دوای شەڕی غەززە زیادیکردووە؛ ساڵی رابردوو 82 هەزار ئیسرائیلی وڵاتەكەیان بەجێهێشتووە

#ئیسرائیل#کۆچ#غەززە
13 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆت، بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتێكی پەرلەمانی ئیسرائیل بڵاویكردووەتەوە: نزیكەی یەك ملیۆن "هاوڵاتی ئیسرائیلی" لە ئێستادا لە دەرەوەی وڵاتەكە دەژین، ئەمەش  نیگەرانی جددی لەسەر ئاستی سیاسی و كۆمەڵایەتی ئیسرائیل دروستكردووە.
Primary Asset

چەند ئیسرائیلییەک کۆچ دەکەن

سبەی

بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی پەرلەمانی ئیسرائیل، لە ئێستادا نزیكەی یەك ملیۆن هاوڵاتی ئیسرائیلی لە دەرەوەی وڵاتەكەیان دەژین و 53%ی ئەو ئیسرائیلیانەی لە ساڵی 2020ەوە كۆچیان كردووە بۆ دەرەوەی وڵات، هێشتا نەگەڕاونەتەوە ئیسرائیل، هاوكات لە ساڵی 2024دا  82 هەزار كەس وڵاتەكەیان بەجێهێشتووە و لە یۆنان و قوبرس و پورتوگال نیشتەجێ بوون.

رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆت، بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتێكی پەرلەمانی ئیسرائیل بڵاویكردووەتەوە: نزیكەی یەك ملیۆن "هاوڵاتی ئیسرائیلی" لە ئێستادا لە دەرەوەی وڵاتەكە دەژین، ئەمەش  نیگەرانی جددی لەسەر ئاستی سیاسی و كۆمەڵایەتی ئیسرائیل دروستكردووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەكە، بەپێی ئامارە فەرمییەكان، 53%ی ئەو ئیسرائیلیانەی لە ساڵی 2020ەوە كۆچیان كردووە بۆ دەرەوەی وڵات، هێشتا نەگەڕاونەتەوە ئیسرائیل، ئەم رەوتە وایكردووە لیژنەی كۆچبەری كنێست(پەرلەمانی ئیسرائیل)  كۆبوونەوەیەكی تایبەت ئەنجام بدات بۆ لێكۆڵینەوە لە هۆكار و دەرئەنجامەكانی ئەم  شەپۆلە كۆچە.

شەپۆلی چڕی كۆچبەریی دوای شەڕی غەززە

راپۆرتە ئیسرائیلییەكان ئاماژە بەوە دەكەن، دیاردەی كۆچبەری لە دوای شەڕی ئەم دواییەی غەززە توندتر بووە، بە تایبەتی لە نێو چینە خوێندەوار و تایبەتمەندەكاندا، كۆچی پێچەوانە و هەڵاتنی نوخبە زیادی كردووە.

گیلاد كەریف، ئەندامی كنێست، بە هۆشداری لە دەرئەنجامەكانی ئەم رەوتە، داوای داڕشتنی پلانێكی تۆكمەی كابینەی حكومەتی كرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆچبەری پێچەوانە و پاراستنی سەرمایەی مرۆیی وڵات.

كاربەدەستانی ئیسرائیل هۆشدارییان داوە كە درێژەدان بەم رەوتە، دەتوانێت زۆرینەی جولەكەكان بخاتە مەترسییەوە و پێگەی ئابووری ئیسرائیل لە ئاستی جیهانیدا لاواز بكات.

هۆكارە سەرەكییەكانی كۆچكردن لە ئیسرائیل بە گوێرەی راپۆرتی كنێست

دوو هۆكاری سەرەكی بۆ زیادبوونی رەوتی كۆچی ئیسرائیلییەكان باس دەكرێت لەوانەش: 

1- كودەتای دادوەری: زنجیرەیەك رێوشوێن كە كابینەی بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بە بیانووی چاكسازییەوە، بۆ گۆڕینی هەیكەلی سیستەمی دادوەری ئیسرائیل گرتویەتیەبەر،  ئەو چاكسازیانەی كە رەخنەگران وەك هەوڵێك بۆ لاوازكردنی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و چڕكردنەوەی دەسەڵات لە دەستی حكومەتدا دەیبینن.

دەڵێن ئامانجی سەرەكی ئەم چاكسازییانە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە دەرەكییەكان نییە، بەڵكوو لابردنی ئاستەنگە دادوەرییە ناوخۆییەكان و بەدەستهێنانی كۆنترۆڵكردنی زیاترە بەسەر دامەزراوە دیموكراسیەكاندا.

2- بەردەوامی شەڕە هەرێمیەكان كە بوونەتە هۆی نائەمنیی و ناسەقامگیری.

ناوەندی ئاماری ئیسرائیل پێشتر بڵاویكردبووەوە، لە ناوەڕاستی شەڕی غەززە و لە ساڵی 2024دا كۆچی پێچەوانە لە ئیسرائیل زیادی كردووە و ژمارەی ئەو كەسانەی كە ئیسرائیل بەجێدەهێڵن لە ژمارەی ئەو كۆچبەرانەی كە هاتوونەتە ژوورەوە زیاتر بووە.

شەپۆلی كۆچبەریی ئیسرائیل

ئامارە فەرمییەكان دەریدەخەن لە ساڵی 2024دا  82 هەزار ئیسرائیلی، ئیسرائیلیان بەجێهێشتووە و دوای فرۆشتنی موڵكەكانیان لە یۆنان و قوبرس و پورتوگال نیشتەجێبوون. لە ماوەی یەك ساڵی رابردوودا دەیان هەزار ئیسرائیلی بڕیاریان داوە ماڵ و كەلوپەلەكانیان بە شێوەیەكی هەمیشەیی بەجێبهێڵن و لە شەڕ هەڵدێن، بڕیارێك كە گوزارشت لە ناڕازیبوونیان دەكات لە سیاسەتەكانی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل.

كەناڵی یۆرۆنیوز لە راپۆرتێكدا لێدوانی ژمارەیەك ئیسرائیلی دەخاتەروو، كە وڵاتەكەیان لەو ماوەیەدا بەجێهێشتووە، سینتیا هولاتی ئیسرائیلی كە ساڵی رابردوو  لەگەڵ هاوسەر و منداڵەكانی ئیسرائیلیان بەجێهێشت و بۆ هەمیشە لە ئەسینای پایتەخت نیشتەجێ بوون. بە كەناڵەكە دەڵێت: "ئەم بڕیارەم بە پلەی یەكەم بۆ منداڵەكانم داوە، ئەوان شایەنی ئەوەن وەك هەر منداڵێكی دیكەی جیهان منداڵییەكیان هەبێت، نامەوێت خەمی شەڕیان هەبێت، خەمی هەبوونی پەناگەیەكیان هەبێت، یان ئایا بۆردومان دەكرێین و گوێمان لە ئاگاداركەرەوە دەبێت یان نا".

زیاتر لە 10 هەزار ئیسرائیلی لە یۆنان نیشتەجێ بوون، دەیان هەزاری دیكەش كۆچیان كردووە بۆ قوبرس و پورتوگال.

ئیزار بێری رۆژنامەنووسی پێشووی ئیسرائیل دەڵێت" دیموكراسی لە ئیسرائیل تێكچووە و حكومەتی شەڕخوازی بنیامین نەتانیاهۆ ناچاری كردووم وڵاتەكەم بەجێبهێڵم".

دەشڵێت: "لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بەشداریم لە هەموو خۆپیشاندانەكاندا كردووە، بەڵام هیچ ئەنجامێكی نەبوو، هیچ شتێك ناتوانێت رێگری لە رەوتە فاشیستییەكانی ئێستا بگرێت، هیوادارم دواجار ئەم ململانێیە كۆتایی پێبێت و هەندێك رێككەوتن بكرێت".

لە ناوخۆی ئیسرائیلدا كۆمپانیاكانی كەشتیوانی گرێبەستەكانیان بەرزبووەتەوە، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیایەكی كەشتیوانی لە بەندەری ئەشدۆد دەڵێت: "لە ماوەی 30 ساڵدا ئەمە یەكەمجارە كە شەپۆلێكی وەها گەورەی ئیسرائیلییەكان ببینین كە وڵاتەكە بەجێدەهێڵن".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی