رەخساندنى زەمینەى یاسایی چەکدانانی پەکەکە و دابەزینى گەریلا لە شاخەوە بۆ شار؛ زانیارى ورد لەسەر ئەندامە کوردەکانى لیژنە پەرلەمانییەکەى تورکیا

#پەرلەمانی تورکیا#چەکدانانی پەکەکە
12 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 11 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • لە کاتێکدا لەو چوار پەرلەمانتارەی دەم پارتی دەستنیشانی کردوون بۆ لیژنەکە، یەکێکیان تورکە؛ لە بەرامبەردا ژمارەیەک پەرلەمانتاری پارتەکانی دیکەى ئەندامى لیژنەکە کوردن و خەڵکی باکووری کوردستانن.
Primary Asset

سبەی

 “سبەی” زانیاریی ورد لەسەر ئەندامە کوردەکانى لیژنەى تایبەت بە رەخساندنى زەمینەی یاسایی بۆ پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە و دابەزینى گەریلاکان لە شاخەکانەوە بۆ شار بڵاودەکاتەوە، لەکاتێکدا بڕیارە رۆژى سێشەممە یەکەم کۆبوونەوەی ئەو لیژنەیە ئەنجام بدرێت.

هەرچەند زیاتر دەم پارتی وەک پارتێکی کوردی دەناسرێت، بەڵام زۆربەی پارتەکانی دیکەیش چەند پەرلەمانتارێکی کوردییان هەیە و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارەکانی دەم پارتییش کورد نین، بەڵام وێڕای کوردنەبوونیشیان سەرسەختانە داکۆکی لە مافەکانی کورد دەکەن.

لە کاتێکدا لەو چوار پەرلەمانتارەی دەم پارتی دەستنیشانی کردوون بۆ لیژنەکە، یەکێکیان تورکە؛ لە بەرامبەردا ژمارەیەک پەرلەمانتاری پارتەکانی دیکەى ئەندامى لیژنەکە کوردن و خەڵکی باکووری کوردستانن.

لە کۆی 48 ئەندامی لیژنەکە 21یان بەر ئاک پارتی دەکەون و بە فەرمی دیارە کە سێیان کوردن و حەوتی دیکەیشیان خەڵکی باکووری کوردستانن و دیارە کە یەکێک لە وان کە جەواهیر ئاسومان یازماجی کە خەڵکی ئورفایە کوردی و عەرەبییش دەزانێت، بەڵام زانیاری نییە لەسەر ئەوەی کە داخۆ ئەوانەی دیکە کوردی دەزانن یاخود نا و هەریەک سەلامی ئاڵتینۆک، شەنگول کارسڵی، محەمەد شاین، ڕادیە سەزەر کارتجیئۆغڵو و عەبدولڕەحمان باباجان کە خەلکی پارێزگا تورکێندراوەکانی ئەرزەڕۆم، مەڕەش و مەلەتی'ن، نازاندرێت کوردن یان نا. 

ئەو پەرلەمانتارانەی ئاک پارتی کە لە لیژنەکەدان و دیارە کوردن عەبدولحەمید گول، محەمەد سەید یاز و بورهان کایاتورکن.

لە کۆی ئەو 10 ئەندامەی بەر جەهەپە کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە لە تورکیا کەوتوون بە فەرمی دیارە کە سێیان کوردن و دووانی دیکەیش خەڵکی باکوری کوردستانن و ئۆغوز کائان ساڵجی یەکێکە لەوان کە داکۆکی زۆر لە چارەسەرکردنی پرسی کورد دەکات بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە و پەرلەمانتارەکەی دیکەیش موراد ئەمیرە کە خەڵکی مەلەتی'یە.

هەریەک لە موستەفا سەزگین تانریکوڵو، تورکان ئێلچی هاوسەری تاهیر ئێلچی سەرۆکی تیرۆرکراوی ژووری پارێزەرانی ئامەد و نورحەیات ئاڵتاجا کایشئۆغڵو ئەو سێ ئەندامەی جەهەپەن کە کوردبوونی خۆیان ناشارنەوە. 

هەروەها هەریەک لە محەمەد ئەمین ئەکمەن، موستەفا بیلیجی و بولەنت کایا لە فراکسیۆنی پارتی ڕێگای نوێ لە باکووری کوردستان لەدایکبوون و دووانی یەکەم کوردی دەزانن و دۆغان بەکین'یش کە پەرلەمانتاری پارتی سەرلەنوێ ڕەفاهە خەڵکی باکووری کوردستانە. 

لە کۆی ئەو چوار پەرلەمانتارەی دەم پارتی بۆ لیژنەکە دەستنیشانی کردوون سێیان کوردن و ئەوانیش بریتین لە مەڕاڵ دانش بێشتاش، گوڵستان کڵچ کۆچییغیت و جەنگیز چیچەک.

هەروەها تاکە ئەندامەکەی هودا پار کە پارتێکی پاشخان ئیسلامیی کوردییە لە لیژنەکە زەکەریا یاپیجیئۆغڵو دەبێت کە هاوکات سەرۆکی گشتیی ئەو پارتەیە و کوردە.

بەم جۆرە لە کۆی 48 ئەندامی لیژنەکە 12یان کوردبوونی خۆیان ناشارنەوە و 11ی دیکەیشیان خەڵکی باکووری کوردستانن. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی