کاروانێکى هاوکارى سەربازى ئەمەریکا لە هەرێمى کوردستانەوە رەوانەى رۆژئاواى کوردستان کرا
سبەى
کاروانێکى هاوکارى سەربازى ئەمەریکا لە هەرێمى کوردستانەوە رەوانەى رۆژئاواى کوردستان کرا، لە چوارچێوەى فراوانکردنى زیاترى گەیاندنى هاوکاریی سەربازیدا، مانگى رابردوو بەگشتى لەرێگەى 244 بارهەڵگر و حەوت فڕۆکەوە هاوکاریی رەوانەکراوە.
روانگەى سورى بۆ مافى مرۆڤ بڵاویکردەوە، کاروانە سەربازییەکە کە لەلایەن هەلیکۆپتەرەکانى هاوپەیمانانەوە پارێزگارى لێدەکرا، لە رێگەى دەروازەى وەلیدى سنورییەوە و لە هەرێمى کوردستانەوە رەوانەى بنکەى قەسرک لە دەوروبەرى حەسەکە کراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، کاروانەکە 38 بارهەڵگرى لەخۆ گرتبوو، کە بەربەستى چیمەنتۆ و سوتەمەنى و سندقى داخراویان هەڵگرتبوو.
لە 31 ى تەمموزى رابردوو، فڕۆکەیەکی بارهەڵگری سەر بە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە بنکەى سەربازى خەراب جەبیر لە دەوروبەرى رمێلان لە باکووری حەسەکە نیشتەوە.
فڕۆکەکە کەرەستەى سەربازى و سیستەمی ڕادار و پێداویستی لۆجستی هەڵگرتبوو، ئەمەش لە چوارچێوەی پاڵپشتیی بەردەوامى هێزەکانی ئەمەریکا بۆ بنکە سەربازییەکانیان کە لە سەرانسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا بڵاوبوونەتەوە.
مانگی تەمموز پەرەسەندنێکی بێ وێنەى بەخۆوە بینى لە چالاکییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ناو خاکی سوریادا، چ لە ڕووی قەبارەی جموجۆڵە سەربازییەکان و چ لە ڕووی پانتایی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان کە شانەکانی داعشیان کردە ئامانج لە سەرانسەری وڵاتدا.
ئەم جموجۆڵانە بریتی بوون لە بەهێزکردنی بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لەگەڵ زنجیرەیەک هەڵمەتی ئەمنی و هێرشی ئاسمانی، کە هەندێکیان ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریا و گروپەکانى سوپای نیشتیمانییان کردە ئامانج. ئەمەش ئاماژەیە بۆ فراوانبوونی بازنەی ئۆپەراسیۆنەکان و چڕبوونەوەی هەوڵەکان بۆ گەڕان بەدواى شانە نوستووەکانى داعش.
لە هەمان چوارچێوەدا هێزەکانی ئەمریکا بەردەوام بوون لە ئۆپەراسیۆنەکانیان لە ناو خاکی سوریادا، لەوانە گواستنەوەی یەکە سەربازییەکان و بەهێزکردنی هەندێک خاڵ و پەرەپێدانی ژێرخانی لۆجستیی چەند بنکەیەک کە لە سەرانسەری ناوچەکەدا بڵاوبوونەتەوە.
ئەم چالاکییە وەک بەشێک لە ستراتیژێکی بەرفراوانتر لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە سەیر دەکرێت کە ئامانج لێی ڕێگریکردنە لە سەرهەڵدانەوەى داعش و بەرپەرچدانەوەی پەرەسەندنی چالاکیی شانە نوستووەکان، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە لەدەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەتى سوریادان.
بەپێی ئامارەکانى روانگەى سورى، بەگشتى لە مانگى تەمموزدا، هاوپەیمانان لە رێگەى 244 بارهەڵگر و حەوت فڕۆکەوە هاوکاریی سەربازیان گەیاندووەتە بنکەکانیان، هەروەها 11 ئۆپراسیۆنى دابەزینیان لە ئاسمانەوە ئەنجامداوە.