سیپان حەمۆ فەرماندە لە یەپەگە و هەسەدە
سبەی
دوای زیاتر لە 13 ساڵ، بۆ یەکەمجار فەرماندەیەکی یەپەگە دەردەکەوێت، بۆچوونەکانی روون و رەوانن، زۆر متمانەی بە ئیدارەی نوێی سوریا نییە، پێیوایە کە ئەسەد گۆڕاوە بە شەرع، ئەوەی بەرامبەر عەلەوی و دروزەکان کراوە، ئامادەکاریی و پەراوە بوو بۆ هێرشکردنە سەر کورد، پێداگرە لەسەر ئەوەی خۆڕادەستکردن لە فەرهەنگی ئەواندا نییە.
سیپان حەمۆ، فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ سایتی (نیومیدیا 24) رەخنە لە دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع و حکومەتە راگوزەرەکەی دەگرێت کە درێژەپێدەری عەقڵی پاوانخوازانەی رابردووە "ناوەکان گۆڕاون، بەڵام عەقڵیەت وەک خۆی ماوەتەوە، بە واتایەکی دیکە هەموو ئەو هێزانەی ئێستا لە دیمەشق لە دەسەڵاتدان، کە لە بنەڕەتدا دژی کوردن، دەیانەوێت سوریایەکی ناوەندی و تاکڕەو بونیات بنێن.
سیپان حەمۆ، یەکێکە لە دامەزرێنەری یەپەگە لە ساڵی 2012، 13 ساڵە راستەوخۆ بەشدارە لە پاراستنی رۆژئاوای کوردستان لە هێرشەکان داعش و گروپە توندڕەوەکانی سەر بە تورکیا، بۆ یەکەمجار بە ئاشکرا دەردەکەوێت لە میدیا و قسە لەسەر دۆخی رۆژئاوای کوردستان بەتایبەتی و سوریا بە گشتی دەکات.
سوریایەکی ناوەندی
سیپان حەمۆ دەڵێت: هێزەکانی سوریای دیموکرات، هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئێستا، هەمیشە پڕۆژە و مۆدێلێکی جیاوازی هەبووە. بەپێی چەمکی سوریایەک کە لەسەر بنەمای یەکسانی و فرەیی دامەزراوە، هەموو پێکهاتەکان دەتوانن بە ئازادی بژین. پاراستنی هەموو گەلان لە سوریا بە ئامانجی بنەڕەتی خۆی دەزانێت. لە هەمووی گرنگتر هەوڵ دەدات بۆ بنیاتنانی سوریایەکی نا ناوەندی. لە زۆر ناوچەدا ئەم ئامانجەی بەدەستهێناوە و ئەزموونی باشی بەدەستهێناوە.
دەسەڵاتدارانی دیمەشق دژی کوردن
جەختی کردەوە، لەگەڵ روخانی رژێمی بەشار ئەسەد، هەسەدە پێش هەموو کەسێک رایگەیاندووە کە پشتگیری لە بونیاتنانی سوریایەکی دیموکراسی دەکات کە هەموو ڕەنگەکان بتوانن تیایدا پارێزراوبن و بژین. لەسەر ئەو بنەمایە بە روونی ئەوەمان راگەیاندووە کە دەتوانین بەشێک بین لە سوپای نوێی سوریا. بۆ ئەم مەبەستە چەندین کۆبوونەوە و دانوستان ئەنجام دراون. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات بینیمان کە دەسەڵاتی ئێستای دیمەشق هیچ ئومێدێک بۆ بونیاتنانی وڵاتێکی دیموکراسی نابەخشێت.
دەشڵێت: هەموو ئەو هێزانەی ئێستا لە دیمەشق لە دەسەڵاتدان لە بنەڕەتدا دژی کوردن، دەیانەوێت سوریایەکی تەواو ناوەندی و تاکڕەو بونیات بنێن.
شەرع جێگەی ئەسەد و تەحریر شام جێگەی بەعسی گرتوەتەوە
بەوتەی سیپان حەمۆ، ئیدارەی نوێی سوریا هیچ نیازێکیان نییە مۆدێلێکی جیاواز لە رژێمی بەعس دروست بکەن. بە واتایەکی تر ئەحمەد شەرع جێگەی ئەسەدی گرتووەتەوە، بەعسیش حکومەتی تەحریر شام جێگەی گرتووەتەوە. بۆیە بارودۆخی ئێستا لە ئاست هیوا و داخوازییەکانی کورد بۆ بنیاتنانی سوریایەکی دیموکراسی نییە، بەڵام سەرەڕای ئەم گرفتانە، هەسەدە بڕیاریداوە پاشەکشە نەکات لە ئامانجی بنیاتنانی وڵاتێکی دیموکراسی و فرەیی.
یەکگرتن لەگەڵ سوپا
بەوتەی سیپان حەمۆ، لایەنی دیمەشق تائێستا هیچ مانایەکی راستەقینە و بەرچاوی بۆ پرسی یەکگرتن نەگەڕاندووەتەوە، دەبێت پێش هەموو شتێک لایەنەکان دان بە ئیرادە و ناسنامەی یەکتردا بنێن بۆ یەکگرتن. ئەمە تەنها بابەتی دوو لایەن نییە. بابەتی هەموو لایەنەکانی سوریایە. ئەگەر لایەنێک بە لایەنێکی دیکە بڵێت "لەگەڵم بن و هەموو شتێک وەک جاران دەبێت"، بە واتایەکی تر "ئێمە ناسنامەی تۆ ناناسین، دان بە بوونتدا نانێین، دان بە ناسنامەی گروپەکانی دیکەدا نانێین" رایبگەیەنێت کە دەیانەوێت بەم شێوەیە سوریایەکی مەرکەزی دابمەزرێنن، ئەمە ناتوانرێت بە یەکگرتن ناوببرێت. ئەمەش سەپاندنی راستەوخۆی تەسلیمبوونە.
خۆڕادەستکردنی لە فەرهەنگی ئێمەدا نییە
سیپان حەمۆ دەڵێت: خۆڕادەستکردن لە فەرهەنگی ئێمەدا نییە. ئامانجی ئێمە دامەزراندنی یەکسانی و ئازادی و سیستەمێکی دیموکراسییە. لەو چوارچێوەیەدا شەڕی گەورە لە دژی رژێم و گروپە توندڕەوەکان و داعش بەڕێوەچوو. دەبێ بە حکومەتی دیمەشق و هاوپەیمانەکانی بگوترێ: شۆڕشی رۆژئاڤا و باکوری رۆژهەڵاتی سووریا بۆ بەدەستهێنانی سەروەت و سامان و پۆست نەبووە. پەیوەست بوو بە چەسپاندنی مافی ژنان، ئازادی و یەکسانی لە نێوان گەلان و پەرەپێدانی دیموکراسی بە گشتی.
حەمۆ بەبیری دەهێنێتەوە کە 14 ساڵە خەباتێکی گەورە بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە ئەنجامدراوە، ئەو دەستکەوتانە بە خوێنی شەهیدەکانیان بەدەستهاتوون و دەپارێزرێن 14 هەزار شەڕڤان شەهید بوون، دەیان هەزاریش بریندار بوون. "دوای ئەوەی باجێکی وەها قورسمان دا، مەحاڵە ئێمە پێشکەشکردنی تەنانەت کەمترین مافی تاکەکەسی وەک بەخشین لەلایەن حکومەتی ناوەندی دیمەشقەوە قبوڵ بکەین."
هێرشی سەر عەلەوی و دروزەکان مەشقێکە بۆ هێرشکردنە سەر کورد
فەرماندەکەی هەسەدە دەڵێت: لە ماوەی رابردوودا شاهێدی چەندین کۆمەڵکوژیی گەورە بووین. سەرەتا هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی کەنار دەریاکان کە عەلەوییەکان تێیدا دەژین. پاشان لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا دەستوورێکی بنەڕەتییان داڕشت بەبێ بەشداریی لایەنەکان. لە کۆتاییدا ئەو شێوازە دڕندانەیەمان بینی کە بۆ هێرشکردنە سەر دروزەکان لە سویدە بەکارهێنراون. بە تێپەڕبوونی کات دەرکەوت کە هێرشەکانی سەر ناوچەی عەلەوی و سوەیدا لە راستیدا ئامادەکاریی هێرش بون بۆ سەر ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و بەتایبەتی گەلی کورد.
هەسەدە خۆی بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادە دەکات
فەرماندەکەی هەسەدە دەڵێت: لە نزیکەوە چاودێری پرۆسەی ئێستا و هەڵوێستی ئیدارەی دیمەشق دەکەین. ئێمە بە باشترین شێوە پشتگیری لە دیالۆگ و چارەسەری ئاشتیانە دەکەین. بەڵام نابێت ئەوە لەبیر بکرێت کە ئێمە هێزێکی بەرگریین. بە واتایەکی تر لە دەرەوەی سیاسەت، لە ئێستادا هەوڵ دەدەین بۆ پاراستنی خەڵکی سوریا. لەم ڕووەوە ئێمە ئەو ڕێوشوێنانە حیساب دەکەین کە لە هەموو لایەکەوە بەرامبەر هێرشەکان دەیگرینەبەر.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین ئیرادەیەکی بەهێز بۆ چارەسەری ئاشتیانە لە دیمەشق نابینین. بەو شتانەی کە دەیبینین، هەندێک پلان هەیە بۆ لەناوبردنی هێزەکانمان. بە واتایەکی تر ئەگەری ئەوە هەیە کە حکومەتی راگوزەر لە دیمەشق بتوانێت لە رێگەی پیلان و هەراسان کردنەوە هەندێک هێرش بۆ سەر ناوچەکانمان ئەنجام بدات. ئێمە بە وردی ئەم بابەتانە لەبەرچاو دەگرین و ڕێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر.
وتیشی : "ئومێد و چاوەڕوانی ئێمە ئەوەیە کە هێزەکان ببێتە هێزی بەرگریی هەموو سوریا. بەپێچەوانەوە ئەگەر پێداگری لەسەر ڕێبازێکی پاوانخوازانە و ڕەق و مەرکەزی دیمەشق بکرێت، پێویستە ئەوە بزانرێت کە هێزەکانی هەسەدە بەشێک نابن لە سوپای سوریا. بۆیە ئێمە ڕێگای جێگرەوەکان هەیە؛ ئێمە بێدەسەڵات نین."
چەک دانانێین
ئێستا سەبارەت بە بانگەشەگانی دانانی چەک، سیپان حەمۆ دەڵێت: لە سەردەمی ڕژێمی بەعسەوە چەندین هێرش و کۆمەڵکوژی دژ بە گەلەکەمان کراوە. بۆیە ئێمە ناچاربووین چەک هەڵبگرین بۆ گەیشتن بە مافەکانی گەلەکەمان و دوور بین لە ستەم. چونکە دوای ئەو هەموو چەوساندنەوە و دڕندەیی و شەڕانگێزییە، گەلی کورد هیچ بژاردەیەکی نەبوو جگە لە چەک هەڵگرتن. ئەگەر ئەمڕۆ چەکمان هەبێت، ئەوە ڕەوایە ئەوە بۆ پاراستنی ناسنامە و مافەکانمانە. بۆ بنیاتنانی وڵاتێکی دیموکراسی و یەکسانی لە نێوان هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی سوریادا ناچار بووین خەباتی چەکداری بکەین. تا ئەو کێشانە چارەسەر نەکرێن، هەمیشە چەک لە دەستی ئێمەدا دەمێنێتەوە.
دەشڵێت: ئامانجی سەرەکی هەسەدە ئەوەیە کە ببینە هێزێکی بنەڕەتی لە سوپای سوریای دیموکراتیدا. ئەگەر سوریایەکی دیموکراسی بونیات بنرێت، سوپایەکی نوێی بۆ دادەمەزرێت. هەسەدە لە هەموو هێزێکی تر زیاتر ئامادەکاری بۆ ئەمە دەکات. ئەگەر سوپا لە خزمەت وڵاتێکی دیموکراسیدا بنیات بنرێت، ئەو چەکانەی ئێمە خاوەنیانن دەبنە چەکی هاوبەشی سوریا.
یارمەتی سەربازی بۆ عەلەوی و دروزەکان
فەرماندەگەی یەپەگە و هەسەدە، پێیوایە هێرشکردنە سەر کۆمەڵگەی عەلەوی و دروزەکان وەک هێرشکردنە سەر خۆمان سەیر دەکەین. بە واتایەکی تر هەر ژن و منداڵێک لەو ناوچانەدا بکوژرێت، بۆ ئێمە ئازار و مەینەتییەکی گەورە بوو. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ئێمە وەک "یەک" سەیری خەڵکی سوریا دەکەین. وەک دەزانرێت ئێمە لەڕووی جوگرافییەوە لە ناوچەی عەلەوی و دروز دابڕاوین. بۆیە ئەستەمە بۆ ئێمە دەستی هاوکاری بۆ خوشک و برا دروز و عەلەوییەکانمان درێژ بکەین. دەبێت بزانرێت کە ئێمە هەرگیز هێرش بۆ سەر گەلی عەلەوی و دروز قبوڵ ناکەین. لە هەمان کاتدا هیچ هێرشێک بۆ سەر کۆمەڵگەی سوننە قبوڵ ناکەین. هەرگیز نابێت ئەم جۆرە هێرشانە لە هیچ شوێنێکی سوریا دووبارە روو بدەنەوە. بۆیە زۆر گرنگە لە بابەتی سیاسی و ستراتیژیدا بە هاوئاهەنگی لەگەڵیان مامەڵە بکەین.