بڕیاری داگیرکردنی غەززە؛ ئەوروپییەکان دژن، ئەمەریکا لەگەڵە

#ئیسرائیل#غەززە#ئەوروپا#بەریتانیا#ئەڵمانیا#سعودییە
4 کاتژمێر لەمەوپێش
جێگر تەیب
پوختە :
  • زۆرینەی وڵاتانی جیهان دژی جێبەجێکردنی پلانەکەن، بە تایبەت وڵاتانی ئەوروپا و عەرەبی، بەڵام ئەمەریکا دژایەتی پلانەکە ناکات و پشتیوانی ئیسرائیل دەکات لە هەر بڕیارێک دەکات سەبارەت بە غەززە.
Primary Asset

وێرانکارییەکانی غەززە

سبەی

بەیانی ئەمڕۆ، 8ـی ئابی 2025، کابینەی شەڕی ئیسرائیل بڕیاری داگیرکردنی تەواوی کەرتی غەززە دا، پەسەندکردنی پلانەکە کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.

زۆرینەی وڵاتانی جیهان دژی جێبەجێکردنی پلانەکەن، بە تایبەت وڵاتانی ئەوروپا و عەرەبی، بەڵام ئەمەریکا دژایەتی پلانەکە ناکات و پشتیوانی ئیسرائیل دەکات لە هەر بڕیارێک دەکات سەبارەت بە غەززە.

بەپێی هەواڵێکی پێگەی ئەکسیۆسی ئەمەریکی، دۆناڵد ترەمپ دژی بیرۆکەی داگیرکردنی تەواوەتی غەززە نییە لەلایە ئیسرائیلەوە، ئەوەش بەپێی وتەی بەرپرسانی باڵا لە ئیدارەی ئەمەریکا و حکومەتی ئیسرائیل.

بەپێی سەرچاوەکان قسەیان بۆ ئەکسیۆس کردووە، ترەمپ بڕیاریداوە دەستوەردان نەکات لە پلانەکانی سوپای ئیسرائیل سەبارەت بە کەرتی غەززە و بڕیارەکان بۆ حکومەتی ئیسرائیل جێدەهێڵێت.

بەپێچەوانەی ئەمەریکاوە وڵاتانی ئەوروپا دژایەتی خۆیان بۆ پلانەکەی ئیسرائیل راگەیاندووە.

سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا، ئۆرسولا ڤان دێر لەین، داوای بەپەلە لە ئیسرائیل دەکات بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە، هەروەها داوا لە حەماس دەکات بارمتەکان ئازاد بکات و چوونی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە ئاسایی بکرێتەوە.

بەریتانیا کە ماوەیەک بەر لە ئێستا رایگەیاند، ئەگەر ئیسرائیل و حەماس نەگەنە رێککەوتن، ئەوا فەلەستین بە دەوڵەت دەناسێنن، دژایەتی خۆی بۆ پلانی داگیرکردنی غەززە دووپاتکردەوە.

ئەڵمانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی هەڵوێستی توندە لەسەر داگیرکردنی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە. ئەمڕۆ 8ـی ئابی 2025، فریدریک میرز، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، ئەڵمانیا هەناردەی چەک کە لە غەززە بەکاردەهێنرێت بۆ ئیسرائیل رادەگرێت.

مێرز دەشڵێت: "ئیسرائیل مافی خۆیەتی حەماس لە چەک دابماڵێت و بەدوای ئازادکردنی بارمتەکانەوە بێت، بەڵام حکومەتی ئەڵمانیا باوەڕی وایە، کرداری داگیرکاری لە غەززە بەدەستهێنانی ئامانجەکانی ئیسرائیل قورستر دەکات."

بەپێی راپۆرتێکی رۆیتەرز، لە ماوەی نێوان حەوتی ئۆکتۆبەری 2023 تا ئایاری ئەمساڵ، ئەڵمانیا بە قەبارەی 564 ملیۆن دۆلار چەکی بۆ ئیسرائیل ناردووە.

حکومەتی ئیسپانیا یەکێکی دیکەیە لەو وڵاتانەی سەرکۆنەی بڕیارەکەی ئیسرائیل دەکات و بڕیارەکە بە پەرەسەندنی زیاتری شەڕ پێناسە دەکات.

هەر سەبارەت بڕیارەکەی ئیسرائیل، حکومەتی تورکیا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات رێکە لە جیبەجێکردنی پلانەکەی ئیسرائیل بگرن.

وەزارەتی دەرەوەی سعودییە لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە، بە توندترین دەستەواژە ئیدانەی بڕیاری حکومەتی ئیسرائیل دەکەن بۆ داگیرکردنی کەرتی غەززە، پڕۆسەکەشی بە تاوانی جەنگ ناساند.

سەرەڕای پەرەسەندنەکانی کەرتی غەززە، نێوەندگیرە میسر و قەتەرییەکان لە هەوڵدان پرۆپۆزەڵێکی دیکە پێشکەش بکەن کە ئازادکردنی هەموو بارمتەکان لە خۆبگرێت، هەروەها شەڕ لە غەززە کۆتایی بێت و سوپای ئیسرائیل لە کەرتەکە بکشێتەوە، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی ئەی پی.

پلانی داگیرکردنی غەززە

کابینەی بچوککراوەی شەڕ پلانەکەی بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیان بۆ هێرشی بەرفراوان و داگیرکردنی غەززە و داماڵینی حەماس لە چەک پەسەندکرد.

کابینەی شەڕ بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی پلانەکەی نەتەنیاهۆیان پەسەند کرد کە پێنج خاڵی سەرەکیی لە خۆی دەگرێت ئەوانیش (داماڵینی حەماس لە چەک. گەڕاندنەوەی هەموو بارمتەکان، زیندووەکان و مردووەکان. کەرتی غەززە بکرێتە ناوچەیەکی بێ چەک. ئاسایشی ئیسرائیل کۆنترۆڵی کەرتی غەززە دەکات. دامەزراندنی ئیدارەیەکی سڤیلی جێگرەوە کە نە حەماسی تێدابێت نە دەسەڵاتی فەلەستین)

دوای پەسەندکردنی پلانەکە، سوپای ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی شاری غەززە؛ لە هەمان کاتدا دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان لە ناوچەکانی دیکەی کەرتی غەززە بەردەوام دەبێت. 

دوای 10 کاتژمێر گفتوگۆ پلانەکە پەسەند کراوە

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەوبارەیەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی (8ـی ئابی 2025) لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: کابینێت، پێشنیازی داگیرکردنی تەواوەتی غەززەی پەسەند کردووە.

رۆژنامەی ئیسرائیل هیوم بڵاوی کردەوە: دوای زیاتر لە 10 کاتژمێر گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران پلانەکەی پەسەند کردووە، ئەنجومەنی سیاسی و ئاسایی بچوککراوەکەش، بەهەمانشێوە دەنگی لەسەر پلانەکەی نەتەنیاهۆ داوە.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی