سبەى
لە کاتی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمادا و بۆ خۆپاراستن لە وشکبوونەوە و کاریگەرییەکانی خواردنەوەی بڕێکی کەم لە ئاو، رۆژانە خواردنەوەی دوو لیتر ئاو پێویستە.
دەستەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی بەریتانیا (NHS)، هۆشداریداوە لە خواردنەوەی بڕێکی کەم لە ئاو، بەتایبەتی لە کەشی گەرمدا، بۆ خۆپاراستنیش لە وشکبوونەوە چەند رێنماییەکى خستووەتەڕوو.
دەستەکە ئامۆژگاری دەکات، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و ئارەقکردنەوەیەکی زۆر، یان ئەنجامدانی وەرزش، ئەوا پێویستە بڕێکی باش و گونجاو لە ئاو بخورێتەوە.
چەند رێژەی ئاو پێویستە؟
NHS دەڵێت ئاو، واتە ژیان، بەڵام رۆژانە چەند رێژەی ئاو پێویستە بخورێتەوە؟ بەگشتی لە کاتی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمادا و بەدیاریکراوی لە رۆژە گەرمەکانی وەرزی هاویندا، رۆژانە پێویستیمان بە خواردنەوەی دوو لیتر ئاوە.
بەپێی ئامۆژگارییەکانی دەستەکە، ژنی سکپڕ و ئەوانەی شیردەدەن، یان ئەوانەی وەرزش و راهێنانی سەخت دەکەن، رەنگە پێویستیان بە ڕێژەیەکی زیاتر لە ئاو خواردنەوە بێت.
بنەمایەکی سەرەکی؛ رەنگی میزەکەت دۆخی تەندروستیت پێدەڵێت
رەنگی میزەکەت بەتایبەتی لە کاتی گەرمادا، ئەگەر روون بێت، ئەوا واتە بڕێکی باشت لە ئاو خواردۆتەوە و لە مەترسییەکانی وشکبوونەوە دوریت.
نیشانەکانی وشکبوونەوە
هەستکردن بە تینویتیەکی زۆر
رەنگی میز تۆخ و بۆنێکی بەهێزی هەبێت
کەمبوونەوەی میزکردن
گێژبوون یان هەستکردن بەسەر سوڕان
شەکەتبوون
وشکبوونەوەی زمان و لێو