کۆنفرانسی یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستی پێکهاتەکانی رۆژئاوای کوردستان دەستی پێکرد

#کۆنفرانس#یەکڕیزی#یەکهەڵوێستی#رۆژئاوای کوردستان#باکور و رۆژهەڵاتی سوریا
5 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، کارەکانی یەکەمین کۆنفرانسی یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستی پێکهاتەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دەستی بە کارەکانی کرد.
Primary Asset

کۆنفرانسی یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستی پێکهاتەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا 8ـی ئابی 2025

سبەی

لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، کارەکانی یەکەمین کۆنفرانسی یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستی پێکهاتەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دەستی بە کارەکانی کرد.

ئەمڕۆ هەینی (8ـی ئابی 2025) بە بەشداریی زیاتر لە 400 کەسایەتی سیاسی و سەربازی و ئاینی، کە نوێنەرایەتی سەرجەم پێکهاتەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دەکەن، لە ژێر درووشمی پێکەوە لە پێناو فرەیی و یەکڕیزی، بە هاوبەشی داهاتوو بونیات دەنێین، لە ناوەندی رۆشنبیریی شاری حەسەکەی هەرێمی جزیرە، کۆنفرانسەکە دەستی پێکرد.

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکار و هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی لە وتاری کردنەوەی کۆنفرانسەکەدا رایگەیاند: فرەیی هەڕەشە نییە، بەڵکو خاڵی بەهێزی سوریایە، پێکەوەژیانی ئاشتیانە و پڕۆژەی دیموکراتی هاوبەش دۆخێکە دەبێت رێزی لێبگیرێت.

ئاماژەی بەوەکرد؛ ئامانجی کۆنفرانسەکە نوێنەرایەتی دادپەوەری سەرجەم پێکهاتەکانی سوریا و سیستمی لامەرکەزییە بۆ سوریا، چونکە بەردەوامیی تاکڕەوی لە دەسەڵات هیچ سودێکی نییە، جگە لە قوڵکردنەوەی قەیرانەکان.

بەوتەی ئیلهام ئەحمەد، فرەیی سیاسی داواکارییەکی سەرەکی و بنەڕەتییە بۆ بونیاتنانەوەی سوریای نوێ، کە خۆی لە هاوسەنگی سیاسی دەبینێتەوە لە رێگەی نوێنەرایەتی سەرجەم پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی وڵاتەکە.

جگە لە کەسایەتییەکان، نوێنەرانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی، هێزەکانی سوریای دیموکرات، ئەنجومەنی سوریای دیموکرات، پارتە سیاسییەکان، رێکخستنەکانی ژنان، مەترانی جزیرە و فورات، یەکێتی سریانی، بزوتنەوەی کۆمەڵگەی دیموکراتی، ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد و ژمارەیەکی زۆر کەسایەتی ئاینی و نوێنەری پێکهاتەکان بەشدارن.

لە کۆنفرانسەکەی ئەمڕۆدا، وتەی لایەنە بەشدار بووەکان دەخوێندرێتەوە، پێکهاتەکانی درووز و عەلەوییەکانیش پەیامی تایبەتیان دەبێت.

دوای خوێندنەوەی بەڵگەنامەی کۆنفرانس، گفتوگۆ لەسەر سەرجەم پێشنیاز و راسپاردەکان دەکرێت و لە کۆتایی کۆنفرانسدا راگەیەندراوی کۆتایی دەخوێندرێتەوە کە وەک پەیماننامە یان بەڵگەنامەی کۆتایی کۆنفرانس دەناسێندرێت، بە جۆرێک گوزارشت لە بۆچوونی سەرجەم پێکهاتەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بکات بۆ ئایندەی وڵاتەکە.

خالید ئیبراهیم، ئەندامی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنفرانسی پێکهاتەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند: نوێنەری سەرجەم پێکهاتەکان بەشداریی دەکەن و تیایدا گفتوگۆ لەسەر یەکڕیزی و یەکخستنی هەڵوێستەکانیان دەکرێت لەبارەی دوایین پەرەسەندنەکان و تێپەڕاندنی قۆناغی راگوزەریی.

ئاماژەی بەوەشکرد؛ پێشهاتەکانی سوریا و باشوری سوریا یەکێکی دیکە دەبێت لە تەوەرەکانی کۆنفرانسەکە، هەروەها بەشداران بابەتی راگەیاندنی دەستوریی و رێچکەی دادپەوەریی راگوزەری سوریاش تاوتوێ دەکەن و هەڵوێستی خۆیانی لەبارەوە دەخەنەڕوو.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی