بەرهەمهێنان لە کێڵگەیەکى دیکە دەستیپێکردەوە؛ نەوتى هەرێم لەکێبڕکێی سێ لایەنى ناکۆکدا

#هەرێم#بەغداد#نەوت
3 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، ئاستى بەرهەمهێنانى نەوت لە ئێستادا گەیشتووەتە نزیکەى 210 هەزار بەرمیل نەوت، کە 50 هەزار بەرمیلى بۆ بەکارهێنانى ناوخۆیی دەبێت و 160 هەزار بەرمیل دەمێنێتەوە، لەو بڕەش نزیکەى 40%ى پشکى کۆمپانیا نەوتییەکانە بەپێی گرێبەستەکانیان لەگەڵ هەرێم و خۆیان سەرپشکن لەوەى چۆن هەناردەى دەکەن.
Primary Asset

سبەى

بەرهەمهێنانى نەوت لە کێڵگەى نەوتى شێخان لەسنورى پارێزگاى دهۆک دەستیپێکردەوە، بەوەش ئاستى بەرهەمهێنانى نەوت بۆ زیاتر لە 200 هەزار بەرمیل بەرزبووەتەوە، لەکاتێکدا هەریەکە لە هەرێم و عێراق و کۆمپانیاکان هێشتا لە کێبڕکێی پچڕینى پشکى زیاتردان لەو بەرهەمە کە بەپێی رێککەوتنى هەرێم و بەغداد دەبێت بەشێکى رادەست بکرێت.

کۆمپانیاى گەڵف کیستۆن رۆژى 13ى ئاب لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، دواى راوێژکردن لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان و هەڵسەنگاندنى ئەمنى، کارکردنیان لە کێڵگەى شێخان دەستپێکردووەتەوە، ئەوەش دواى راگرتنى کارکردن لە کێڵگەکە کە رۆژى 16ى تەمموز دووجار بە درۆنى بۆمبڕێژکراو هێرشیکرایەسەر.

ئەوە سێیەم کێڵگەیە لەماوەى هەفتەیەکدا بەرهەمهێنانى نەوت تێیدا دەستپێبکاتەوە، دواى کێڵگەکانى ئەتروش و سەرسەنگ کە رۆژى 7ى ئاب کارکردن تێیاندا دەستیپێکردەوە.

دەستکردنەوە بە پڕۆسەى بەرهەمهێنانى نەوت لەو کێڵگانەى پێشتر بەهۆى هێرشە درۆنییەکان و مەترسی ئەمنییەوە بەرهەمهێنان تێیاندا راگیرابوو، بووەتە هۆى بەرزبوونەوەى ئاستى بەرهەمهێنانى نەوتى هەرێمى کوردستان، لەکاتێکدا هێشتا هیچ بڕێکى رادەستى بەغداد نەکردووە بەپێی رێککەوتنەکەى ئەمدواییەى نێوانیان.

بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، ئاستى بەرهەمهێنانى نەوت لە ئێستادا گەیشتووەتە نزیکەى 210 هەزار بەرمیل نەوت، کە 50 هەزار بەرمیلى بۆ بەکارهێنانى ناوخۆیی دەبێت و 160 هەزار بەرمیل دەمێنێتەوە، لەو بڕەش نزیکەى 40%ى پشکى کۆمپانیا نەوتییەکانە بەپێی گرێبەستەکانیان لەگەڵ هەرێم و خۆیان سەرپشکن لەوەى چۆن هەناردەى دەکەن.

بە لێدەرکردنى پشکى هەرێم و کۆمپانیاکان نزیکەى 96 هەزار بەرمیل نەوت دەمێنێتەوە، کە رادەستى بەغداد بکرێت، لەکاتێکدا بەپێی رێککەوتنى نێوانیان دەبێت رۆژانە 230 هەزار بەرمیل رادەست بکرێت.

بەپێی سەرچاوەکانى کەرتى وزە، هەرێمى کوردستان بەفەرمى ئەو پێشنیازەى گەیاندووەتە بەغداد، بەڵام بەغداد رەتیکردووەتەووە و داواى رادەستکردنى کۆى بەرهەمى نەوت دەکات لەدواى لێدەرکردنى بڕى بەکارهێنانى ناوخۆیی، بەو هۆیەشەوە هەرێمى کوردستان دەیەوێت لە ئێستادا کۆمپانیاکان رازى بکات، لەکاتێکدا کۆمپانیاکان چەندینجار جەخیتیانکردووەتەوە کە بەبێ رێککەوتنى نوسراو ئامادە نین هەناردەى نەوت دەستپێبکەنەوە. 

روانگەى ئیکۆى عێراقى تایبەت بە کاروبارى ئابورى رۆژى 9ى ئابى 2025 لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ئەو کێڵگە نەوتییانەى بەهۆى هێرشى درۆنییەوە بەرهەمهێنانیان راگرتبوو، دەستیان بەکارکردن کردووەتەوە و ئاستى بەرهەمهێنانى رۆژانە 200 هەزار بەرمیلى تیپەڕاندووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، دیارترین ئەو کێڵگانەى ئێستا نەوت بەرهەمدەهێنن بریتین لە، شێخان، تاوکێ، خورمەڵە، سەرسەنگ، فیشخابوور.

روانگەکە دەڵێت، هەرێمى کوردستان هیچ بڕە نەوتێکى رادەستى کۆمپانیاى سۆمۆ نەکردووە، بەهۆى سروشتى گرێبەستەکانى لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان و چارەسەرى ئەو پرسە پێویستى بە کۆبوونەوەى سێ قۆڵى یان پێدانى کرێی کۆمپانیاکان هەیە کە بەغداد رەتیدەکاتەوە، بەردەوامى ئەو کێشەیەش دەبێتە هۆى خەرجنەکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم لەلایەن بەغدادەوە.

رۆژى 6ى ئاب، حەیان عەبدولغەنى وەزیرى نەوتى عێراق لەچوارچێوەى سەردانەکەیدا بۆ کەرکوک رایگەیاند، رۆژانى 6 یان 7ى ئاب دەستدەکەن بەوەرگرتنى نەوتى هەرێمى کوردستان بەبڕى 80 هەزار بەرمیلى رۆژانە بەمەبەستى هەناردەکردنى، لەکۆى 130 هەزار بەرمیل کە 50 هەزار بەرمیلى بۆ بەکارهێنانى ناوخۆیی دەبێت.

سەرەڕاى تێپەڕبوونى هەفتەیەک بەسەر ئەو لێدوانە، تا ئێستا هەناردەى نەوتى هەرێم دەستیپێنەکردووەتەوە.

رۆژى 30ـی تەممووز حکومەتى هەرێمى کوردستان لەدوایین کۆبوونەوەیدا رایگەیاند، ئەو بڕە نەوتەی ئێستا ئامادەیە بۆ هەناردەكردن، رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت بەمەبەستی هەناردەکردنی لە ڕێگای بەندەری جەیهانەوە، لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی حوزەیرانیش، رەوانەی وەزارەتی دارایی فيدراڵ کراوە و لە بەرامبەردا، دەبێت بەغداد مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی