سبەى
موراد قەرەیلان فەرماندەی هەپەگە رایگەیاند، بۆ ئەوەی متمانە دروست ببێت، دەبێت عەبدوڵا ئۆجەلان ئازاد بکرێت و نەک هەر لە ئیمراڵی نەمێنێت، بەڵکو دەبێت بتوانێت سەردانی هەموو شوێنێک بکات.
قەرەیلان لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی ستێرک تیڤی لەبارەى مەراسیمى سوتاندنى چەکەوە وتى "ئەو چەک سووتاندنە لە لایەن زۆربەی لایەنەکانەوە مانای خۆی هەیە. بە تایبەت ئەو شوێنەی کە مەراسیمەکە بەڕێوە چوو، لە مێژووی ئێمەدا جێگەی گرنگی هەیە".
وتيشى "بەڵام ڕوونە کە ئەم مەراسیمە بۆ بزووتنەوەکەمان مانای وایە کە ستراتیژی تێکۆشانی چەکداری بە فەرمی و کردەیی کۆتایی پێهاتووە. بۆیە پێویستە دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورکیا و هەر کەسێک ئەوە بزانن تا ئێستا ئێمە ئەو کەسانە بووین کە سوێندمان بە چەک دەخوارد. ئێمە لە مەراسیمەکانماندا بە وتنی: لەسەر شەرەف و چەکی خۆم سوێندمان دەخوارد. بەڵام ئێستا ئێمە چەکمان سووتاند. ئەمە مانای چییە؟ ئەمە گرێدراوی بانگەوازی ستراتژیک بە مانای گۆڕانکارییەکە".
"لەسەر ئەم بنەمایە مەراسیمەکە زۆر گرنگە. بۆیە دەبێت بە شێوەیەکی قووڵ لە مانای مەراسیمەکە تێبگەین. ئەمە پەیامێکی گرنگە. هەم گۆڕانکاری لە ستراتیژە و هەم ئاستی ئیرادەی دڵسۆزی و وەفاداریمان بە ڕێبەر ئاپۆ و رێبازی نیشان دەدات"، قەرەیلان وايوت.
جەختیشیکردەوە، ئەوان لەم ڕووەوە ئێمە پێشنیارەکانی بانگەوازی ئۆجەلانیان جێبەجێ کرد. لەکاتێکدا ئێستاش دەوڵەتی تورکیا بانگەوازییەکەی دەوڵەت باخچەلی جێبەجێ نەکردووە. "ئێمە چاوەڕێی ئەمەین. چوارچێوەی بانگەوازییەکەی دەوڵەت باخچەلی لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ هەموو کەس ئاگادارە. ئێستا دەبێ لەم چوارچێوەیەدا کار بکەن و ڕێبەر ئاپۆ بە شێوەیەکی جەستەیی بە تەواوی ئازاد بکرێت".
قەرەیلان باسى لەوەشکرد، ڕاستە هەروەک ئۆجەلان بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە، ئازادی کەسێتی خۆی ناخاتە ڕۆژەڤەوە و نایەوێت ئەوانیش بیخەیە ڕۆژەڤی سەرەکیانەوە. بۆیە ڕوونی دەکاتەوە کە لەڕووی فەلسەفیەوە ئازادی تاکەکان گرێدراوە بە ئازادی کۆمەڵگەوە و ئازادی کۆمەڵگەش گرێدراوە بە ئازادی تاکەکانەوە و دەیەوێت بەم شێوەیە هەڵسەنگاندن بۆ ئازادبوونی بکرێت.
" بەڵێ ڕێبەر ئاپۆ ئەمە دەڵێت و ئێمەش ڕێز لەم ڕێبازە دەگرین، بەڵام گەلەکەمانیش ڕوونی دەکاتەوە کە ئازادی کۆمەڵگە گرێدراوە بە ئازادی ڕێبەر ئاپۆوە. هەروەها زۆربەی هەڤاڵانی ئێستا، پێش هەموو شتێک بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بەشداری ڕیزەکانی تێکۆشان بوونە. بۆیە ڕاستە ڕەنگە ڕێبەر ئاپۆ هەندێک شت لە پێشینەدا دانەنێت، بەڵام ئێمەش قسەی خۆمان هەیە. بۆیە ڕایدەگەیەنین کە ئازادی گەلەکەمان و هەڤاڵانمان گرێدراوە بە ئازادیی ڕێبەر ئاپۆوە"، قەرەیلان وایوت.
لە چوارچێوەى پڕۆسەى نوێی ئاشتى، دەم پارتى و پەکەکە داواى پێدانى مافى هیوا دەکەن بە ئۆجەلان بەمەبەستى ئازادکردنى، دواى 26 ساڵ لە زیندانیکردنى لەدوورگەى ئیمراڵى، بەڵام تا ئێستا تورکیا ئەو داواکارییە رەتدەکاتەوە.
ئازادکردنى عەبدوڵا ئۆجەلان لە چوارچێوەى پێدانى مافى هیوا، یەکێکە لەداواکارییە سەرەکییەکانى شاندى ئیمراڵى و پەکەکە، بۆ سەرگرتنى پڕۆسەى ئاشتى لەسەر بنەماى بانگەوازەکەى ئۆجەلان.
ئۆجەلان تەمەن 76 ساڵ، لە گوندى ئامەرای قەزای خەلفەتێی سەر بە شاری رحاى باکورى کوردستان لەدایکبووە، رابەرى پەکەکە و بە "ئاپۆ" ناسراوە، کۆلێژی (زانستی سیاسی) خوێندووە لە زانکۆی ئەنقەرە بەڵام خوێندنەکەی تەواو نەکردووە و گەڕاوەتەوە ئامەد.
ساڵی 1978 ساڵێکى جیاکراوەیە لە ژیانى ئۆجەلان، کاتێک لەو ساڵەدا پەکەکەى دامەزراند، ئەو پارتەى لە ساڵی 1984ەوە دەستیکردووە بەخەباتى چەکداریی دژى تورکیا.
تا ساڵی 1998 ئۆجەلان لە سوریا بوو، پاش تێکچوونى پەیوەندییەکانى نێوان تورکیا و سوریا و هەڕەشەى تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر سوریا، دیمەشق ئۆجەلانی ناچار کرد وڵاتەکەى جێ بھێڵێت بێ ئەوەی بیداتە دەست دەسەڵاتدارانی تورکیا.
ئۆجەلان ڕوویکردە روسیا، پاشان ئیتاڵیا و یۆنان، لە ساڵی 1998 لەو کاتەی کە لە یۆنان بوو، تورکیا داوای رادەستکردنى کرد، لە 15ی شوباتی 1999 کاتێک لە کینیا بوو لە پرۆسەیەکى هەواڵگرى ھاوبەشدا دەستگیرکرا و خرایە ناو فڕۆکەوە و گوازرایەوە بۆ تورکیا.
ئۆجەلان لەبارەى دەستگیرکردنییەوە دەڵێت، لەناو فرۆکەکە ههندێک کهسى چاوشین و قژ زهرد و ههندێکى دیکهش گهنم رهنگ و باڵابهرز ههبوون بهچهکى ئۆتۆماتیکیهوه و له ئامادهباشیدا بوون. ئهگهرێکى بههێز ئهوه ههبوو که ئهمانه ئهندامانی سی ئاى ئەى و مۆساد بن، هێزى تایبهتى تورک له فڕۆکهکهدا خۆیان بهسهریاداداوە بهستویانەتەوە.
ئۆجەلان لەناو فڕۆکەکە بهتیپ چاوی بەسترا و لهبهشى دواوهى فڕۆکهکه دانرا. ئۆجەلان دەڵێت فڕۆکهکه دوجار نیشتووەتەوە یهکهم جار لهمیسر دوهمجار یان له ئیسرائیل بوو یان له قوبرس بوو، دواتر برایە تورکیا و بەکەشتى بۆ دورگەى ئمیراڵى گوازرایەوە.
ئۆجەلان لەدواى جێهێشتنى سوریا، داواى لە روسیا و فینلهندا، نهرویج و نهمسا و چەند وڵاتێکى دیکە کرد مافى پەنابەرى پێبدەن بەڵام سەرجەمیان رەتیانکردەوە، ئۆجەلان دەڵێت، دیموکراسى ئهوروپا لەکاتى کێشەى کورددا کۆتایی دێت، ئەوان هێزى کوردیان بۆ بەرژەوەندى خۆیان لە رۆژهەڵاتى ناوەراست بەکارهێنا.
مانگێک پێش دەستگیرکردنى پەکەکە هەوڵیدا بەنهێنى و لە رێگەى ئاسمانى ئێرانەوە ئۆجەلان بگوازێتەوە قەندیل پێگەى سەرەکى پەکەکە، بەڵام بەهۆى ناڕازیبوونى ئێران و دزەکردنى هەواڵەکەوە لەلایەن میدیاکانى ئیتاڵیاوە هەوڵەکە سەرنەکەوت.
لە کاتی دەستگیرکردنییەوە، ئۆجەلان خراوەتە زیندانى تاکەکەسییەوە لە دوورگەی ئیمرالی. لە ئۆکتۆبەری 2002 بەهۆى هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانەوە، تورکیا سزای ئۆجەلانی بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕى؛ وەک بەشێک لە گونجاندنى یاساکانی خۆی لەگەڵ مەرجەکانی یەکێتى ئەوروپا. لە ساڵی 2003 دادگاى مافى مرۆڤى ئەوروپا لە ستراسبۆرگی فەرەنسا، بۆی دەرکەوت کە دادگاییکردنی ئۆجەلان لە ساڵی ١٩٩٩دا نادادپەروەرانە بووە و تورکیا تانەى لە بڕیارەکەدا، بەڵام لە ساڵی 2005 دادگاکە بڕیارەکەی پشتڕاستکردەوە و پێشنیاری دووبارە دادگاییکردنەوەى کرد، بەڵام تورکیا ڕەتیکردەوە.
تورکیا پێشبینیدەکرد زیندانیکردنی ئۆجەلان کۆتایی بە پەکەکە بهێنێت، بەڵام پێشبینییەکە پێچەوانە بووە و پەکەکە زیاتر لە جاران بەهێزتر دەرکەوت و ساڵی 2004 دەستی بە هێرشەکانی کردەوە، دانوستانی ئاشتی نهێنی لە نێوان بەرپرسانی تورکیا و پەکەکە لە ساڵی 2009 دەستیپێکرد بەڵام لە ساڵی 2011 داڕما. دواى دوو ساڵ و لە مانگی ئازاری ساڵی 2013 لەسەر داواى ئۆجەلان ئاگربەست راگەیەنرا و گەریلاکانی پەکەکە لە تورکیا دەستیان کرد بە کشانەوە. بەڵام دانوستانەکان لە تەمموزی 2015 کۆتایی هات و شەڕ دەستیپێکردەوە.