کابینەی شەڕ پلانی داگیرکردنی تەواوەتی غەززە پەسەند کرد

#ئیسرائیل#کابینێت#شەڕ#غەززە#حەماس#هێرش
6 کاتژمێر لەمەوپێش
پوختە :
  • کابینەی بچوککراوەی شەڕ پلانەکەی بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیان بۆ هێرشی بەرفراوان و داگیرکردنی غەززە و داماڵینی حەماس لە چەک پەسەندکرد.
Primary Asset

سبەی

کابینەی بچوککراوەی شەڕ پلانەکەی بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیان بۆ هێرشی بەرفراوان و داگیرکردنی غەززە و داماڵینی حەماس لە چەک پەسەندکرد.

کابینەی شەڕ بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی پلانەکەی نەتەنیاهۆیان پەسەند کرد کە پێنج خاڵی سەرەکیی لە خۆی دەگرێت ئەوانیش (داماڵینی حەماس لە چەک. گەڕاندنەوەی هەموو بارمتەکان، زیندووەکان و مردووەکان. کەرتی غەززە بکرێتە ناوچەیەکی بێ چەک. ئاسایشی ئیسرائیل کۆنترۆڵی کەرتی غەززە دەکات. دامەزراندنی ئیدارەیەکی سڤیلی جێگرەوە کە نە حەماسی تێدابێت نە دەسەڵاتی فەلەستین)

دوای پەسەندکردنی پلانەکە، سوپای ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی شاری غەززە؛ لە هەمان کاتدا دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان لە ناوچەکانی دیکەی کەرتی غەززە بەردەوام دەبێت. 

دوای 10 کاتژمێر گفتوگۆ پلانەکە پەسەند کراوە

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەوبارەیەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی (8ـی ئابی 2025) لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: کابینێت، پێشنیازی داگیرکردنی تەواوەتی غەززەی پەسەند کردووە.

رۆژنامەی ئیسرائیل هیوم بڵاوی کردەوە: دوای زیاتر لە 10 کاتژمێر گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران پلانەکەی پەسەند کردووە، ئەنجومەنی سیاسی و ئاسایی بچوککراوەکەش، بەهەمانشێوە دەنگی لەسەر پلانەکەی نەتەنیاهۆ داوە.

قۆناغێکی قورسی شەڕ

دوای پەسەندکردنی پلانەکە شەڕی غەززە دوای 22 مانگ دەچێتە قۆناغێکی قورسترەوە کە لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە دەستی پێکردووە، نەتەنیاهۆ دەیەوێت تا ساڵیادی ئەو هێرشەی حەماس، زۆرینەی ناوچەکانی غەززە کۆنترۆڵ بکاتەوە و دانیشتوانەکەی لە چەند ناوچەیەکی بچوکدا گەمارۆ بدات و لەناو چادرگە و کامپدا نیشتەجێیان بکات.

رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرەنۆت ئاشکرای کردووە، سەرۆک ئەرکان دژی پلانەکە بووە و پێیوایە ئەو پرۆسەیە زیاتر لە دوو ساڵی دیکەی دەوێت، ژیانی بارمتەکان دەکەوێتە مەترسییەوە و سوپاکەشی بە هیلاک دەچێت و قوربانییان زۆر دەبێت.

رۆبیۆ: ئیسرائیل لە غەززە روبەڕوی کێشە دەبێتەوە

ماركۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ كەناڵی فۆكس بزنسی ئەمەریكی سەرنجی لەبارەی دواین پێشهاتەكانی كەرتی غەززە خستەڕوو و رایگەیاند: ئیسرائیل سێ كێشەی پەیوەست بەیەكتری هەیە لەسەر كەرتی غەززە.

روبیۆ دەڵێت: "كێشەی یەكەمی ئیسرائیل گەیاندنی هاوكارییە مرۆییەكانە لە غەززە و دەبێت چارەسەر بكرێت. ئاڵنگاریی دووەم 20 بارمتە لای حەماس ماون و لە بارودۆخێكی دژواردان. تا حەماسیش بوونی هەبێت، ئاشتی لە غەززە بەرقەرار نایەت، بە هەبوونی حەماس، شەڕ دووبارە روودەداتەوە."

ترەمپ گڵۆپی سەوزی بۆ ئیسرائیل هەڵکردووە

بەپێی هەواڵێکی پێگەی ئەکسیۆسی ئەمەریکی، دۆناڵد ترەمپ دژی بیرۆکەی داگیرکردنی تەواوەتی غەززە نییە لەلایە ئیسرائیلەوە، ئەوەش بەپێی وتەی بەرپرسانی باڵا لە ئیدارەی ئەمەریکا و حکومەتی ئیسرائیل.

بەپێی سەرچاوەکان قسەیان بۆ ئەکسیۆس کردووە، ترەمپ بڕیاریداوە دەستوەردان نەکات لە پلانەکانی سوپای ئیسرائیل سەبارەت بە کەرتی غەززە و بڕیارەکان بۆ حکومەتی ئیسرائیل جێدەهێڵێت.

پێشبینی دەکرێت جێبەجێکردنی پلانی داگیرکردنی ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی حەماسدایە چەندین مانگ بخایەنێت، هەروەها ئاوارەبوونی یەک ملیۆن لە دانیشتوانی غەززەی لێبکەوێتەوە.

پلانەکەی ئەمجارەی ئیسرائیل جیاواز دەبێت، چونکە ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە پێشبینی دەکرێت بارمتەکانی تێدا بێت، ئەوەش مەترسی زۆر دەخاتە سەر ژیانی بارمتەکان، چونکە پێشتر حەماس رایگەیاندبوو، ئەگەر لە ناوچەی نزیک لە دەستبەسەرکردنی بارمتەکان ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدرێت، ئەوان بارمتەکان دەکوژن.

سەبارەت بە بڕیارەکەی ئیسرائیل بۆ فراوانکردنی شەڕ لە غەززە، رۆژی سێشەممە، 5ـی ئاب، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، "ناتوانم هیچ بڵێم، ئیسرائیل خۆی بڕیار دەدات."

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی