سبەی
ڕۆژنامەنووسێکی نزیک لە ئاک پارتی دەسەڵاتداری تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکات بە هۆی تێکەڵنەبوونی لەگەڵ سوپای سوریا و ڕادەستنەکردنی بەنداوی تشرین و دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە، کێڵگە نەوتی و گازییەکان حکومەتی سوریا هێزی کۆ کردووەتەوە بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەر ناوچەکانی ژێر دەستی هەسەدە و جەخت لەوەش دەکاتەوە لەو کارەدا ئیدارەی سووریا بە تەنیا نابێت.
عەبدولقادر سێلڤی لە گۆشەی خۆی لە ڕۆژنامەی حورییەت ئەمڕۆ چوارشەممە 13ـی ئابی 2025 بە پشتبەستن بەو زانیارییانەی لە سەرچاوەی تایبەتەوە بە دەستی گەیشتوون ئاماژە بەوە دەدات حکومەتی نوێی سوریا ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە).
ئەو ڕۆژنامەنووسە تورکە بانگەشەی ئەوە دەکات بۆ ڕاگرتنی ئامادەکارییەکان بۆ هێرشەکە، هەسەدە شاندێکی بە سەرۆکایەتی ئیلهام ئەحمەد ڕەوانەی دیمەشق کردووە، بەڵام حکومەتی سوریا ئارامی لێ بڕاوە.
سێلڤی هۆکاری ئارامی لەبەربڕانی سوریا بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە وێڕای ڕێککەوتنەکەی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرکۆماری کاتیی سوریا لە 10ـی ئادار بۆ تێکەڵبوونی هەسەدە لەگەڵ سوپای نوێی سوریا تا کۆتایی ساڵ و ڕادەستکردنی بەنداوی تشرین و دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە، کێڵگە نەوتی و گازییەکان بەڵام هێشتا هەسەدە هیچ یەکێک لەو بەڵێنانەی نەبردووەتە سەر.
ئەو ڕۆژنامەنووس نزیک لە حکومەتی تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکات کە بە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل و فەڕەنسا، هەسەدە مەرجی نوێ لەسەر حکومەتی کاتیی سوریا دادەنێت. بەڵام ئەو ڕۆژنامەنووسە تورکە خۆی بواردووە لەوەی کە مەرجەکانی هەسەدە بۆ تێکەڵبوون لەگەڵ سوپای نوێی سووریا هەر لە سەرەتاوە بەم شێوەیە بوون و بەپێی ڕێککەوتنەکە دەبێت هەردوولا پابەندی هەشت خاڵەکە بن.
عەبدولقادر سێلڤی ئاماژە بەوە دەدات حکومەتی سوریا دەستی کردووە بە ئامادەکارییە سەربازییەکان بۆ ئەو ناوچانەی لە ژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدان.
بۆ ڕاگرتنی ئامادەکارییەکان، هەسەدە شاندێکی بە سەرۆکایەتی ئیلهام ئەحمەد ناردە دیمەشق، بەڵام هیچ گۆڕانکارییەک لە هەڵوێستی حکومەتی دیمەشقدا ڕووی نەداوە.
حکومەتی سوریا داوا دەکات هەسەدە چەک دابنێت و لەگەڵ سوپا یەکبگرێت و لە کێڵگە نەوتی و گازییەکان بکشێنەوە و دەروازە سنوورییەکان ڕادەست بکەن. هەروەها سوورە لەسەر ڕادەستکردنی بەنداوی تشرین.
پشت بە ئیسرائیل دەبەستێت
عەبدولقادر سێلڤی سەرنج دەخاتە سەر مەرجی بنەڕەتی تورکیا بۆ هەسەدە کە دانانی چەک و خۆهەڵوەشاندنەوەی تەواوی ئەو ڕێکخراوانەیە تورکیا وەک بەشێک لە پەکەکە لە قەڵەمیان دەدات.
ئەو ڕۆژنامەنووسە تورکە هەسەدە بەوە تۆمەتبار دەکات کە بە پشتیوانی ئیسرائیل هەوڵ دەدات یاری بە کات بکات و حکومەتی سوریا ناچار بکات دان بە خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستاندا بنێت و دەڵێت: "بەڵام قبوڵکردنی ئەمە مەحاڵە. چونکە تورکیا و ئیدارەی سوریا سوورن لەسەر ئەوەی ئەمە قبوڵ ناکەن".
باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئەنقەرە و نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا تۆم باراکیش ڕایگەیاندبوو کە سوریا دەوڵەتێکی یەکگرتوو دەبێت و بەڵێنێکی لەم جۆرەیان بە هەسەدە نەداوە.
سێلڤی، مەزڵوم عەبدی بەوە تۆمەتبار دەکات کە بە پشت بەستن بە ئیسرائیل، هەوڵ دەدات بە پێچەوانەوەی شەپۆلەکانی دەریا بڕوات و دەڵێت: "بەڵام با بزانین ئایا پشتیوانی ئیسرائیل دەتوانێت ڕزگاری بکات؟".
هەستیارییەکانی تورکیا
تورکیا، لەگەڵ ئیدارەی سوریا دەتوانێت ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوان دژی هەسەدە ئەنجام بدات. ئەم بژاردەیە هەمیشە لەسەر مێزە. بەڵام سیاسەتی تورکیا لەم بابەتەدا بەم شێوەیە دەکرێت پوخت بکرێتەوە:
نایەوێت زیان بگات بە بڕیاری دانانی چەک و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە.
بە گرنگییەوە لە هەڵوێستی ئەرێنی ئەمەریکا دەڕوانێت لەسەر دانانی چەک و تێکەڵبوونی هەسەدە لەگەڵ سوپای سوریا.
بەهۆی سووربوونی حکومەتی کاتی سوریا، هەوڵ دەدرێت پرۆسەکە بەبێ ئەوەی پێویستی بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی ببێت، بگاتە ئەنجام.
نەوت و گازی سروشتی
سێلڤی بە پێویستی دەزانێت بۆ پاراستنی یەکڕیزی ناوخۆیی و بەکارهێنانی سەرچاوەکانی ئەو وڵاتە حکومەتی سوریا ناوچەکانی ژێر دەستی هەسەدە کۆنتڕۆڵ بکات. ئاوەدانکردنەوەی سوریا پێویستی بە بەکارهێنانی ئەو سەرچاوانەیە.
کێڵگە نەوتی و گازییەکان گەورەترین سەرچاوەی داهاتی سوریان، ئێستا بە دەست هەسەدەوەن. حکومەتی سوریا دەیەوێت بە زووترین کات ئەم سەرچاوانە بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی.
بەنداوی تشرینیش کە ئاوی حەلەب دابین دەکات، گرنگی ستراتیژی هەیە. هەروەها ڕادەستکردنی فڕۆکەخانە، دەروازە سنوورییەکان و گومرگەکان بە حکومەتی سوریا، دەبنە سەلمێنەری ئەوەی حکومەتی نوێ سەروەری خۆی دەپارێزێت.
هێزی سەربازی
عەبدولقادر سێلڤی کە هەسەدە بەوە تۆمەتبار دەکات بەوەی گوایە ئەو بەرپرسە لە جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنە هەشت خاڵییەکەدا باس لەوە دەکات کات کوشتن لەلایەن هەسەدەوە لای ئیسرائیل و فەڕەنسا بە ئازایەتی و بوێری لەقەڵەم دراوە، بەڵام سووریا دەستی کردووە بە جموجۆڵ بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی.
سێلڤی باس لەوە دەکات سوپای نوێی سووریا دەستی کردووە بە کۆکردنەوەی هێز بۆ هێرش کردنە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی هەسەدە و بە خۆبواردن لەو هێزە گەورەی هەسەدە هەیەتی دەڵێت: "با کەس هێزی سوپای نوێی سوریا بە کەم نەزانێت. وەک ئەنجامی ئەو هێرشەی لە 27ـی تشرینی دووەمی 2024 لە حەلەب دەستیان پێکرد، لە ماوەی 15ڕۆژدا چوونە دیمەشق و ڕژێمی ئەسەدیان ڕووخاند. لە 8ـی کانوونی یەکەمدا، کۆنترۆڵی حکومەتی سوریایان گرتە دەست".
سێلڤی باس لەوە دەکات بێگومان، لە ئەگەری ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لەم جۆرەدا حکومەتی سوریا بە تەنها نابێت.
ئیسرائیل و ئێران لە نزیک یەکەوە
عەبدولقادر سێلڤی ئاماژە بە کۆنفرانسەکەی هەسەدە لە حەسەکە دەکات و دەڵێت: "حیکمەت هیجری، سەرکردەی دورزەکان لە سووریا و شێخ غەزال، سەرۆکی ئەنجومەنی عەلەوییەکانی سوریا بە شێوەی ئۆنلاین بەشدارییان لە کۆنفرانسەکەدا کرد".
ناوبراو بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئامانج لەو کۆنفرانسە بە ئامانجگرتنی یەکپارچەیی خاکی سوریا بووە و دەڵێت: "ئەمە بووە پێشهاتێکی سەرنجڕاکێش لە کاتێکدا حیکمەت هیجری پیاوی ئیسرائیلە و ئێران پشتیوانی لە شێخ غەزال دەکات لەو کۆنفرانسەدا بەشدار بوون، لەو لایشەوە ماوەی 12رۆژ ئەو دوو وڵاتە هێرشی سەربازییان بۆ سەر یەکتر ئەنجام دەدا".