پەرلەمانی عێراق
سبەی
گەورەترین پرۆسەی دوورخستنەوەی کاندیدان، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق بەڕێوەدەچێت، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش دەڵێت، پاڵنەری سیاسی لە پشت دورخستنەوەیانەوە نییە.
بەهۆی تێپەڕنەبوونیان بە فیلتەرەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردەکانی عێراق، لیستێکی 65 کەسی بە ناوی کاندیدە دورخراوەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق راگەیەندرا.
سەرەتای گەورەترین پرۆسەی دوورخستنەوە
ژمارەکە سەرەتای گەورەترین پرۆسەی دورخستنەوەی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە، بەو پێیەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بڕیاریداوە بەردەوام بێت لە پرۆسەکە و هەر کاندیدێک لە دۆسیەی رەوشت، تاوان، گەندەڵی، بەرتیل وەرگرتن تێوەگلابێت، یاخود یاسای لێبوردن گرتبێتیەوە، دوربخاتەوە.
لیستەکە، کۆمیسیۆنەکەی رووبەڕووی رەخنەی چەند لایەنێکی سیاسی کردۆتەوە، ئەوان بڕویان وایە پاڵنەری تۆڵەکردنەوە لە پشت دورخستنەوەکانەوەیە.
کۆمسیۆن ڕوونکردنەوەی هەیە
لە بەرامبەردا جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە میدیاکانی عێراقی راگەیاندووە، پاڵنەری سیاسی نەبۆتە هۆی دورخستنەوەی کاندیدەکان، لەگەڵ ئەوەشدا بڕیاری ئەنجومەنی راوێژکاران، دەتوانرێت لای دەستەی باڵای دادگا لە ماوەی سێ رۆژدا تانەی لێبدرێت، بڕیاری دادگاکەش یەکلایی کەرەوەیە و هەمووان پێوەی پاپەندەبن.
شیکەرەوە سیاسییەکان قسەی جیاواز دەکەن
د.سەیف سەعدی شیکەرەوەی سیاسی بە رۆژنامەی شەرقلئەوسەتی وتووە، "دورخراوەکان دەکرێن بە دوو بەشەوە، یەکەمیان پەیوەندی بە پێشینەی ڕەوشتەوە هەیە، بەڵام دوەمیان %100 پاڵنەری سیاسییە، بە نمونە جاران لەگەڵماندا بووە، ئێستا لە دژمانە، بۆیە بووە بە مەترسیە گەورەکە و دەبێت دوربخرێتەوە".
د.سەیف سەعدی، دەشڵێت "ناکرێت تەمەنی سیاسی عێراقی نوێ 22 ساڵ بێت، بەڵام کار بە یاسای کارگوزەر بکرێت، کە تەمەنی رێژەیی پێنج ساڵە، ئەوەش دەرخەری ئەوەیە کە لە دادپەروەری راگوزەرەوە پەڕیونەتەوە بۆ دادپەروەری تۆڵەکردنەوە".
هەڵبژاردنی خولێکی نوێی پەرلەمانی عێراق لە 11/11/2025 بەڕێوەدەچێت و بەشداربووانی هەڵبژاردنەکە رکابەری لەسەر 329 کورسی پەرلەمانیی دەکەن.