سبەی
بەڕێوەبەری گشتی سۆمۆ رایگەیاند: گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیاکان کردووە، ئامادەکاریی تەواویان کردووە بۆ وەرگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان.
عەلی نزار، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) رایگەیاند: سەرجەم ئامادەکارییەکانیان تەواو کردووە، گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیاکان و کڕیارەکان کردووە، ئامادەیی تەواویان هەیە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەرکات کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی هەرێم دەستیان بە رادەستکردنی نەوتی بەرهەمهێنراو کرد.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق (واع) ئەمڕۆ هەینی (8ـی ئابی 2025) لەسەر زاری بەڕێوەبەری گشتی سۆمۆوە، رەتی کردەوە کە هیچ ناوچەیەکی تایبەت هەبێت بۆ دزینی نەوتی عێراق، یان تێکەڵکردنی نەوتی وڵاتانی دراوسێ بە نەوتی عێراق و فرۆشتنی.
وتیشی : "هیچ پڕۆسەیەکی بە قاچاخبردن و تێکەڵکردنی نەوتی وڵاتانی دەوروبەر نییە لە بەندەر و ئاوە هەرێمییەکان، ئەوەی لەوبارەیەوە بڵاودەکرێتەوە سەرچاوەکانیان ناڕاستە".
بەغداد: دانوستانەكان گەیشتونەتە قۆناغی كۆتایی
رۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی لە ژمارەی دوێنێ پێنجشەممەیدا بڵاوی كردەوە؛ دانوستانەكان گەیشتونەتە قۆناغی كۆتایی بەمنزیكانە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە دەست پێدەكاتەوە.
سەرچاوەیەكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە رۆژنامەكەی راگەیاندووە: دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە هێشتا یەكلایی نەبووەتەوە، بەڵام دانوستانەكانی گەیشتوەتە قۆناغی پێشكەوتووی باش، تەنها چەند وردەكارییەكی بچووك ماوەتەوە.
هەر لەوبارەیەوە رۆژنامەكە لە سەر زاری سەرچاوەیەكی وەزارەتی نەوتەوە، ناوەڕۆكی ئەو كۆبونەوەیەی ئاشكرا كردووە كە بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی لەبارەی كەرتی وزەوە ئەنجامدراوە و بڵاوی كردوەتەوە، وەزارەتی نەوت بەرەو رێككەوتنێكی ئەرێنی هەنگاو دەبێت، لەم ماوەیەدا سەرجەم لێكتێگەیشتنە هونەریی و لۆجستییەكانی پەیوەست بە هەناردەی نەوت یەكلایی دەكاتەوە.
بەپێی سەرچاوەكە؛ كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوت (سۆمۆ) لە رووی هونەریی و لۆجستییەوە ئامادەیە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت و كارەكان بە ئاڕاستەیەكی ئەرێنی دەڕۆن.
وەزیری نەوت: ئەمڕۆ یان سبەینێ نەوتی هەرێم وەردەگرن
حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق، كە رۆژی چوارشەممە (6ـی تەمموزی 2025) لە كەركوك بوو، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەگەڵ هەرێمی كوردستان رێككەوتوون، لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لە پەیوەندیدا بوون، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتیان گەیشتووەتە نزیكەی 130 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە.
وتیشی: "رێككەوتووین 80 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیان لێ وەربگرین بۆ هەناردەكردن، 50 هەزار بەرمیلیش بۆ پێداویستیی ناوخۆ و كارپێكردنی پاڵاوگەكانی هەرێم دەمێنێتەوە، ئەمڕۆ یان سبەینێ نەوتەكە رادەست دەكرێت."
وەزیری نەوت ئاماژەی بەوەكرد؛ بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران كە لەگەڵ هەرێمی كوردستان رێككەوتوون، پابەندین بە وەرگرتنی نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێمی كوردستان، لە قۆناغی یەكەمدا رۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوتە، بەڵام بەهۆی هێرشی سەر كێڵگە نەوتییەكان، بەرهەمی هەرێم بۆ 130 هەزار بەرمیل دابەزیووە، قۆناغ بە قۆناغ دەیگەیەننە ئاستی پێویست.
رۆژی چوارشەممە 30ـی تەممووز حكومەتی هەرێمی كوردستان لەدوایین كۆبوونەوەیدا رایگەیاند: ئەو بڕە نەوتەی ئێستا ئامادەیە بۆ هەناردەكردن، رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ دەكرێت بەمەبەستی هەناردەكردنی لە ڕێگای بەندەری جەیهانەوە، لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی حوزەیرانیش، رەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ كراوە و لە بەرامبەردا، دەبێت بەغداد مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بكات.
شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رۆژی دووی ئاب بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: لیژنەیەك دروستكراوە بۆ هەڵسەنگاندنی داهاتی ناوخۆیی و رەنگە داهاتی ناوخۆیی وەك خۆی نەمێنێت و حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیی نیشانداوە نەوت رادەستی بەغداد بكات، فشارێكیش هەیە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت و خەرجكردنی مووچەی دوو مانگ.