غەززە؛ خێزانە فەڵەستینییەكان لەناو جەرگەی برسێتیدا چی دەخۆن؟

#غەززە#خۆراک#ئیسرائیل
15 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • ئەم دیمەنانە زۆر نوێ نییە، درێژەی چیرۆكێكی بێ بڕانەوە و بەردەوامە لە قەیرانی برسێتی كە رۆژانە فەڵەستینییەكان لە غەززە لەگەڵی ڕووبەڕوو دەبنەوە، قەیرانێك كە سەرەرای تێپەربوونی كات و لەناو گەرماوگەرمی جەنگ چڕتر دەبێتەوە، بە گوێرەی راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەگەرچی بڕیكی كەم خۆراك رەوانەی غەززە كراوە، بەڵام وەڵامدەرەوەی پێویستییەكان نییە.
  • عالیە حەنانی تەمەن 78 ساڵ، دایكی هەشت منداڵە، دەورییەك نانی هەڵگرتووە و دەڵێت ناتوانم بە درێژایی ڕۆژ لەسەر ئەو بڕە نانە بژیم و نیوەڕۆ دەیخۆم بۆ شەو و بەیانیش هیچم دەست ناكەوێت.
  • هەندێك ڕۆژ دایكانێك وەك عالییە دەتوانن خواردن لە دەزگا خێرخوازییەكان وەربگرن، زۆر جاریش ناچارن بۆ خواردن سواڵ بكەن، كارێك كە ریهاب ئەلخەروبی دایكی حەوت منداڵ ناچارە هەموو ڕۆژێك بیكات، بەشیك لە دایكەكان لە دۆخێكی خراپتریش دان دایكێك لە خان یونس بە پەیامنێری ئاسۆشیۆتێد پرێس دەڵێت بە درێژایی رۆژ نەیتوانیوە تەنها ژەمێك خواردن بەدەست بهێنیت.
Primary Asset

دیمەنێکی ساتی هەوڵدان بۆ وەرگرتنی خواردن

سبەی

"پاڕامەوە بۆ بەدەستهێنانی خۆراك"، "زۆر برسیم بوو و هیچ ژەمێك نییە بیخۆم". ئەمانە هەندێك لەو بابەتانەن كە چەند ژنێك لە غەززە بە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسیان وتووە، لە كاتێكدا قاپێكی بچووكی خواردنیان بەدەستەوەیە كە بۆ ئەوەی لە شەو ڕۆێكدا پێی بژین، زۆر جاریش بەپێی توانای خویان و خێزانەكانیان چەند ڕۆژ جارێك ژەمێكیان بۆ خواردن دەست دەكەوێت.

ئەم دیمەنانە زۆر نوێ نییە، درێژەی چیرۆكێكی بێ بڕانەوە و بەردەوامە لە قەیرانی برسێتی كە رۆژانە فەڵەستینییەكان لە غەززە لەگەڵی ڕووبەڕوو دەبنەوە، قەیرانێك كە سەرەرای تێپەربوونی كات و لەناو گەرماوگەرمی جەنگ چڕتر دەبێتەوە، بە گوێرەی راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەگەرچی بڕیكی كەم خۆراك رەوانەی غەززە كراوە، بەڵام وەڵامدەرەوەی پێویستییەكان نییە.

نانێك بۆ ڕۆژێكی تەواو

عالیە حەنانی تەمەن 78 ساڵ، دایكی هەشت منداڵە، دەورییەك نانی هەڵگرتووە و دەڵێت ناتوانم بە درێژایی ڕۆژ لەسەر ئەو بڕە نانە بژیم و نیوەڕۆ دەیخۆم بۆ شەو و بەیانیش هیچم دەست ناكەوێت.

عالیە لەو قەیرانەدا بەتەنها نییە و بەشیكی زۆر لە خێزانە فەڵەستینییەكان لە دۆخێكی هاوشێوەدان، پێشتر هەر منداڵێك بۆ هەر ژەمێك دەورییەك خواردنی بەردەكەوت ئێستا ئەو بڕە لە خواردنە بەشی شەو و ڕۆژێكە، قەیرانەكە بە جۆرێكە كە بە گەورەترین قەیرانی برسێتی لە مێژوو ناو دەبردرێت.

سواڵكردن بۆ خواردن

هەندێك ڕۆژ دایكانێك وەك عالییە دەتوانن خواردن لە دەزگا خێرخوازییەكان وەربگرن، زۆر جاریش ناچارن بۆ خواردن سواڵ بكەن، كارێك كە ریهاب ئەلخەروبی دایكی حەوت منداڵ ناچارە هەموو ڕۆژێك بیكات، بەشیك لە دایكەكان لە دۆخێكی خراپتریش دان دایكێك لە خان یونس بە پەیامنێری ئاسۆشیۆتێد پرێس دەڵێت بە درێژایی رۆژ نەیتوانیوە تەنها ژەمێك خواردن بەدەست بهێنیت.

نان و فاسۆلیای سارد

بەپێی ڕاپۆرتێكی ئەسۆشێتد پرێس، هەندێك لە فەلەستینییەكان دەڵێن لەسەر نانێكی كۆن و دەبە فاسۆلیایەك كە ناچارن بە ساردی بیخۆن دەژین، غازی چێشت لێنان كەم و سەوزە گرانە و گۆشت لە بازاڕەكاندا زۆر زۆر بەدەگمەن دەستدەكەوێت.

بەهۆی ئەوەی كەمێك خۆراك دەچێتە ناو غەززە، زۆرجار لەلایەن هەندێك فەلەستینی دەدزرێت یان لەلایەن باندەكانەوە تاڵان دەكرێت و بە نرخێكی زۆر دەفرۆشرێتەوە.

ئیسرائیل لە سەرەتای مانگی ئازاردا گەمارۆیەكی گشتگیری بەسەر ئەو بارهەڵگرانەدا سەپاند كە دەچنە ناو ناوچە گەمارۆدراوەكەوە و لە مانگی ئایاردا دەستیكرد بە ڕێگەدان بە یارمەتییەكان بۆ ناو غەززە، هەرچەندە ڕێكخراوە فریاگوزاریەكان دەڵێن ئەو بڕە یارمەتییە هێشتا زۆر كەمترە لەوەی كە پێویستە، كەمی خۆراك بووەتە هۆی نائومێدی و بەرزبوونەوەی نرخ لەو بازاڕانەی كە زۆرجار ئەو خۆراكانەی كە پێشتر تاڵانكراون دەفرۆشرێتەوە.

بڕی یارمەتییەكان لە ئاستی پێویست  نییە

ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕۆژی سێشەممە لە ڕاپۆرتێكدا ڕایگەیاندووە، بڕی ئەو یارمەتییانەی كە دەچنە ناو غەززە هێشتا زۆر كەمترە لەوەی دانیشتوانی برسی غەززە پێویستیان پێیەتی، هاوكات ئەو بارهەڵگرانەی لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە دەچنە ناوغەززە بەردەوام ڕووبەڕووی گرفتی گەورە دەبنەوە لە ڕیگەی گەیاندنی هاوكارییەكان بەسەر دانیشتوانی كەرتەكەدا.

بەپێی ئاماری ئاژانسی فریاگوزاری و كارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین (UNRWA)، بۆ دابینكردنی پێداویستییە سەرەتاییە مرۆییەكانی زیاتر لە دوو ملیۆن كەس لە كەرتی غەززە، ڕۆژانە لانیكەم ٦٠٠ بارهەڵگر پێویستن.

بەپێی دوایین دەرەنجامەكانی دەزگای فریاگوزاری و كارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین (UNRWA)، لە هەر پێنج منداڵێك لە شاری غەززە، یەكێكیان بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنێت و ڕۆژانە حاڵەتەكان زیاد دەبن.

بەگوێرەی هۆشدارییەك كە لەلایەن ئاژانسی ئاسایشی خۆراكەوە دەرچووە، غەززە ڕووبەڕووی مەترسیی توندی برسێتی دەبێتەوە، بەجۆرێك كە بەكارهێنانی خۆراك و پێوەرەكانی خۆراك لە سەرەتای ململانێی ئێستاوە گەیشتوونەتە خراپترین ئاست.

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی لە غەززە، ژمارەی قوربانیانی "برسێتی و بەدخۆراكی" گەیشتووەتە 193 كەس كە 96یان منداڵن.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی