنەوەی گەریلاکان لە شاخەوە بۆ شار و تێکەڵبوونەوەیان لەگەڵ ژیانی ئاسایی. 

کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ دوای ئەوە دێت، دوێنێ کاتژمێر 14:00 کۆبوونەوەی ئامادەکاری لیژنەکە بە سەرۆکایەتی کورتوڵموش و بە بەشداری عەبدولحەمید گول وەک نوێنەری ئاک پارتیل موراد ئەمیر نوێنەری جەهەپە؛ گوڵستان کڵچ کۆچییغیت، نوێنەری دەم پارتی؛ فەتحی یڵدز، نوێنەری مەهەپە، بولەنت کایا، نوێنەری فراکسیۆنی پارتی ڕێگای نوێ بەڕێوە چوو.

لە کۆبوونەوەکەی دوێنێ و دوای تەواوبوونی قسەکانی کورتوڵموش بڕیار دا ئەو پێنج پارتە سیاسیەی بەهۆی بە دەستهێنانی سەرووی 20 کورسی بوونەتە خاوەن فراکسیۆن بۆ ماوەی 20 خولەک و پارتە سیاسییەکانی دیکە کە نەیانتوانیووە ببنە خاوەن فراکسیۆن بۆ ماوەی 10 خولەک ڕێگەیان پێ بدرێت قسە بکەن. 

بۆ لیژنەکە 21 ئەندام بۆ ئاک پارتی، 10 ئەندام بۆ جەهەپە، 4 ئەندام بۆ دەم پارتی، 4 ئەندام بۆ مەهەپە، 3 ئەندام بۆ ئیی پارتی، 3 ئەندام بۆ ڕێگای نوێ، 1 ئەندام بۆ هودا پار، 1 ئەندام بۆ سەرلەنوێ ڕەفاه، 1 ئەندام بۆ پارتی کرێکارانی تورکیا، 1 ئەندام بۆ پارتی ڕەنج، 1 ئەندام بۆ پارتی چەپی دیموکرات و 1 ئەندامی دیکەیش بۆ پارتی دیموکرات تەرخان کرا.

بەڵام بە هۆی ئەوەی ئیی پارتی کە پارتێکی نەتەوەیی توندی جیابۆوەیە لە مەهەپە ڕەتی کردەوە بەشداری لە لیژنەکەدا بکات، ژمارەی ئەندامانی لیژنەکە لە 51ەوە کەمی کردووە بۆ 48.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی